تووشەكەی رەئیسی هاوشێوەی تووشەكەی خەڵخاڵی بوو بۆ كوردستان؟

بڕیاری سەردانەكەی رەئیسی وەكو سەرۆككۆماری رژێم بۆ كوردستان لەناكاودا بوو و هیچ ئامادەكاریەكی پێشوەختەی بۆ نەكرابوو، سەردانێكی نائاسایی و نافەرمی بوو.

ساڵی ١٩٥٧ی هەتاوی گەلانی ئێران لەدژی رژێمی پاشایەتی حەمە رەزا شا راپەڕین و كۆتایان بەبوونی ئەو رژێم هێنا لەئێران، رەزا شا و حەمەرەزا شا نوێنەری راستەوخۆی سیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری بوو لەناوچەكە، بەڵام هەر دوای سەركەوتنی راپەڕینەكە، زۆرینەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی ئێران، ئەتنیك و نەتەوە جیاوازەكان و گروپە كەلتوری و چاندیەكان، ئەدیان و باوەڕی و مەزهەب و پەیڕەوانیان لەپرۆسەی سیاسی وەدەرنران و دەستكەوتەكانی شۆڕش لەلایەن خۆمەینی و دارودەستەكەیەوە دەستی بەسەردا گیرا و لەئەنجامدا، رژێمێكی دینی، مەزهەبی فاشیست و دیكتاتۆریان دامەزراند و بەزەبری هێز كۆتاییان بەزۆرینەی دەوڵەمەندیەكانی كۆمەڵگەی ئێرانیان هێنا. هەر لەو سەردەمەدا بوو كە گەلی كورد لەزۆربەی شارە كوردیەكان لەدژی نزیكبوونەوەی دەسەڵاتدارانی رژێم وەستانەوە و دەستیان بەراپەڕین و سەرهەڵدان كرد. بەشێكی زۆر لەشارە كوردیەكان و بەتایبەتی شاری سنە كەوتبووە دەست شۆڕشگێڕانی كوردەوە. خۆمەینی ئەو كات بۆ سەركۆت و دامركاندنی ئەو راپەڕین و سەرهەڵدانەی گەل جیهادی لەدژی كوردان راگەیاند و بەرەوانە كردنی نوێنەرەكەی كە"خەڵخاڵی" بوو و لەو كاتەدا حۆكمی حاكم شەرعی دەگێڕا، بۆ كوردستان، دەستی ئاوەڵاكرابوو كە بەئاگر و ئاسن كۆمەڵكۆژی كورد كوردان بكات و شەپۆلی راپەڕینەكە بەربەست بكات، خەڵخاڵی ئەو كاتە ئەو كۆمەڵكۆژیەی لە ئەنجامی بێدەنگی بەشێك لە پێكهاتەكانی تری ئێراندا پێكهێنا.

