زیلان ڤەژین: ئەو بۆنیادەی رژێمی ئێران دایمەزراندوە بێ ناوەڕۆكە

زیلان ڤەژین هاوسەرۆكی پەژاك لەسەر سەرلەنوێ هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لەكوردستان رایگەیاندوە؛ شەڕی هەنووكە پێكدادانی نێوان دوو مۆدیرنیتەی سەرمایەداری و مۆدیرنیتەی دیموكراتیكە.

هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"زیلان ڤەژین"، بەشداری بەرنامەیەكی تایبەت بەتەلەفزیۆنی ئاریان تیڤی كرد و پێكدادانی هەنووكەیی لەكوردستانی وەكو شەڕی نێوان دوو مۆدیرنیتەی دیموكراتیك و سەرمایەداری بەناو كردوە. زیلان شەهیدانی ئەم شەڕانەشی وەبیرهێنایەوە و راشیگەیاند؛ ئەو حیزبانەی لەكوردستان نابنە ئامانجی هێرشەكانی هیچ مەترسیەكیان بۆ سەر دەوڵەتە داگیركەرەكان نییە.

زیلان ڤەژین لەوڵامی پرسیاری چارەسەری كوردان لەم پێكدادانە نێودەوڵەتیەی هەنووكەییدا چۆن دەبینێت رایگەیاندوە؛ لەئێستادا گەلی كورد و گەریلاكانی كوردستان سەرقاڵی تێكۆشان و بەرخۆدانن بۆ ئازادی و بەرقەراری ئاشتی. لەم شەڕەدا گیانیان بەخت دەكەن. بەتایبەتی گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەموو بەرەكانی شەڕدا ئامادەن. لەسەر ناوی فەرماندە مزگین رووناهی و سمكۆ بانە كە لەم شەڕی مان و نەمانەدا شەهید بوو، هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریخوازی گەلەكەمان بەبیردێنمەوە. سەرەخۆشی لەبنەماڵە و كەس و كاریان دەكەم و رایدەگەیەنم كە رێگەی ئەوان، رێگەی ئێمەشە و تا سەركەوتن ئاڵاكەیان هەرشەكاوە دەبێت.

ئەو راشیگەیاند كە پێكدادانی هەنووكەیی لەسەر ئەم بەرەو ئەو بەرەی رووداوەكان كاریگەری دادەنێت و رایگەیاندوە؛ ناوەندی پێكدادانەكانی هێزە جیهانیەكان و هەرێمیەكان، جۆگرافیای كوردستانە كە بەرخۆدانێكی گەورە و جددی لەخۆیانەوە نیشان دەدەن.

هاوسەرۆكی پەژاك راشیدەگەیەنێت؛ لەكاتێكدا هەموو جیهان، لەبەرامبەر بەو شەڕەی لەكوردستان بەرێوە دەچێت، بێدەنگیان هەڵبژاردوە، كۆمەڵگەیەك كە لەدوی مافی مرۆڤ و ئازادی و ئاشتیە لەتێكۆشانەكانی خۆی خاوەنداری دەكات. ئەم شەڕە، شەڕی نێوان كۆمەڵگە و سەردەستانە. شەڕی نێوان دوو مۆدیرنیتەیە. لەنێوان هێزەكانی كۆمەڵگە و هێزە دەوڵەتیەكانە. هەروەكو رێبەر ئاپۆش رایگەیاندبوو؛ ئامانجی ئەم شەڕە داڕشتنەوەیەكی نوێ سیاسییە لەدنیا و رۆژهەڵاتی ناوینە. هەرجارە بەشێوەیەكی فۆرمالیتە شوێنێك داگیردەكەن. نزیكەی سێ ساڵە هەموو كۆمەڵگایان لەسەرناوی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەخۆیانەوە سەرقاڵ كرد و ئێستاكەش كە ئەوە بابەتە لەرۆژەڤدا نەما، شەڕیان بەرفراوان كردەوە و باس لەنەخۆشیگەلێكی تر دەكەن. ئەمانە نەخۆشی و شەڕخوازی مۆدیرنیتەی سەرمایەدارین.

زیلان ڤەژین بەئاماژەدان بەشەڕی نێوان مۆدیرنیتەكان وتیشی كە شەڕەكە تەنیا، شەڕێكی سەربازی نییە و ئاماژەی بەلایەنەكانی تری شەڕەكە كرد و راگەیاند؛ زۆرترین هێرشەكان لەبەرامبەر بەو هێزانەوە پێكدێت كە ئەو هێزانە لەبەرژەوەندی گەلان تێكۆشان دەكەن. لەهەموو كوردستاندا بزوتنەوەی ئاپۆیی بووەتە ئامانجی هێرشەكان، بەڵام بۆچی هیچ هێرشێك ناكرێتە سەر پەدەكە و پەدەكەسەی ـ سوریا؟چۆنكە ئەوانە هیچ مەترسیەكیان بۆ سەر دەوڵەت و سیستەمەكان نییە و بگرە ئەوانە خۆ لەخۆدان بەشێكن لەو سیستەم و دەسەڵاتانە.

