لە بانگەوزێکدا بەرەی ژنانی باشوور سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر وەریشە مورادی شەرمەزارکردووە و رایگەیاندووە: ئەم سیاسەتی لەسێدارەدانەی ئێران مەبەستی چاوترساندن و هەنگاونانی ژنان بۆ دواوە، بەڵام بینرا کە لەم ساڵانەی دوایی بەکپ کردن و چاوترساندن و ئەشکەنجە و سێدارەدان ناتوانن ڕۆحی تێکۆشان بۆ ئازادی کپ بکەنەوە".
راشیانگەیاندووە: " ئێمە وەکو ژنانی باشووری کوردستان بانگەوازی لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین، وەک چۆن وەریشە مواردی لە زیندان بوو بە دەنگی هەموو ژنان، ئیمەش هەموومان ببین بە دەنگی وەریشە مورادی و لە بەرامبەر سەپاندنی سزای لە سێدارەدان دەنگ هەڵبڕین، چەندە بتوانین لە بەرامبەر سیاسەتی لە سێدارەدانە دەنگ بڵند بکەین ئەوەندە دەتوانین ئەم لەسێدارەدانانە ڕابگرین. پێویستە هەموومان بە یەک دەنگ و لە بەرامبەر سزای لە سیدارەدان وەریشە مورادی بووەستینەوە."
دەقی بانگەوازەکە:
بانگەوازی لە هەموو ژنان دەکەین تێبکۆشن لە بەرامبەر لە سێدارەدان
بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" دوو ساڵ پێش ئێستا ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرامبەری زوڵم و سیستەمی دەسەڵاتداری ئێران وەستانەوە و ژنان بوون بە سیمبول و داینەمۆی سەرهەڵدان و وەچەرخانێکی گەورە لە جیهان و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوین و ئێراندا. ئەو پێشەنگایەتییەی ژنان و ئەو گیان و رۆحییەتی تێکۆشانەی ئەنجامدرا بووە هۆی هێز و ئیرادە بۆ هەموو ژنانی جیهان. ژنانی شۆڕشگێری کوردیش هەم هێزیان دایە ئەم سەرهەڵدان و وەچەرخانە هەم پێشەنگایەتیشیان بۆ ئەم سەرهەڵدانە کرد، یەکێک لەو ژنە تێکۆشەر و چالاکوانانەش (وەریشە موڕادی) ناسراو بە(جوانە سنە) بوو کە ساڵانێکی زۆرە بەبێ ماندوو بوون بۆ هۆشیارکردنەوە و ئازادی ژنان لەتێکۆشاندایە.
لە چوارچێوەی ئەو ئامانج و هیوایانەی کە بۆ ئازادی ژنان ژیانی خۆی بۆ تەرخانکردبوو و پێشەنگایەتی بۆ ئەو تێکۆشانە دەکرد لە بەرواری ٣١ی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٣لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە دەستگیرکرا، بەڵام هیوا و ئامانجەکانی وەریشە مورادی بۆ ئازادی ژنان لە ناو زیندان گەورەتر بوو، لە ناو زیندانیشدا دەستی لە تێکۆشانی ئازادی هەڵنەگرت. سەرەڕای ئەو ئەشکەنجە دەروونیانەی کە رووبەروویان دەکردەوە و ڕیگەیان نەدەدا کە بنەماڵە و پارێزەرەکانی دیداری لەگەڵ ئەنجام بدەن، بەڵام وەریشە بەردەوام هەوڵی داوە دەنگی خۆی و زیندانیانی سیاسی دیکە بگەیەنێتە کۆمەڵگا و دەرەوەی زیندان. لەگەڵ ژنانی تری زیندانی سیاسی کورد لە دژی هەڕەشەی لە سێدارەدان هەڵوێستی توندیان نواندووە و داوای ڕاگرتنی سزای لە سیدارەدانیان کردووە. لە ڕۆژی جیهانی دژ بە سزای لەسێدارەدان لە نامەیەکدا کە ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی کردووە، نووسیویەتی: "بۆ گەیاندنی بارودۆخی ئێستا و لە هەمان کاتدا دژی ئەو چەوساندنەوەی کە بەسەر ئازادیخوازاندا سەپێنراوە، بۆ کاتێکی نادیار دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکات. ئەم ڕاگەیاندنە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەیە دژی کوشتن و سزای لەسێدارەدانە کە ساڵانێکە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت".
بەڵام بەداخەوە لە بەرواری ١٠-١١-٢٠٢٤ لەلایەن دادگای ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە سزای لە سێدارەدان بەسەر ژنە پێشەنگ و چالاکوان (وەریشە مورادی)دا سەپێندرا، بە بێ ئەوەی لە دانیشتنەکانی دادگادا مۆڵەتی بەرگریکردن نە بە وەریشە مورادی درا و نە بە پارێزەرەکانیشی.
ئاشکرایە کە ئەم سیاسەتی لەسێدارەدانەی ئێران مەبەستی چاوترساندن و هەنگاونانی ژنان بۆ دواوە، بەڵام بینرا کە لەم ساڵانەی دوایی بەکپ کردن و چاوترساندن و ئەشکەنجە و سێدارەدان ناتوانن ڕۆحی تێکۆشان بۆ ئازادی کپ بکەنەوە. ئێمە وەکو ژنانی باشووری کوردستان بانگەوازی لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین، وەک چۆن وەریشە مواردی لە زیندان بوو بە دەنگی هەموو ژنان، ئیمەش هەموومان ببین بە دەنگی وەریشە مورادی و لە بەرامبەر سەپاندنی سزای لە سێدارەدان دەنگ هەڵبڕین، چەندە بتوانین لە بەرامبەر سیاسەتی لە سێدارەدانە دەنگ بڵند بکەین ئەوەندە دەتوانین ئەم لەسێدارەدانانە ڕابگرین. پێویستە هەموومان بە یەک دەنگ و لە بەرامبەر سزای لە سیدارەدان وەریشە مورادی بووەستینەوە.
دەسەڵاتدارانی ڕژیمی داگیرکەری ئێران پێویستە ئەوە باش بزانن کە بەردەوامیدان بەو زوڵم و ستەمەی کە لەسەر گەل و ژنان پەیڕەوی دەکەن کۆتایی بە دەسەڵاتیان دەهینێت. ئێمە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەین کە کۆتایی بەم سیاسەتەیان بهێنن چیتر رۆڵەکانی ئەم گەلە بە سێدارە چاوترسێن نەکەن. هەروەها داوا لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین کە بەرامبەر ئەم لە سێدارەدانانە خاوەن هەڵوێست بن هەتا بتوانن فشار لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران دروست بکەن کە سزای لە سیدارەدان ڕابگرێت.
بەرەی ژنانی باشوور