ئێستاكەش رەئیسی لەژێر عەبای سەرۆككۆماریدا و دوای چل و سێ ساڵ لەسەركۆت و هەڵاواردن و جیاكاری نەتەوەیی، مەزهەبی و ئەتنیكی و كەلتوری و تەنانەت جۆگرافی لەبەرامبەر بەگەلی كورد وەكو ئەوەی كە نەبای دیتووە و نەبۆران و لەكاتێكدا گەلی كورد شانبەشانی گەلانی دیكەی ئێران ماوەی سێ مانگە دەستیان بەشۆڕش كردوە و لەپێناو سەركەوتنی شۆڕشەكەشیاندا شەو و رۆژیان كردۆتە یەك و لەچالاكی و راپەڕنیداندا وەكو دزی بەرباران خۆی كردە شارە خوێناویەكەی سنەدا. بێ ئاگا لەوە لەبەرامبەر بەگەلی راپەڕیو و قارەمان بەژن و گەنج و پیریەوە، هێزە سەركۆتكەرەكانی رژێمەكەی ئێران و دام و دەزگاكانی حكومەت، جارێكی تر بەئاگر و ئاسن و بەزمانی چەك رووبەروویان بوونەتەوە و بەسەدان خەڵكیان خەڵتانی خوێن كردوە و بەهەزاران كەسیان بریندار و لەژێر ئەشكەنجەدا كۆشتووە و یا لە كۆنجی زیندانەكانیان كردون. كەچی رەئیسی لەگەڵ شاندنێكی ئەمنی و ئیستخباراتی دوو رۆژ لەمەوبەر لەژێر ناوی بەگەڕخستنی پرۆژەی ئاوی خاوێنی ماڵان و بەچەن ئەجیندایەی شاراوەوە سەردانی كوردستانی كرد و هەر ئەو رۆژەش سەردانەكەی كۆتای بەسەردانەكەی هێنا. رەئیسی لەو سەردانەیدا، وەكو ئەوەی لەراگەیاندنەكاندا بڵاوكراوەتەوە، هەم چاوی بەكۆمەڵێك مامۆستای ئاینی دەكەوێت و هەم لەنێو شەقامێك لەشەقامەكانی شاردا دەگەڕێت و سەردانی چەند بنەماڵەیەك لەهێزەكانی رژێم و پیاوەكانی دەسەڵات دەكات.

 

بەڵام تووشەكەی و ئامانجەكانی رەئیسی چی بوون؟!

 

لەبەر ئەوەی بڕیاری سەردانەكەی رەئیسی وەكو سەرۆككۆماری رژێم بۆ كوردستان لەناكاودا بوو و هیچ ئامادەكاریەكی پێشوەختەی بۆ نەكرابوو، سەردانێكی نائاسایی و نافەرمی بوو. رەئیسی لەم سەردانەیدا چەند پەیامێكی خامنەیی پێش هەر كەسێك بۆ مامۆستایانی ئاینی پێ بوو. هەر وەكو چۆن خامنەیی نوێنەرەێكی خۆشی بۆ پارێزگای سیستان و بەلووچستان رەوانە كرد و هەڕەشەیان لەكەسایەتی بەهەڵوێستی بەلووچستان، مامۆستای عەبدولحەمید كرد. بەهەمانشێوەش رەئیسی وەكو نوێنەری خامنەیی لەكاتی بینی مامۆستایانی ئاینی هەڕەشەی لەمامۆستایان كردوە كە دەست لەپشتیوانی لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەردەن، چونكە مامۆستایانی ئاینی لەم ماوەیەدا هەڵوێستی ئاینی و ئەخلاقی و ویژدانی خۆیان وەكو كەسایەتیەكی باوەڕمەند بەئیسلامی دیموكراتیك لەبەرامبەر بەرژێم و هێزە سەركۆتكارەكان نیشانداوە و ئەمەش ترسێكی گەورەی خستە دڵی رژێمەوە.

ئامانجێكی تری رەئیسی لەو سەردانەیە ئەوە بوو كە گوایا لەكوردستاندا هیچ شتێك لەگۆڕێدا نییە و ئەو راپەڕین و سەرهەڵدان و شۆڕشەی كە باسی لێوەدەكەن، تەنیا پرۆپاگەندەیەكی راگەیاندنەكانە هەر وەكو چۆن لەراگەیاندنەكانی رژێمدا پەلامار و چەواشەكاری لەدژی شۆڕشی گەلانن دەكەن، ویستی پەیمامێكی وەها بەگەلانی دیكەی نێوخۆی ئێران بدات كە خەڵكی كورد پێشوازیان لەسەردانەی بۆ كوردستان كردوە كە چی تەنانەت لەكاتی پیاسەكردنی لەشەقامێكی ئەو شارە كەس نەیدەویست رووی رەشی ببینێ جا نەخاسم، كەس بەخێرهاتن و كەیخۆش بێت بەسەردانەكەی. بەپێچەوانەوە خەڵك دوكان و بازارەكانیان داخستبوو. تەنانەت كاتێك كابرایەك چەند دانە نۆقی بۆ دێنێ و ژنێك كە لەو كاتەدا لەوێدایە، هیچ ئاوەڕێكیشی لێ ناداتەوە و و وەكو نەبوو حیسابی بۆ دەكات.

