گۆشەگیریی ئیمرالی لە پەرلەمانی تورکیا شەرمەزارکرا

فراکسیۆنی هەدەپە بە دروشمی "گۆشەگیری تاوانی دژی مرۆڤایەتییە" ناڕەزایەتی بەرامبەر گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان، رێبەری گەلی کورد دەربڕی.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە دانیشتنی بودجەدا مافی قسەکردنیان وەرگرت و ناڕەزایەتییان بەرامبەر گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد نیشاندا. فراکسیۆنی هەدەپە دروشمی "گۆشەگیری ئەشکەنجەیە"، "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنە"، "گۆشەگیری تاوانی دژی مرۆڤایەتییە" و "گۆشەگیری یاسایی نییە" و وێنەی زیندانیی نەخۆش محەمەد ئەمین ئۆزکانیان لەسەر مێزەکانیان دانا.

ناوەندی گۆشەگیری ئیمڕالیە

حسێن کاچماز، پەرلەمانتاری هەدەپەی شرنەخ، باسی لە سیستەمی گۆشەگیریی ئیمرالی و ئازادکردنی زیندانییەکان و یاسای سزادان کرد. کاچماز ئاماژەی بە گۆشەگیری ئیمرالی کرد و رایگەیاند، چەتین ئارقاداش حوکمەکەی تەواو کردووە، چونکە گوتوویەتی "بەڕێز ئۆجالان" ئازاد نەکراوە و لە وەزیری دادی پرسی: وشەی بەڕێز ئۆجالان تاوانە؟ بڕیار و لێدوانی دادگا هەیە لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە دراوە کە تاوان نییە. لەبەرئەوەی وشەی بەڕێز ئۆجالان بەکار دەهێنن زیندانیان ئازاد ناکرێن. با بزانین دۆخی بەڕێز ئۆجالان چۆنە. جەنابی وەزیر، تۆ وتت ئەشکەنجە لە تورکیا نییە. بەڵام ئەمە راست نییە. لە تورکیا ئەشکەنجەی سیستماتیک هەیە. ناوەندەکەی زیندانی ئیمرالییە. ئایا گۆشەگیری ئەشکەنجە نییە؟ دابڕان لە کۆمەڵگا بە گۆشەگیری ئەنجام دەدرێت ئایا ئەمە ئەشکەنجە نییە؟ ئەشکەنجە نییە کە زیندانیان و بنەماڵەکان ڕێگەیان پێنادرێت یەکتر ببینن؟ داننەنان بە مافی ئومێد ئایا ئەشکەنجە نییە؟ چەندین ساڵ درۆتان کرد کە کەش و هەوا خراپە یان کەشتی خراپە. ئێستاش بە هەندێک درۆ بەردەوامن لە سەپاندنی سزای دیسپلینیی ئارەزوومەندانە. بەڕێز ئۆجالان و زیندانییەکانی دیکە بە بیانووی ئەوەی کە لە کاتی پیاسە و وەرزشکردندا قسەیان لەگەڵ یەکتر کردووە، سزادراون. ئایا مرۆڤ دەتوانێت بڕیارێکی بەم ئەندازەیە هەڵە بدات؟ گۆشەگیری دەبێتە هۆی ئەوەی کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، سیاسەتی شەڕ و ململانێ جێبەجێ بکرێت، یاسا پێشێل بکرێت و پارەی هاوڵاتیان بۆ شەڕ خەرج بکرێت و  بکەوێتە دەستی فروشیارانی چەک."

گۆشەگیری لەدژی مرۆڤایەتیە؟

ئەرداڵ ئایدەمیر پەرلەمانتاری هەدەپەی چەولیگ بە دروشمی "گۆشەگیری تاوانی دژی مرۆڤایەتییە" و "سی پی تی ئەرکی خۆت جێبەجێ بکە" مافی قسەکردنی وەرگرت و ئاماژەی بە مادەکانی ٥٩، ٦٢، ٦٦، ٦٧، ٦٨ و ٨٣ی یاسای سزادان کرد و بانگەوازی لە سی پی تی کرد. ئایدەمیر وتی: پێویستە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی زیندانی ئیمرالیێ بکرێت و بە شێوەیەکی لۆژیکی بۆ کۆمەڵگا ئاشکرا بکرێت. ئێمە دەمانەوێت بەرپرسیارێتی خۆمان لەبەرامبەر زیندانەکان جێبەجێ بکەین."

ف.ق