كەژار تیرۆری ناگەهان ئاكارسەل شەرمەزار دەكات؛ "ئەم تیرۆرە لەدژی ئێرادەی ئازادی ژنانە"

کەژار وێڕای شەرمەزارکردنی تیرۆری ناگەهان ئاکارسەل ئەو کردەوەیە لە چوارچێوە سەركۆتكردنی ئێرادەی ئازادی ژنان و بەتایبەتی ژنانی باشوری كوردستان پێناسە دەکات.

كۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان"كەژار"، بەراگەیەندراوێك تیرۆری ناگەهان ئاكارسەل شەرمەزار  دەكات و، ئەو كردەوەیە لەچوارچێوەی سەركۆتكردنی ئێرادەی ئازادی ژنان و بەتایبەتی ژنانی باشوری كوردستان بەناو دەكات و دەڵێت:"تیرۆری هەڤاڵ ناگەهان ئاكارسەل لەباشوری كوردستان، جارێكی تر هێرش و پەلاماری پیاوسالار لەبەرامبەر بەئایدئۆلۆژی ئازادیخوازانەی ژنان نیشاندا، چونكە سیستەمی پیاوسالار ژنانی پێشەنگ وەكو مەترسیەكی گەورە و رێگر و هەڕەشە لەبەرامبەر بەخۆی دەزانێت".

كەژار لەسەركەسایەتی ناگەهان ئاكارسەلیش دەڵێتیش؛ هەڤاڵ ناگەهان، ژنێكی شۆڕشگێری كورد بوو كە پشتی بەچاند و كەلتور و مێژووی كۆن و پڕ لەنرخەوە بەستبوو و بۆ بڵاوكردنەوەی هزر و ئەزموونەكانی، بۆ چركەساتێكیش پشوو نادات.

كۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەیاندا دەڵێن؛ لەلایەكەوە ئێمە دەبینین كە كاروخەباتی ژنۆلۆژی لەسەرانسەری كوردستان و بەتایبەتی لەرۆژئاوای كوردستان بەربڵاوتر دەبێت، لەلایەكی تر لەهەرێمی باشوری كوردستان پێشەنگانی رێگای ئازادی، تیرۆر دەكرێن. لەلایەكی ترەوە؛ هاواری"ژن، ژیان، ئازادی"، جیهانی بووە و لەلایەكی تر پێشەنگانی ئەم فكر و فەلسەفەیە لەهەرێمی كوردستان تیرۆر دەكرێن. ئەو زیهنیەتەی ژینا ئەمینی و شلێر رەسولییان تیرۆر كرد، هەر هەمان زیهنیەتە كە هەڤاڵ ناگەهانی تیرۆر كردوە.

كەژار راشیگەیاندوە؛ زیهنیەتی پیاوسالار پێداگرە لەسەر كۆشتنی ژنان و لەبەرامبەردا، ژنانیش بۆ بۆنیادنانی ژیانێكی ئازاد پێداگرن. بێگۆمان تا ئێستاكە دەستكەوتی گەورە بەدەستخراون و لەمەوبەدوا بەپێشەنگایەتی و بەرخۆدانی ژنان لەچوارچێوەی بۆنیادنانی كۆمەڵگەیەكی ئازاد، بەمسۆگەری سەركەوتن لەگەڵ خۆیدا دەستەبەر دەكات.

كۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان سەرەڕای شەرمەزاركردنی تیرۆر هەڤاڵ ناگەهان ئاكارسەل، داوای ئاشكرا كردنی بكەرانی ئەو تیرۆر لەدەسەڵاتدارانی باشوری كوردستان دەكات كە پێشەنگەكانی رێگای ئازادی تیرۆر دەكەن. كەژار ئەوەش دەڵێت؛ ئەگەر بێدەنگی ژنان و هەموو چین و توێژەكان لەكوردستان و بەتایبەتی باشوری كوردستان بەردەوام بێ، ئەم رەوشە درێژە و بەردەوام بێ. ئەو تیرۆرەی پێكهاتوە لەچوارچێوەی سەركۆتكردنی ئێرادەی ئازادی ژنانە. بۆیەش پێویستە ژنان لەباشوری كوردستان و سەرانسەری جیهان بەیەكدەنگ داوای ئاشكراكردنی بكەرانی ئەو رووداوە بكەن.

هـ . ب