ئامانجێكی تری رەئیسی لەو سەردانەی، جارێكی تر پارچەكردنی هەڵوێست و یەكگرتوویی گەلانە. چونكە لەم شۆڕش و راپەڕینەدا گەلان هەموو بەیەكەوەن و جیاوازیەكەی لەوەدایە كە كوردستان چاو و چرا"رووناك"ی ئێرانە و ئەمەش هەموو پێكهاتەكان بەیەكەوە دەیڵێنەوە. رەئیسی و دارودەستەكەی ئەو رژێمە چاویان لەئاستی پشتیوانی گەلان بۆ یەكدی هەڵنای. تەنانەت پشتیوانی كەسایەتیە ئاینیەكانی كورد و بەلووچ بۆ یەكتر و خاوەنداریان لەهەڵوێستەكانیان رژێمی تەنگەتاوتر كردوە.

و لەبنەمادا ئامانجی ئەساسی و بنەڕەتی رەئیسی هەرچی زیاتر دژایەتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و بەكارهێنانی توندوتیژی زیاتر و وەگەڕخستنەوەی دادگاكانی دەركردن و سەپاندنی سزا و حۆكمە شەرعیەكان و بەردەوامی بەخوێنڕشتن و كۆشت و بڕی گەل دەبێت. ئەگەر ئامانجێكی خەیری پێ با پێشتر ئامادەكاری بۆ سەردانەكەی و ئامانجەكان لەو سەردانەی بۆ كوردستان یا خۆد هەر شوێنێكی تری ئێران بۆ رای گشتی بڵاو دەكردەوە.

سەردانەكەی ئەمجارەی رەئیسی هاوشێوەی سەردانەكەی خاڵخاڵی نیە. لەم شۆڕش و راپەڕینەدا گەلان هەموو بەیەكەوەن و جیاوازیەكەی لەوەدایە كە كوردستان چاو و چرا"رووناك"ی ئێرانە و ئەمەش هەموو پێكهاتەكان بەیەكەوە دەیڵێنەوە. ئەمەش ئەو هیوایەی كە گەلان پشتی پێ دەبەستن و هێز و ورەی لێوەر دەگرن.

كەسایەتی ئاینی خاوەن وێژدان و بەهەڵوێستەكان دەبێت هاوشێوەی مامۆستا عەبدولحەمید گۆشار بخەنە سەر ئەو كەسانەی لەگەڵ رەئیسی كۆبوونەتەوە تا ناوەرۆكی دیدارەكەیان لەگەل رەئیسی و ئامانجەكانی بۆ گەلی كوردستان و رای گشتی ئێران ئاشكرا بكەن. بەشێوەیەش رووی راستی رژێم بۆ گەلانی ئێران وەردەرخەن، هەرچەندە لەو گەلی كورد لەو باوەڕەدان كە رژێم ئێدی شتێكی نەهێشتووەتەوە كە رووی خۆی پێ جۆان بكات و كارنامەی چل و سێ ساڵەكەی ئەوەندە رووی رەشی و كردەوەكانی وەدەرخستووە.

بۆیەش ئەوەندە بەسە كە هەر تاكێكی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی ئێران بزانن؛ ئامانج و تووشەكەی هاتنی حاكم شەرع و نوێنەری خۆمەینی"خەڵخاڵی" بۆ كوردستان چی بوو لەسەرەتای شۆڕشی گەلاندا لەساڵی ٥٧ی هەتاوی ئەوا ئامانجەكە و تووشەكەی رەئیسی نوێنەری خامنەیی بۆ گەلی كورد یەك شتە، كات گۆڕاوە بەڵام بەداخەوە لۆژیك و مەنتالیتە و عەقڵیەتی ئەو رژێمە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.