سترێک تیڤی و میدیا خەبەر: هێرشەکە نایاسایی و پیلانگێڕیییە، ناتوانین بێدەنگ بین! - نوێ کرایەوە-

ستافی تەلەفزیۆنی ستێرک و مێدیا خەبەر هێرشەکەی پۆلیسی بەلژیکایان بە نایاسایی و پیلانگێڕی ناوبرد، شەرمەزاریان کرد و ڕایانگەیاند: "بەدڵنیاییەوە ئەم هێرشە لە ئەنجامی پەیوەندییە گڵاوەکانی ڕژێمی فاشیستی ئەردۆغان ئەنجامدراوە."

هێرش بۆسەر کەناڵەکانی ستێرک و مێدیا خەبەر

شەوی دووشەممە ستۆدیۆکانی تەلەفزیۆنی ستێرک و تەلەفزیۆنی مێدیا خەبەر لە شاری دەندەرلیو، بوونە ئامانجی ‌هێرشەکانی پۆلیس. هێرشەکە بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک ئەنجامدرا و بەدرێژایی شەو ڕێگە بە خەباتکارانی تەلەفزیۆنەکان نەدراوە بڕۆنە ناوەندی ستۆدیۆ.

کەناڵی تەلەفزیۆنی ستێرک تیڤی و مێدیا خەبەر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند: "دەرگاکانیان شکاندووە و بە شێوەی چەتە چوونەتە ژوورەوە، کۆمپیوتەر، ئامێر و کەرەستەکانی پەخشیان هەڵوەشاندووتەوە."

هەروەک چەتەی دەریایی چوونەتە ژوورەوە

لە بەردەم بینای هەر دوو کەناڵە تەلەفزیۆنییەکەدا ڕاگەیاندن ئەنجامدرا. بەناوی ستێرک تیڤی ڕەمەزان ئۆلچەن و بەناوی مێدیا خەبەرەوە، هەڤاڵ ئاسلان لێدوانەکانیان خوێندەوە. لێدوانەکە بەم شێوەی خوارەوەیە:

"رۆژی ٢٣ی نیسان، سەعات نزیکەی ١:٣٠ شەو، پۆلیسی بەلژیکا هەڵیکوتایە سەر کەناڵەکانی ستێرک تیڤی و مێدیا خەبەر لە شاری دەندەرلیو لە بەلژیکا. هەڵمەتەکە لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی بەلژیکا بە بێ هیچ زانیارییەک ئەنجامدراوە، بۆ پارێزەران و بەرپرسانی کۆمپانیاکەمان لە درەنگانی شەودا کە کەس لە بیناکەدا نەبوو، دەرگای ئۆفیسەکانمان شکێندراوە. ئەم کردەوەیە نایاسایییە، ئەمە نە پشکنینە لە میدیای کوردیدا، بێگومان مانادارە و بە زانا بوون ئەنجامدراوە.

هێرشێکە بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەوانی گەلی کورد

پۆلیسی بەلژیکا لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٠دا بە هەمان شێوە هەڵیکوتایە سەر هەمان ستۆدیۆکان و دەستیان بەسەر سەرجەم کۆمپیوتەر، هارد دیسکەکاندا گرت. لێکۆڵینەوە کرا و ڕێکاری یاسایی ئەنجامدرا، سەرکەوتوو نەبوو و هیچ تۆمەتێک بەسەر کۆمپانیاکانی ئێمەدا ساق نەکرایەوە. جگە لەوەش کۆمپانیاکان بەپێی یاساکانى بەلژیکا کاردەکەن و وەک کەرتی بازرگانی تا ئێستا ڕووبەڕووى هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی نەبوونەتەوە.

سەرەتا دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە؛ ئەم هێرشە لە دژی مێدیای ئازادی کورد و ئازادی زانیاری گەیاندنی گەلی کورد کراوە. دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی تا ئێستا سەدان هێرشیان لەدژی مێدیای کوردان ئەنجامداوە، بەڵام لە ئەنجامەکانیان سەرکەوتوو نەبوونە. چونکە ئێمە، واتە خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد، لە هەموو هەلومەرجێکدا و سەرەڕای هەموو جۆرە فشارێک، درێژەمان بە تێکۆشانمان داوە و بەردەوامیش دەبین. با هەمووان بزانن کە ئەم جۆرە هەڵکوتانە بە شێوەی چەتەی دەریایی، ڕێگری و بەربەست دانانە، ناتوانن ڕێگەمان لێ بگرن.

