فه‌رمانده‌یی یه‌كینه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (یه‌ره‌كه) له‌باره‌ی هێرشه‌كان بۆ ناوچه‌كانی پێنجوێن، شارباژێڕ و چوارتای باشوری كوردستان راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا به بیرهێنراوه‌ته‌وه كه له نێوان ٣-٦ی تشرینی یه‌كه‌م فڕۆكه سیخوڕییه‌كان به‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كانی پێنجوێن، چوارتا و ئاسۆس سوڕانه‌وه.
فه‌رمانده‌یی یه‌ره‌كه باسی له‌وه‌كرد كه ٤ی تشرینی یه‌كه‌م كاتژمێر ١٤:٠٠ له ده‌شته‌كانی گوندی شێخهلماران له ناوچه‌ی چوارتا فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی هێرشبه‌ر ئۆتۆمبێلێكی مه‌ده‌نی كردووه‌ته ئامانج و راگه‌یه‌نرا كه "تائێستا له باره‌ی زیانه‌كانه‌وه هیچ زانیارییه‌كمان نییه".
فه‌رمانده‌ییه‌كه رایگه‌یاند، كه هه‌مان رۆژ كاتژمێر له نێوان ١٨:٠٠- ١٩:٠٠ له ده‌شتاییه‌كانی چورتا له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر بۆردومان ئه‌نجامدراوه و رایگه‌یاند، "ئه‌و شوێنانه‌ی كه هێرشیان تێدا ئه‌نجامدراوه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به هێزه‌كانی ئێمه‌وه نییه. له‌و هێرشانه‌دا زیانی ماددی به‌ر گه‌له وڵاتپارێزهكهمان كه‌وت".
'هه‌ندێك ده‌زگای راگه‌یاندن وه‌ك سیخوڕی داگیركه‌ران كارده‌كه‌ن'
له درێژه راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه به ررووماڵی هه‌ندێك ده‌زگای راگه‌یاندنی باشوری كوردستان كراوه و راگه‌یه‌نرا، " هه‌ندێك ده‌زگای راگه‌یاندن بۆ ئه‌وه‌ی هێرشه‌كانی داگیركه‌ری ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر باشوری كوردستان به ره‌وا نیشان بده‌ن، په‌كه‌كه و هێزه‌كانی ئێمه ده‌كه‌نه ئامانج. وه‌ك سیخوڕی داگیركه‌ران كار ده‌كه‌ن. ئێمه داوا له‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه ده‌كه‌ین كه له به‌رامبه‌ر هێرشه داگیركارییه‌كان به شێوه‌یه‌كی راست و دروست مامه‌ڵه بكه‌ن. ئه‌و شوێنانه‌ی هێرشیان كراوه‌ته‌سه‌ر هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به هێزه‌كانی ئێمه و په‌كه‌كه‌وه نییه".
هـ . ب