لە سلێمانی دۆخی میدیای کوردیی و ئاستەنگییەکانی لە پانێلێکدا تاوتوێ کرا

فیدراسیۆنی ڕۆنووس لە سلێمانی، سەبارەت بە دۆخی میدیای کوردیی و ئاستەنگییەکانی بەردەمی، چەند پانێڵێکی ڕێکخست، تێیدا بەگشتی جەخت لە نەبوونی ئازادیی ڕۆژنامەوانی کرایەوە لە هەرێمی کوردستان.

بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەوانی کوردییەوە ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی، فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ "ڕۆنووس" لەبارەی دۆخی میدیای کوردیی و ئاستەنگییەکانی بەردەمی سێ پانێڵ پێشکەش کرا.

سەرەتا دکتۆر سامان فەوزی، مامۆستای زانکۆ لەبارەی بارودۆخی میدیا لە هەرێمی کوردستان قسەیکرد و وتی: " ڕۆژنامەوانی ئازاد لە لایەن حکومەت، پەرلەمان و دەسەڵاتدارانەوە لە دۆخێکی خراپ و نەخوازراودایە، بۆ ڕیکخستنی کاری میدیا و ڕۆژنامەوانی، لە هەریمی کوردستاندا پێویستمان بە سەروەری یاساهەیە.

هەروەها هەتاو حەمە ساڵح، سەرپەرشتیاری بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە لە قسەکانیدا وتی: " بەداخەوە بەهیچ جۆرێک لێرە لە هەرێمی کوردستان ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ئازادیی ڕادەربڕین بوونی نییە، هەروەها ئەو هەموو میدیایە هەیە کەچی ‌هێشتا هەنگاوێک پێشکەوتن و گۆڕانکاریی نابینی، لەبەر ئەوەی هەژموونی دەسەڵات میدیاکانی قۆرخ کردووە.

کەمال ڕەئوف، ڕۆژنامەنووسیش، قسەیکرد و وتی: "ئەمڕۆ لە دەرەوەی میدیای دەسەڵاتەوە پڕۆژەی میدیای ئەهلیی هەیە، کە پردی گەیاندنی دەنگی خەڵکە بە حکومەت، تیکەل کردنەوەی ناوچەکان و دروست کردنی گوتاری ڕۆشنبیریی و بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە بۆ خەڵک، ئاشتکردنەوەی خوێنەرە بە ڕۆژنامە و درووستکردنی ڕای گشتیی لە دژی شەڕی ناوخۆ و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەیە.

کەماڵ ڕەئوف ئەوەشی وت کە دەسەڵات میدیای کوردی ناشرین دەکات، ڕۆژنامەوان دەستگیر دەکرێت و تۆمەتی سیخوڕیکردنی بەسەردا دەسەپێنن، لە ئێستادا ژیانی ڕۆژنامەوانان پارێرێزراو نییە و لە هەرکاتێکدا ئەگەری هەیە بە تۆمەتێکەوە دەستگیر بکرێن.