زەیلان ڤەژین لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ تیڤی ئاریان تیڤی تێشكی خستە سەر ناڕەزایەتیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و بەتایبەتی خەڵكی ئابادان و وتی؛ ئێمە پشتیوانی لەناڕەزایەتیەكانی خەڵكی ئابادان دەكەین و ئەو قۆربانیانەی لەهەڵوەشینی باڵەخانەكەی مترۆپۆل لەئابادان روویدا، بەهۆی ئەو گەندەلیە دەوڵەتیەیە و رایەدارانە كە پێكهاتووە. زیلان وتیشی؛ ئەگەر هێزە ئەمنیەكانی دەوڵەت هێرش بكەنە سەر گەل، ئەوا پاراستنی رەوا مافی گەلە.

زیلان راشیگەیاند؛ رایەداران و بەرپرسانی ئەو كارەساتە دڵتەزێنانە لەئێران سزا نادرێن و دادگاییش ناكرێن. زۆرێك لەو خەڵكە ناڕازیە لەناڕەزایەتیەكاندا لەهەرێمە جیاوازەكانی ئێراندا شەهید بوون، ئێمە ئەوانە، شەهیدی رێگای ئازادی و شەهیدی بەرابەریخوازی و یەكێتی گەلانی ئێران دەبینین.

هاوسەرۆكی پەژاك پشتیوانی پەژاكی لەناڕەزایەتیە جەماوەریەكانی گەلان لەئێراندا دەربڕی و رایگەیاند؛ خەڵك لەسەر شەقامەكان داوای مافە رەواكانی خۆیان دەكەن. ئەمەش هەڵسوكەوتێكی دیموكراتیكە. گرنگە لەهەموو شێوەی پاراستنە. ئێمە نامانەوێت ئەو ناڕەزایەتیانەی یاسایی و دیموكراتیكن بەرەو توندوتیژی و پێكدادان مل بنێن. گەنجان و ژنان دەبێت لەبەرامبەر بەهەڵسوكەوتی هاندان و فۆتێكردن بەرەو توندوتیژی هۆشیار بن، بەڵام كاتێك حكومەت و هێزە ئەمنیەكان هێرشی گەل بكەن، هەموو كەس ئەو مافەی هەیە پاراستنی خۆی بكات، ئەمەش مافێكی رەوای گەلە.

زیلان ڤەژین؛ دیكتاتۆری هەنووكەیی لەئێرانی لەدژی داخوازیەكانی گەلان بەناوكرد كە لەساڵی 1357ی هەتاویەوە لەدژی سیستەمی شاهەنشاهی راپەرێوە و شۆڕشی كردوە.

زەیلان ڤەژین هاوسەرۆكی پەژاك بۆ چارەسەری پرسەكانی ئێرانیش دەڵێت:"ئێمە رێگە چارەی كێشەكانی ئێران لەپرۆژەی بۆنیادنانی نەتەوەی دیموكراتیك دەبینین. بانگەشەی ئەوەش ناكەین كە هەموو پێویستیەكانی ئەم پرۆژەش لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستەبەرە. وەكو رۆژئاوای كوردستان كە هەموو ئەجینداكان ئیمكانی رێكخستنبوونیان هەیە لەرۆژهەڵاتی كوردستانیش رەنگە ئیمكانی وەهاشمان نەبێت. یا وەكو باكوری كوردستان كە سیاسەتی دیموكراتیك لەچوارچێوەی دەیان نوێنەر چوونەتە نێوپەرلەمانی توركیاوە.

زەیلان ڤەژین ئەو پرۆژەی پەژاك و كۆدار و كەژار بۆ كۆنفدرالیسمی دیموكراتیك رایانگەیاندوە، پەیوەست بەرێكخستن بوونی كۆمەڵگە و بەرنامەیەكی درێژخایەن بەناو كرد و رایگەیاند؛ ئەگەر بۆ نموونە پرسی گەلانی عەرەب و بەلووچ چارەسەر نەكرێت، ئێمە لەو قەناعەت و باوەڕیەداین كە پرسی گەلی كوردیش بەشێوەیەكی ئەساسی چارەسەر ناكرێت. ئەم پرسانە بەیەكەوە پەیوەستن. ئەگەر بەرێكخستن بوونی نێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەشێوەیەكی درۆست پێكبێت، لەكاتی ناڕەزایەتیە گشتیەكانی كرێكاران، مامۆستایان، بازاڕیان و كارمەندان و ... هتد، ئەم رژێمە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لەماوەی حەفتەیەكدا هەڵدەوەشێت.

ف.ق