کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە و فورات (دەفەگە) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی ژن (مەکەگە) و کۆنفیدراسیۆنی سەندیکا کرێکارییە شۆڕشگێڕەکان (دیسک) و سەندیکای خەباتکارانی چاپەمەنی و چاپخانەی تورکیا (باسن-ئیش) لەبەردەم بینای دەفەگە لە ئامەد پەیوەست بە ٣ ی ئایار ڕۆژی ئازادی چاپەمەنی ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، پەرلەمانتار و نوێنەری ڕێکخراو و دامەزراوەکان ئامادەبوون.
هاوسەرۆکی دەفەگە سەلمان چیچەک ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، ئاماژەی بەوە کرد لەگەڵ ڕۆژی ئازادی چاپەمەنیدا هێرش و دەستبەسەرکردن و هەڵکوتانەسەر ماڵان و سانسۆری ڕۆژنامەوانان تادێت زیاتر دەبێت، ئامانج لە فشاری سەر ڕۆژنامەوانان بێدەنگکردنی ڕۆژنامەوانان و شاردنەوەی ڕاستییەکانە.
تیشکی خستەسەر دەستبەسەرکردن و هەڵکوتانەسەر ماڵی ڕۆژنامەوانی کورد لە ئیستەنبوڵ بەو پاساوەی هەواڵیان دەربارەی پرسی کورد و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئامادە کردووە، بەمەش دەخوازرێت گواستنەوەی ڕاستی و پرسە جڤاکییەکان بە تاوان بناسێنرێت، لەکاتێکدا دروستکردنی هەواڵ هەرگیز بە تاوان لەقەڵەم نادرێت.
هاوکات تیشکخرایەسەر هێرشی پۆلیسی بەلژیکا بۆ سەر بینای مەدیا خەبەر و ستێرک تیڤی، جەختکرایەوە ئەم هێرشانە تا ئێستە ڕۆژنامەوانانی کورد و چاپەمەنی ئازادی بێدەنگ نەکردووە و هەرگیزیش ناتوانن بێدەنگیان بکەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێن: "لە ٣ ی ئایار ڕۆژی جیهانیی ئازادی چاپەمەنی داوا دەکەین هەموو هاوپیشەکانمان و بەتایبەت ٣ هەڤاڵە هاوپیشەکەمان ئازاد بکرێن. ڕۆژنامەگەری تاوان نییە. لە بنەڕەتدا دادگاییکردنی ڕۆژنامەوانان تاوانێکی مەزنە! هەتا چاپەمەنی ئازاد نەبێت، ناکرێت باس لە جڤاکی ئازاد بکرێت".
نوێنەری دیسکی ئامەد حەقی بۆڵتان ڕایگەیاند یەکێک لە هۆکارەکانی قەیرانی ئابووری و سیاسی گرتنی ڕۆژنامەوانانە، تا ڕۆژنامەوانان ئازاد نەبن، قەیرانەکان چارەسەر نابن، بۆیە داوای ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکەین.
نوێنەری تەگەسە مەحمود ئۆرال ڕایگەیاند پاش هەڵبژاردن حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە شکستی قبووڵ نەکرد و دەستی دایە سیاسەتی چەوساندنەوە، بەڵام ئێمە پاشەکشە ناکەین، گوتی: "بۆ ڕێگری لە تەشەنەکردنی تاریکی تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت. سڵاو لەو ڕۆژنامەوانانەی لە زیندانەکان بەرخۆدان دەکەن".
پەرلەمانتاری دەم پارتی سەڤیلای چەلەنک ڕایگەیاند چاپەمەنی کوردی خاوەنی مێژووییەکی ١٢٦ ساڵییە و لەم سەدەیەدا گرتن و فشاری سەر چاپەمەنی کوردی بەردەوام بووە. تەنها لە نەوەدەکاندا، ٤٠ خەباتکاری ڕۆژنامەوانی کوژراون، بەڵام تێکۆشان لە دژوارترین هەلومەرجدا بەردەوام بووە.
پەرلەمانتاری ئەمەپە، سەڤدا کاراجا ڕایگەیاند ئازادی چاپەمەنی تەنها پەیوەست نییە بە ڕۆژنامەوانانەوە، تا یەک ڕۆژنامەوان لە زیندان بمێنێتەوە تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت.
ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "چاپەمەنی ئازاد بێدەنگ ناکرێت" کۆتایی هات.