ئەمە دەرئەنجامی پەیوەندییە گڵاوەکانە لەگەڵ ڕژێمی ئەردۆغانی فاشیست

دەوڵەتی تورک ساڵانێک ئەمەی تاقیکردووتەوە، دەیان هاوکارمانی کوشتوە، بەڵام هێشتا نەیتوانی ڕۆژنامەوانی ئازاد ڕابگرێت. گومانمان لەوەدا نییە کە ئەم هێرشە لە ئەنجامی پەیوەندییە گڵاوەکانە لەگەڵ ڕژێمی فاشیستی ئەردۆغان. لێرەدا ئەم بانگەوازییە ئاراستەی حکومەتی بەلژیکا دەکەین؛ لەئەنجامی چ جۆرە مامەڵەیەکی گڵاوەوە لەگەڵ ڕژێمی فاشیستی ئەردۆغان هێرش دەکەنە سەر مێدیای کوردان؟ پێویستە ئەمە بۆ کورد و ڕای گشتی لە بەلژیکا و جیهان ڕوون بکەنەوە. ئەگەر مامەڵەی گڵاوتان لەگەڵ ڕژێمی ئەردۆغان نەکردووە، کەواتە بۆچی بەشێوەیەکی چەتەیانە هێرش دەکەنە سەر ستۆدیۆکانمان؟ هەروەها ئەم بانگەوازییە بۆ مێدیای بەلژیکا، ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان دەکەین؛ ئێمە لێرە کاری ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەوانی دەکەین. کارەکانمان ڕوون و کراوەیە، دەرگای ستۆدیۆکەمان کراوەیە بەڕووی هەموواندا. پۆلیس هەرکاتێک بیەوێت دەتوانن بێنە ستۆدیۆ و ئۆفیسەکانمان و لێرە چاودێری کارەکانمان بکەن. لێرەدا هیچ شتێکی شاراوە بوونی نییە.

بەبێ ئاگادار کردنەوەی پارێزەر و بەرپرسانی ئێمە هەڵیانکوتاوەتە سەرمان: ئەمە پیلانگێڕییە

هەروەها دەمانەوێ بڵێین کە ئێمە هێرشی پۆلیس بەبێ ئاگادار کردنەوەی پارێزەر و بەرپرسانی کۆمپانیاکەمان بە پیلان دەزانین. بە وتەی ئێمە گەڕانی پۆلیس بەبێ ڕاگرتنی یاسایی تاوانە و پێشێلکردنی یاسایە.

ئێمە وەک خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد دەزانین کە ئەم جۆرە هێرشانە بە هیچ هەلومەرجێکی یاسایی ڕوون ناکرێنەوە. بەڵام ئێمە هەموو مافە یاساییەکانمان بەکار دەهێنین. پارێزەرەکانمان بە زووترین کات دەست بەکاردەکەن و دژی ئەم هێرشە چەتەیانەی دەریایی دەوستینەوە.

ئێمە لێرەین، ناتوانن بێدەنگمان بکەن

هەروەها ئێمەی مێدیاکارانی کورد بەردەوام دەنگی گەلەکەمانین. هیچ ‌هێزێک ناتوانێت دەنگمان ڕابگرێت. ئێمە ئەم پەیامە بە گەلەکەمان، دۆستانمان و لایەنی فاشیستەکە هەوڵی بێدەنگیمان دەدەن دەڵێین؛ 'ئێمە لێرەین' ئێمە خۆمان لە ئاگادارکردنەوەی گەلەکەمان و بڵاوکردنەوەی زمان و کولتوورەکەمان بە بەرپرسیار دەزانین.

ئەم ئەرکە بۆ ئێمە پیرۆزە و لە ژیانمان بەنرخترە. تەنانەت لە بەرامبەر هەموو گوشارەکاندا قەڵەمەکانمان دەنووسێت و کامێراکانمان ڕاستییەکان بۆ گەلەکەمان دەگوازێتەوە. ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش کارە گڵاوەکانی دەوڵەتی تورکیان، وەک سووتاندنی گوند و دارستانەکان و کوشتنی منداڵ و ژنان بۆ ڕای گشتی گواستەوە. هەروەها ئەوانەی دڕندایەتی داعشیان به جیهاندا بڵاو کردەوە و لەو پێناوەدا گیانیان له دەستدا، بۆ ناساندنی ئەم ئەم دڕندانه بوو. هەموو دونیا ئەمە دەزانێت. ئێمە هەمیشە لایەنی ڕاستی و حەقێقەت بەرنادەین و بەردەوام دەبین."