موزیکژەن وێکەر: ئازادی بۆ ئۆجالان، ئازادی بۆ کوردستان!

کۆنستانتین وێکەر موزیکژەنی ئەڵمانی ڕایگەیاند؛ گەلی کورد پێویستی بە پشتیوانی نێونەتەوەیی هەیە وەک چۆن بۆ نیلسۆن ماندێلاکرا، دەبێت هەڵمەتێکی نێونەتەوەیی بۆ ئازادی ئۆجالانیش دەست پێ بکەین."

موزیکژەن و چالاکوانی ئەڵمانی کۆنستانتین وێکەر بە ڤیدیۆیەک پشتیوانی خۆی بۆ کورد نیشاندا و ڕایگەیاند؛ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مەرجی سەرەکییە لە چارەسەری ئاشتیانە و دادپەروەرانەی پرسی کورد.

وێکەر موزیکژەن و چالاکوان ڤیدیۆیەکی بە مەبەستی پشتیوانی لە چارەسەری پرسی کورد و باسکردنی گرنگی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە چارەسەری دادپەروەرانە و ئاشتیانەی پرسی کورد بڵاوکردەوە.

وێکەر هاوکات هێرشەکانی ڕژێمی ئەردۆغانی بۆ سەر ڕۆژئاوا، باکووری سوریا، شەنگاڵ و باشووری کوردستانی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەناو کرد.

وێکەر ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی مافی ڕەوای گەلی کوردستان و ڕۆژئاوایە، بۆ چارەسەری ئاشتیانە و دادپەروەری بۆ گەلی کورد دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت، ئازادکردنی ئەو مەرجی سەرەکییە بۆ داهاتوویەکی ئارام و دیموکراتیک لە کوردستان و تورکیا."

پێویستی بە پشتگیریی نێونەتەوەییە

کۆنستانتین وێکەر موزیکژەن ئەوەشی خستەڕوو: پرسی ڕۆژئاوا پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە، گەلی ڕۆژئاوا ئێستا پێویستیان بە پشتیوانیەکی نێونەتەوەیی و ئێمە هەیە، پێویستە بۆ ئازادی ئۆجالان هەروەک چۆن بۆ نیلسۆن ماندێلامان کرد، هەڵمەتێکی نێونەتەوەیی دەست پێبکەین.

کۆنستانتین وێکەر کێیە؟

کۆنستانتین وێکەر کە بە ئاوازی، "شەرمەزاری ئەوروپا" ناسراوە، نەک تەنها مۆسیقاژەنێکی بەناوبانگە، بەڵکو ئاوازدانەر، ئەکتەر و نووسەر و چالاکوانێکی سیاسییە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەساڵانە تێکۆشان دەکات. بەرهەمە هونەری و کۆمەڵایەتییەکانی وەک سەرچاوەی سوود وەرگرین بووە بۆ گەلانی ستەم لێکراو.