خەڵکی وڵاتپارێزی کەرکوک: "بە یەکریزی، پیلانگێڕی و هێرشی داگیرکەران تێکدەشکێنین"
هاووڵاتیان و کەسایەتییە وڵاتپارێزەکانی شاری کەرکوک لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا ئیدانەی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی داگیرکەرانیان کرد بۆسەر گەلی کورد.
هاووڵاتیان و کەسایەتییە وڵاتپارێزەکانی شاری کەرکوک لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا ئیدانەی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی داگیرکەرانیان کرد بۆسەر گەلی کورد.
ئێوارەی ئەمرۆ لە گەڕەکی ڕەحیم-ئاوای شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ژماریەک لە چالاکوان، کەسایەتی و هاووڵاتیانی ووڵاتپارێزی شارەکە گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ شەرمەزار کردنی هێرشەکانی ووڵاتانی داگیرکەر بۆسەر هەر چوارپارچەی کوردستان و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان، هەروەها وڵاتپارێزانی شاری کەرکوک هەڵوێست و بێ دەنگی ناوەندە جیهانیەکان و لەسەرییشانەوە ئەمریکا و روسیایان ئیدانە و شەرمەزار کرد کە ئەمریکا و روسیا لەپێناو بەرژوەندییەکانیان لەبەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بی دەنگن و پشتیوانی لە هێرشە نامرۆڤایەتیەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن.
عومەر حاجی حسێن کەسایەتی وڵاتپارێز و سیاستەمەدار و پێشمەرگەی دێرین، لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیەکەدا بەناوی ئامادەبووانی گردبوونەوەکە قسەی کرد و ووتی: "ئێمە ئەمرۆ وەکو هاووڵاتیانی شاری کەرکوک ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین دژی ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیانەی دژی گەلەکەمان لەهەر چوارپارچەی کوردستان ئەنجامدەدرێت و بەتایبەتی ئەو کۆمەڵکوژیەی دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدات دژ بە گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان، کە بەدڵنیایەوە ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە پشتیوانی ووڵاتانی زلهێز ئەنجام دەدرێت، ئەمرۆ ئێمە وەکو هاووڵتیانی وڵاتپارێز و کەسایەتی و رۆشنبیرانی شاری کەرکوک بەگرنگمان زانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەین دژی هێرش و کۆمەڵکوژی سەر گەلی کورد".
هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی زلهێز و نەتەوەیەکگرتووەکان ناوەندە جیهانییەکان، عومەر حاجی حوسێن ووتی: "لێرەوە ئێمە شەرمەزاری هەڵوێست و بێ دەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەمریکا و زلهێزەکان دەکەین کە ئەمرۆ نادادپەروەریەک دژی گەلی کورد ئەنجام دەدەن کە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان ڕیگەیان داوە بە داگیرکەری تورک کە گەلی کورد کۆمەڵکوژ بکات، وڵاتانی وەکو ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەترسن لەوەی کە زهنیەتی عەقڵیەتی دەسەڵاتداری لەچوارچیوەی سیستەمی سەرمایەداری گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بۆیە بێ هەڵوێستی زلهێزان و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان شەرمەزار دەکەین".
سەبارەت بە بەرپەرچدانەوەی پیلانگێری و هێرشەکانی داگیرکەران، ناوبراو ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو وڵاتپارێزان داوا لە تەواوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەلی کوردی ستەملێکراو دەکەین کە یەکگرتووی خۆیان بپارێزن تا جارێکی دیکە چۆن کورد بەیەکگرتووی ڕێکخراوی تیرۆرستانی داعشی تێکشاند جارێکی دیکە بەهەمان شێوە پیلانگێری سەر گەلەکەمان تێکبشکێنن، تەنها بەیەکریزی گەلەکەمان دەتوانین داگیرکەران بەچۆکدادابدەین و جارێکی دیکە بیرۆکەی ئازادی گەلان بگەینینە سەرکەوتن".
لە کۆتایدا عومەر حاجی حوسێن ووتی: "زلهێزان لەئیستادا پشتگیری هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا دەکەن لە رۆژئاوای کوردستان تا جارێکی دیکە ئەو مۆدیلەی کە ئاشتی، برایەتی، دیموکراتی و ئازادی گەلان پێش دەکات لەناوبەرن، ئێمەش وەکو خەڵکی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان ئەو ڕووناکیەی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە وەکو ڕێگەچارەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی گەلان دەیبینین، بۆیە جارێکی دیکە هەڵوێست و بێ دەنگی وولاتانی زلهێز و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان شەرمەزار دەکەین و سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی تەواوی کوردستان دادەنوێنین".
هـ . ب