ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا: ئێران گەورەترین زیندانی ژنە نوسەرەکانە

لە نوێترین راپۆرتیدا ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا ئێران بە گەورەترین زیندانی ژنە نوسەرەکان و دووەم گەورەترین زیندانی نوسەرانی جیهان ناودەبات.

لە راپۆرتەکەی ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا ئاماژە بەوەکراوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئێران گەورەترین زیندانی ژنە نوسەرەکان بووە و هێمای بۆ ئەوەش کردووە کە زۆرینەی ژنە نوسەرەکان لە ئێران بە هۆی دژایەتیکردن و رەتکردنەوەی حیجابی زۆرەملیەوە دەستگیرکراون.

هەروەک راشیگەیاندووە، لە سەر ئاستی نوسەران لە هەردوو رەگەزیش ئێران لە دوای چین لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانەی جیهانە کە زۆرترین نوسەریان زیندانی کردووە.

هەر لەو راپۆرتەدا ئەوەش هاتووە، هەرچەندە کە ژمارەی نوسەرانی زیندانی لە ٥٧ کەس لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٤٩ کەس لە ساڵی ٢٠٢٣ دابەزیوە، بەڵام دەستبەسەرکردنی بەردەوام و بەربڵاوی ئەو نوسەرانەی پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەکەن، نەوەستاوە و سەرکوتی ئازادی رادەربڕین لە ئێران بەردەوامە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەو نوسەرانەی ئازادیش کراون، بە دانانی بارمتە بووە و بەردەوام مەترسی دەستگیرکردنەوە و سەپاندنی سزای زیاتریان لەسەرە.

لە دوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی گوشارەکان بۆ سەر نوسەران، هونەرمەندان و رۆشنبیرانی ئێران چڕتر بووەتەوە.

هـ . ب