پژاک: پەکەکە مژدەی ژیانەوەی مێژووی تێکۆشانی پڕ لە جۆش و خڕۆشە

پژاک بە ڕاگەیاندرارێک، یادی ٤٤ ساڵەی دامەزراندنی پەکەکەی کردەوە و ڕایگەیاند؛ "ئەمڕۆ پەکەکە بووەتە پێشەنگی تێکۆشان بۆ ئازادی گەلانی ستەملێکراو و زیاتر لە جاران ڕێگەی بۆ تێکۆشانی گەلانی چەوساوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردۆتەوە".

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە ڕاگەیەندراوێک یادی ٤٤ ساڵەی دامەزراندنی پەکەکەی بەرز ڕاگرت و داوای لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران کرد کە ساڵی تێکۆشانی پێشمان بکەینە ساڵی ئازادی بۆ هەموو گەلان دژی فاشیزم.

ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەی پژاک بەم شێوەیەیە؛

"٤٤ ساڵ بەسەر تێکۆشانی فیداکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ تێپەڕی و ئەمساڵ بە چەندین سەرکەوتنی دیکە دەچێتە ٤٥ ساڵەی خۆیەوە. ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە ئاهەنگێکە بۆ سەرکەوتنەکانی گەلی کورد و ساڵانە لە ڕێگەی چالاکیی گەریلا دەستکەوتی زۆریان بۆ گەلەکەمان بەدەست هێناوە. لە سایەی هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدانی ڕێگای ئازادی، ئەم تێکۆشانە، گەلی کوردیان لە ئازادی نزیک کردووتەوە.

لە سایەی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ، گەلی کورد توانی سیاسەتی قڕکردنی دوژمن پووچەڵ بکاتەوە و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە لە ڕێگای ئازادی و دیموکراسیدا تێکۆشان بکات. گەلی کورد کە لە رووبەرووی گەورەترین قڕکردنی دوژمن بووەتەوە، ئەمڕۆ بووەتە پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی گەلانی چەوساوە و زیاتر لە جاران ڕێگەی بۆ تێکۆشانی گەلانی چەوساوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردۆتەوە. تێکۆشانی پەکەکە سەلماندی کە گەلانی ناوچەکە شایستەی سیاسەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکن بەرامبەر بە مۆدێرنیتەی کاپیتالیست و دەتوانن لە ڕێگای سەختی ئازادیدا بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی بەرەو ئامانجەکەیان هەنگاو بنێن.

لەدایکبوونی پەکەکە بە تاکە مۆدێلی تێکۆشان لە ناوچەکەدا، لە بنەڕەتدا سەرەتای ژیانەوەی گەلی کورد و گەیشتن بە لوتکەی خۆبەختکردنە. ئەمڕۆ بەهاری گەلان، لە سایەی هەبوونی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە، ممژدەی ژیانەوەی مێژووی تێکۆشانی پڕ لە جۆش و خڕۆشە کە پێشکەوتنەکانی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا دەبینرێت.

تێکۆشان بۆ ئازادیی ژنان، ئەوەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە لەلایەن هێزەکان و سیستمە دواکەوتووەکانی ناوچەکەوە کەوتۆتە ژێر زەلیلترین دۆخەوە، بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ و قوربانیدانی هەزاران ژنی تێکۆشەر بە هێزێکی زۆرەوە دامەزراوە. هەزاران ژنی شەهید لەسەر ڕێگای سەختی ئازادی، بزووتنەوەی 'ژن، ژیان، ئازادی'یان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بنیات ناوە و بە هەموو وڵاتەکاندادا بڵاوبووەتەوە و بەتایبەتی لە ئێران بووەتە مایەی ئومێد و هیوا بۆ ئازادی . ئەمڕۆ ژنان بوونەتە هێزی سەرەکی لە تێکۆشانی دژی قڕکردن و فاشیزمی دوژمن و رێگەی بۆ سەرهەڵدانی شارستانییەتی دیموکراسی خۆش کردووه .

لەم قۆناغەدا، هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو بوارەکاندا سوود لە ئەنجامی هەنگاوەکانی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ وەردەگرن و هەمووان شاهیدی دەستکەوتە ئەرێنی و کاریگەرەکانن لەسەر بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ناوچەکە. ئەو گەل و کۆمەڵگایانەی کە لە لایەن سیستەمی سەرمایەداریەوە لە ئاستی شكستدابوون، ئەمڕۆ لە سایەی تێکۆشانی گەریلادا، هیوای ژیانەوەی رێگای ئازادی و دیموکراتیزەکردنیان هەیە. هەر لە شکستی داعشەوە تا تێکۆشانی دژ بە فاشیزمی تورک، قوربانیدانی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، بۆتە نموونەیەکی مانادار بۆ شێوازی تێکۆشان. لەم قۆناغەدا، کاروانی ئەم تێکۆشانە لە ئێرانیشدا کاریگەری خۆی نیشانداوە و ژنانی بە غیرەت و تێکۆشەر پێشەنگایەتی ئەم کاروانە دەکەن.

لە ئیمرالیەوە تا هەر چوار گۆشەی کوردستان، گەلەکەمان هێزی خۆی لە تێکۆشانی ناوازەی ڕێبەر ئاپۆ لە دژی فاشیزم و چەوساندنەوەی دوژمن وەردەگرێت. جگە لەوەش، دۆستانی ئینتەرناسیۆنالیستی گەلی کورد لە هەموو جیهانەوە، لە ڕۆشنبیرانەوە تا ئەکادیمی و ژنانی ئازادیخواز، پشتیوانی ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد دەکەن و پێداگری لەسەر ڕەوایەتی تێکۆشانی گەلەکەمان دەکەن.

ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، پیرۆزبایی ٤٤ ساڵەی دامەزراندنی پەکەکە لە ڕێبەر ئاپۆ و کەسوکاری شەهیدان و گەلانی فیداکارمان و هەموو ئازادیخوازان دەکەین. داوا لە هەموو گەنجان، ژنان، ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن، ساڵی تێکۆشانی داهاتوو بگۆڕن بۆ ساڵی ئازادی هەموو گەلان دژی فاشیزم. ئازادی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە واتای ئازادی هەموو گەلانی چەوساوە دێت. لە سایەی تێکۆشانی بێوێنەی گەلی نیشتمانپەروەرمان، ڕێگای بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی کرایەوە و لە ئازادی نزیک بووینەوە."

ف.ق