سوپای ئیسرائیل ١٣٠ شوێنی غەزەی بۆردومانکرد

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە غەزە لە ١٣٠ 'ئامانجی سەربازی' حەماس و جیهادی ئیسلامی لە غەزە دراوە. ڕاگەیەنرا کە ١٥ کەس کوژراون.

شەوی ڕابردوو هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشێکی چڕ و پڕیان  کردەسەر غەزە و ١٣٠ ئامانجیان بۆردومان کرد، بەپێی دوایین ئاماریش، ٢٤ کەس لەو هێرشانەدا کوژراون و ١٠٣ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەفیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا سوپای بەرگری وڵاتەکەی ١٣٠ ئامانجیان لە کەرتی غەزە بۆردومان کردووە، بەوتەی خۆی ١٥ چالاکی حەماسیان لەو هێرشانەدا کوشتووە و دوو تونێلی شاراوەشیان لەناوبردووە.

بۆردومانەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و رۆژئاواوە نیگەرانییان لێ کەوتووەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا ئەمریکا و ئەوروپا و بەریتانیا داوای کەمکردنەوەی ئاڵۆزیەکان دەکەن.

هاوکات بەپێی سەرچاوە نێوخۆییەکانی فەلەستین، هێزە ئەمنیەکانی ئیسرائیل دوای بۆردومانەکان، مزگەوتی ئەقسا و دەوروبەریان چۆڵکردووە، لەترسی دروستبوونی گرژی و ناڕەزایەتیەکان.

بەپێی ئامارەکان، لەو ٢٤ فەلەستینیەی کە لە هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئیسرائیلدا کوژراون، حەوتیان منداڵن و دوو کەسی دیکەشیان بەرپرسی حەماسن.

مانگی سوری فەلەستینیش بڵاویکردووەتەوە، لە پێکدادانی سێ ڕۆژی ڕابردوو تا ئەم بەیانییە، ٧٠٠ فەلەستینی برینداربوون کە بەهۆی کێشەی گەڕەکی دێرینی شێخ جەڕاحەوە چەند ڕۆژێکە دەستیپێکردووە.

ک-ش