ئەمینە شەنیاشار کە هاوژین و ٢ کوڕەکەی لەلایەن ئاکەپەییەکانەوە کوژران، لەگەڵ پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیشار ٩٢ ڕۆژە لەبەردەم وەزارەتی داد ئێشکگری دادپەروەری ئەنجام دەدەن.
پەرلەمانتاری دەم پارتی سینان چیفتورک و ئەندامانی پلاتفۆرمی ژنانی ئەنقەرە سەردانی بنەماڵەی شەنیاشاریان کرد.
چیفتورک تیشکی خستەسەر ئەو ستەمەی لە بنەماڵەکە کراوە و بەرخۆدانی نەپساوەی بنەماڵەکە لەپێناو دادپەروەری، ڕایگەیاند ٦ ساڵە هەموو شتێک دەربارەی بکوژانی کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرایە و کەچی بکوژان ئازادانە دەسووڕێنەوە، گوتی: "بەم بۆنەیەوە بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین، بنەماڵەی شەنیاشار بە تەنها جێ نەهێڵن. ئەوان نەوەک تەنها بۆ خۆیان، بەڵکو بۆ هەموو گەلی کورد و گەلانی تورکیا بەرخۆدان دەکەن. وەرن ببینە هاوبەشی ئەم بەرخۆدانە".
ئەمینە شەنیاشار داوای ئازادکردنی کوڕەکەی دووپاتکردەوە.
لە پلاتفۆرمی ژنانی ئەنقەرە نەیلان سۆڵماز ساچیلیک پشتگیری بۆ ئەمینە شەنیاشار دەربڕی و گوتی: "هێرشەکە برینێکی لە ویژدانی گەل جێهێشت. پێویستە هاواری ئەم دایکە لە ئێشکگری دادپەروەری وەڵام بدرێتەوە. داوا دەکەین وەزارەتی داد هەنگاوی پێویست بهاوێژێت".
پاشان چیفتورک و ئەندامانی پلاتفۆرمی ژنان سەردانی سەڤینچ چاکیریان کرد کە کوڕەکەی پاش کودەتای ١٥ ی تەمموزی ٢٠١٦ گیرا و ١٦ ڕۆژە لەبەردەم وەزارەتی داد چالاکی دانیشتن ئەنجام دەدات. چیفتورک گوتی: "ئەگەر ١٥ ی تەمموز دادگایی دەکرێت، پێویستە سەرەتا هاوکارە سیاسییەکانی دادگایی بکرێن".
پاشان ئەمینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی چوونە پەرلەمان.