عەفرین: بە دەیان سەرباز و چەتەی تاڵانکەری تورکیا کوژران

لە عەفرین ٥۰ سەرباز و چەتە و تاڵانکەری تورکیا کە دەستیان بە دزی دوکان و ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان کردبوو لە تەقینەوەیەکدا کوژران و یەپەگەش هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.

تتت


هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا، کە دوێنی دەربازی ناوەندی عەفرین ببوون، دەستیان کردووە بە دزی و تالانی ماڵ و دوکانی هاووڵاتیان و تەنانەت دار وبەرد و خاکیش دەدزن.

یەکینەکانی پاراستنی گەل ـ یەپەگە ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا کە سەربازان و چەتەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا لە ناو شاری عەفرین خەریکی تاڵان و دزی بوون، بە  تەقینەوەیەکی بەهێز چالاکی لە دژیان ئەنجام دراوە و  بەهۆیەوە زیاتر لە ٥٠ سەرباز و چەتەی تورک کوژران و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون".

 مەدیاکانی تورکیاش هەواڵەکەیان بۆ نەشاردراوەتەوە، بەڵام چەواشەکاریان تێدا کردووە و باسیان لە کوژرانی ١١ سەرباز و چەتەیان کردوە.

هەر لەوبارەوە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە ناوەندێکی جێی باوەڕە لە ئاستی جیهاندا ڕایگەیاندوە: " لە تەقینەوەیەکدا لە عەفرین ٥٠ چەتە کوژراون و تا ئێستاش تاڵان و دزی لە ناو شارەکە و دەورووبەری بەردەوامە".

تاڵان و دزی موڵک و ماڵی هاوڵاتیانی عەفرین لەلایەن چەتەکانی تورکیاوە، بووتەوە مانشێت و مژاری زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهان. پەیوەست بەوە ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندوە: " هێزەکانی سەر بە تورکیا لە ناوەندی شاری عەفرین دەستیان داوەتە دزی و تاڵانکردنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی شارەکە". ئاژانسەکە وێنەی تاڵانکردەکەی  بڵاوکردووتەوە.

جێگای ئاماژەیە، دوێنێش لە یەکەم ڕۆژی داگیردنی عەفریندا،  چالاکێ و تەقینەوەیەکی هاوشێوە ڕووی دابوو و تێیدا زیاتر لە ۳٥ سەرباز و چەتەی تورکیا کوژرابوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندارببوون.
بەم شێوەیەش لە دوو ڕۆژی داگیرکردنی عەفریندا، ٨٥ سەرباز و چەتە کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون.

ئەوەش دوای ئەوە هات، کە دوێنێ خۆبەڕێوەری هەرێمی عەفرین و یەپەگە و یەپەژە،  لە لێدوانێکی هاوبەشی مەدیاییدا ڕایانگەیاندبوو: " مل بۆ داگیرکاریەکەی تورکیا نادەن و هەموو بستێکی عەفرین دەکەن ئاگر و مۆکەتە بۆ هێزەکانیان و لە هەموو شوێنێکی هەرێمی عەفرین تا دەرکردنیان بەتوندی ڕووبەڕوویان دەبنەوە" .

 

ک.ش

هـ.هـ