ئیدارەی خۆبەرێوەبەری شەنگال هەڵمەتێکی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا دەستپێکرد
ئیدارەی خۆبەرێوەبەری شەنگال سەبارەت بە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە هەڵمەتێکی هاوکارییان بۆ یارمەتیدانی گەلی ڕۆژئاوا دەستپێکردووە.
ئیدارەی خۆبەرێوەبەری شەنگال سەبارەت بە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە هەڵمەتێکی هاوکارییان بۆ یارمەتیدانی گەلی ڕۆژئاوا دەستپێکردووە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لە قەزای سنونێ بۆ پشتیوانی لە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. جەماوەرێکی زۆر، لەوانە دامەزراوە و دەزگاکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، تاژێ، بزووتنەوەی گەنجان بەشداری ڕاگەیەندراوەکە بوون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە خۆبەڕێوەبەریی شەنگال سندوقێکی هاوکاری بۆ پشتیوانی لە گەلی ڕۆژئاوا داناوە و داوای هاوکاری لە هەموو گەلەکەمان لە شەنگال دەکەین هاوکارییەکانیان لەو ڕێگەوە بنێرن بۆ گەلەکەمان لە رۆژئاوا.
ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن نایف شەمۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال (مەخەدەشە) خوێندرایەوە. نایف شەمۆ ڕایگەیاند؛ ئەوان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هێرشی چەتە تیرۆریستییەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا ئیدانە دەکەین. ئێمە بە دڵ و گیان لەگەڵ گەلەکەمانین لە ڕۆژئاوا. ئێمە وەک ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، سندوقێکی هاوکاریمان بۆ یارمەتیدانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا داناوە. هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت لە ڕێگەی ئەم سەندوقەوە یارمەتی خۆی بگەیەنێتە ڕۆژئاوا.
لە میانەی قسەکانیدا نایف شەمۆ ڕایگەیاند؛ دڵ و دەرگاکانی شەنگال بەڕووی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا کراوەیە، لە ڕوانگەی ئێمەوە شەنگال و ڕۆژئاوا هیچ جیاوازیەکی نییە. ئێمە قەد دڵسۆزی گەلەکەمان لەبیر ناکەین. هەروەها داوا له حکوومەتی عێراق دەکەین هاوکاری گەلی ڕۆژئاوا بکات. هەروەها دەڵێین لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر شەنگال، ئێمە ڕووبەڕووی دوژمن دەبینەوە."
بەرپرسی ناحیەی سنونێ، خوەدێدا چوکێ قسەی کرد وتی: "گەلەکەمان پێویستە هاوکاری گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا بکات. هەموومان لەبیری ناکەین چۆن گەلی ڕۆژئاوا لە ٣ی تەمموزی ٢٠١٤ دەرگاکانیان بەڕووماندا کردەوە و بە سەدان شەهیدیان بۆ پاراستنی شەنگال بەخشیوە. ئەمڕۆ گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا پێویستی بە یارمەتی وهاوکاری هەیە. دەبێت هەموومان بەشدار بین لە هاوکاریی کردنی گەلەکەمان."
لە کۆتایی قسەکانیدا خودێدا وتی: با گەلەکەمان لە شەنگال وریا بن، ئەمڕۆ مەترسی لەسەر هەموومان هەیە. پێویستە ئێزدییەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە ئامادەباشیدا بن. پێویستە گەلەکەمان نەترسێت و بەئیرادە بێت."
ڕاگەیاندنەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"و "بژی بەرخۆدانی یەپەگە" کۆتایی هات.