پەرتووکی 'ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن' بەم زوانە چاپ و بڵاودەبێتەوە

پەرتووکی 'ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن' کە لێکۆڵینەوە و شیکارییەکی کۆمەڵناسیانەیە لەسەر ژن و کۆمەڵگەی ڕۆژئاوای کوردستان. وەک بەرهەمی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و نەجیبە قەرەداغی لە شێوەزاری کورمانجییەوە وەریگێڕاوەتەسەر شێوەزاری سۆرانی، بەم زوانە بڵاودەبێتەوە.

پەرتووکەکە، کە بەرهەمی چەندین ساڵ لێکۆڵینەوەی مەیدانی و سەدان چاوپێکەوتنە لەگەڵ ژنانی پێشەنگ، وەک وەڵامێکی زانستی و شۆڕشگێڕانە بۆ نووسینەوەی مێژوو لە ڕوانگەی ژنەوە ئامادە کراوە.

هاوکات لەگەڵ یادە شکۆدارەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمموزی ڕۆژئاڤا، کە بووە هیوایەکی جیهانی بۆ ئازادیی ژنان و گەلان، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنێت کە بەرهەمە توێژینەوەییە نوێیەکەی بە ناوی "ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن" ئامادەی چاپە و بەم زووانە دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

ئەم پەرتووکە کە ناونیشانی دووەمی بریتییە لە 'ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە و شیکاری کۆمەڵناسییانە لەسەر ژن و کۆمەڵگەی ڕۆژئاڤا / باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا'، تەنها بەرهەمێکی ئەکادیمی نییە، هاوکات بەڵگەنامەیەکی مێژوویی زیندووە کە مێژوو لە زاری دروستکەرانی ڕاستەقینەیەوە دەگێڕێتەوە.

بەرهەمی لێکۆڵینەوەی مەیدانی و دەنگی سەدان ژن

ئەم پەرتووکە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی بەرفراوان ئامادە کراوە کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ لە کانتۆنەکانی جزیرە، عەفرین، کۆبانێ، و مینبەج ئەنجام دراوە. تیمی توێژەرانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی سەدان چاوپێکەوتن و گفتوگۆیان لەگەڵ ژنانی پێشەنگ، تێکۆشەر و خەڵکی ئاسایی ئەنجام داوە. هەر بۆیە، ئەم پەرتووکە تەنها شیکارییەکی ئەکادیمی نییە، هاوکات دەنگ و ئەزموون و چیرۆکی ئەو ژنانەیە کە لەنێو ئاگری شۆڕشدا ژیاون و بەرخۆدانیان کردووە.

پەرتووکی 'ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن' کە لەلایەن ئەندامی ژنۆلۆژی، نەجیبە قەرەداغی لە شێوەزاری کورمانجی سەررووەوە وەرگێڕدراوەتە سەر شێوەزاری کورمانجی ناوەڕاست (سۆرانی)، بەم زووانە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە و زانیاری زیاتر لەسەر بەردەستبوونی لە ڕێگەی ماڵپەڕ و کەناڵە فەرمییەکانمانەوە ڕادەگەیەنین.