'بە بەرخۆدان لە داگیرکەری و کۆلۆنیالیزم ڕزگارمان دەبێت'

خەڵکی مێردین، ئێلیح، خەلفەتی لە دەوری شارەوانییەکانیان گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، 'بە بەرخۆدان لە چەوساندەوە ڕزگارمان دەبێت'.

لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی گەورە شاری مێردین، شارەوانی ئێلیح و شارەوانی خەلفەتی، خەڵکی هەرسێ شارەکە لە دەوری شارەوانییەکانیان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان پیشاندا.

مێردین

لەگەڵ ئاپۆڕای خەڵکەکەدا ئەندامانی دەم پارتی سەپاندی قەیومییان لەسەر شارەوانی گەورە شاری مێردینیان شەرمەزارکرد. هەریەک لە ئەحمەد تورک و دەڤریم دەمیر هاوسەرۆکانی شارەوانی گەورە شاری مێردین و لە پێش بینای شارەوانی ئامادەبوون.

سەرباری گەمارۆدانەکانی هێزە خۆسەپێنەکانی دەوڵەتی تورکی چەوسێنەردا، هێشتا ئاپۆڕای گەل بۆ پاراستنی شارەوانییەکەیان بە وتنەوەی درووشمی شەرمەزارکردنی قەیوم بەردەوامە.

ئێلیح

دوای ڕاگەیاندنی سەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانی ئێلیحدا، هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیح گوڵستان سۆنوک ڕۆیشتە بەردەم بینای شارەوانی. ئاپۆڕای جەماوەر بە دروشمی 'دانانی قەیووم دزیکردنە' لە پێش بینایی شارەوانی کۆبوونەوە.

دوابەدوای گەمارۆدانی بینای شارەوانی، هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیح گوڵستان سۆنوک لە نێو ئاپۆڕای خەڵکەکەدا قسەیکرد و بانگەوازی لە گەنجان و ژنان کرد پێکەوە لە دژی سەپاندنی قەیوم تێبکۆشن.

خەلفەتی

بە هەمان شێوەی شارەکانی دیکە، خەڵکی شاری خەلفەتی بۆ شەرمەزارکردنی سەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانییەکەیاندا لە پێش بینای شارەوانی کۆبوونەوە. لەگەڵ ئامادەبوونی ئەندامانی پارت و لایەنە سیاسەکاندا، هاوسەرۆکی شارەوانی خەلفەتی محەمەەد قەرەیلان لە نێو خەڵکەکەدا قسەیکرد و ڕایگەیاند بە هێزی گەلەکەمانەوە هەموو زۆردارییەکانی سەپاندنی قەیوم تێکدەشكێنین. بەرخۆدان ڕێگەی ڕزگارییە لە چەوساندنەوە.

بینای شارەوانی لەلایەن هێزە خۆسەپێنەکانی دەوڵەتی تورکی چەوسێنەرەوە گەمارۆدراوە و خەڵکی شارەکەش لە شەرمەزارکردنی سەپاندنی قەیوم بەردەوامن.

عومەر ئۆجالان: دەسەڵاتداری خۆی فریودەدات

پەڕلەمانتاری ڕحای دەم پارتی، عومەر ئۆجالان ناڕەزایەتی خۆی لەدژی سەپاندی قەیوم پیشاندا و ڕایگەیاند: "ئامانجی هەرە بنەڕەتیمان بەهێزکردنی کایەی سیاسەتی دیموکراتیکییە. سەپاندی قەیوم هەوڵدانە بۆ بێمافکردنی کوردان. با هەموو خۆسەپێنەران باش بزانن دەرنجامی ئەمە تەنها خۆ فریودانە. لەگەڵ گەلەکەماندا لە دژی ئەم ناحەقییە تێدەکۆشین."