جەلال فرات: لە لایەکەوە بانگەوازی بۆ ئاشتی دەکەن، لە لایەکی دیکەوە لە قڕکردندان

پەڕلەمانتاری دەم پارتی جەلال فرات ئاماژەی بەوەدا دەسەڵاتداری لە لایەکەوە بانگەوازی بۆ ئاشتی دەکات و لە لایەکی دیکەوە تۆپبارانی گۆڕەپانی مەدەنی دەکات.

جەلال فرات

پەڕلەمانتاری ئەستەنبوڵی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) جەلال فرات بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا لە نێو ڕای گشتییدا بازنە و هیوایەکی گەورەی ئافراندووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کۆمەڵگە پێویستی بە چارەسەری ئاشتییانە هەیە و گوتی: "جەختکردنەوە و پارادایمەکانی بەڕێز ئۆجالان لەسەر پرسی کورد، کێشەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگ و کاریگەرە."

لە بەردەوامیدا جەلال فرات سەرنجی خستەسەر سیاسەتەکانی دەسەڵاتداری لە ناوە و دەرەوەی تورکیادا، ئاماژەی بەوەدا ئەوەی دەسەڵات دەیکات 'بانێکە و دوو هەوا' و باسی لەوەکرد دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە سووریادا هەموو ڕۆژێک بە بۆردوومانی گۆڕەپانی مەدەنی لە قڕکردنی هاوڵاتی مەدەنی، ڕۆژنامەوان و منداڵاندایە و ئەمەی گوت: "لە لایەکەوە بانگەوازی ئاشتی دەکەن و دەڵێن وەرن پێکەوە ڕێکبکەوین. کەواتا لە کاتێکدا ئێوە باسی خوشک-برایەتی نێوان گەلان دەکەن، لەو لاشەوە لە هێرشی دژ بە گەلەکەماندان. بەدڵنییایەوە ئەمە جێگەی قبوڵکردن نییە و لە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا دەنگمان هەڵەبڕین."

'دەبێت گەلان لە تێکۆشانی هاوبەشدابن'

فرات لە قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر ڕوانگەی تەڤگەری کورد لەسەر پرۆسەکە و دەسنیشانیکرد ڕوانگەی تەڤگەری کوردی زۆر ڕوون و ڕاشکاوانەیە، خواستی چارەسەرکردنی پرسی کوردە.

ئاماژەی بەوەشدا ئەو هێرشانەی دەکرێتەسەر عەلەوییەکان لە سووریادا بەهەموو شێوەیەک جێگەی قبوڵ کردن نییە، لە دژی ئەو هێرشە دژەمرۆڤایەتییانە نابێت کەس بێدەنگ بێت و گوتی: "لەم قۆناغەدا هەموو گەلان پێویستییان بە پشتگیری یەکتر هەیە و تێکۆشانی هاوبەش بکەن بۆ ئاشتی هەمیشەیی."

'تێکۆشانی بە بڕیارمان بەردەوام بێت'

فرات باسی لەوەکرد دەبێت هەمووان لە تێکۆشانیان بەردەوام بن بۆ کۆتایهێنان بە دژبەری و ئاژاوەکانی ئاکەپە و مەهەپە لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و تێکۆشان بۆ بونیادنانی ئاشتی بەهێزتر بکرێت و ئەمەی گوت: "سیاسەتی کوردی باوەڕی تەواوی بە ئاشتی هەیە، لەم پێناوەدا تێدەکۆشن. ئەم ئاشتییە بۆ هەموو گەلانی هەرێمەکەیە."