كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان(كۆدار) راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە چەکی کیمیایی و شەهیدبوونی ١٧ گەریلا بڵاوکردە و تیایدا باسی لەوەکردووە: بێدەنگی كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەتایبەتی دامەزراوەكانی مافی مرۆڤ لەبەرامبەر بەتاوانی شەڕ و خۆ كەڕ و كوێركردنی بەئەنقەست لەبەرامبەر بەو تاوانانە، بەواتای هاوبەشبوونی ئەو تاوانەیە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: " ئەركە لەسەر شانی گەلی كورد و هەموو ئازادیخوازان كە هاوشانی ئازادیخوازانی گەلانی هەرێمەكە، لەهەموو گۆڕەپانەكان و شوێنەكاندا رێگە لەو تاوانەی دەوڵەتی توركی فاشیستە بگرن."
دەقی راگەیەندراوەکە:
بێدەنگی لەبەرامبەر بەتاوانی شەڕی دەوڵەتی تورك، هاوبەشبوونە لەگەڵ تاوانەكەی دەوڵەتی توركدا
شەهیدبوونی ١٧ گەریلای هێزەكانی پاراستنی گەل"هەپەگە"بەدەست ئەرتەشی توركی داگیركەری بەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەهەرێمەكانی زاپ و ئاڤاشین لووتكەی وەحشیگەری دەوڵەتی تورك و بێ ویژدانی ئەو بێدەنگیەی كۆمەڵگەی جیهانیە. كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان"كۆدار"، سەرەڕای پرسە و سەرەخۆشی لەبنەماڵە و كەس و كاری شەهیدان و ریسوا و شەرمەزاركردنی ئەرتەشی دەوڵەتی داگیركەری تورك، ئەو هێرش و بەكارهێنانەی چەكی كیمیایی وەكو تاوانێكی شەڕ بەناو دەكات.
بەساڵانە ئەرتەشی دەوڵەتی توركی داگیركەر بەدەر لەهێرشی بەرفراوان لەسەر رۆژئاوا و هەرێمی باشوری كوردستان، شەڕێكی كیمیایی بێ بەزەییانە لەكاتی بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرێوە دەبات. ئەم مەترسیە گەورەیە و وەحشیانەیە، هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو گەلانی ناوچەكە. بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی دامەزراوەكانی مافی مرۆڤ لەبەرامبەر بەتاوانی شەڕ و خۆ كەڕ و كوێركردنی بەئەنقەست لەبەرامبەر بەو تاوانانە، بەواتای هاوبەشبوونی ئەو تاوانەیە.
بێگۆمان ئەمڕۆكە ئەم شەڕە لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد و گەریلای فیدایی هەڵگیرساوە، بەڵام ئەگەر ئەم پرۆسە و رێبازە لەلایەن گەلان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بەربەست نەكرێت، دەبێتە كردەوەیەك و هەڵوێستێك لەبەرامبەر بەگەلانی دیكە و بزوتنەوەكانی ترەوە. ئەوەی روو دەدات، نۆرمالیزەكردنی هێرشی كیمیایی و رای گشتی رۆژهەڵاتی ناوین و جیهانە لەبەرامبەر بەو تاوانانە لەلایەن هەژەمۆن و خۆلقێنەرەكانی شەرەوەیە. شەڕخوازی دەوڵەتی تورك لەچەند وڵاتێكی دراوسێ و پەلاماری سەربازی و بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو و كیمیایی بەواتای هەڕەشەكردنە لەگەلان و وڵاتی ترە.
كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان"كۆدار"جارێكی تر، پرسە و سەرەخۆشی لەبنەماڵەی هەر ١٧ گەریلای شەهید دەكات كە لەهەرێمەكانی زاپ و ئاڤاشین شەهید دەكات و بەتوندی تاوانی شەڕ و شەڕی كیمیایی دەوڵەتی تورك و ئەرتەشی تورك ریسوا و شەرمەزار دەكەین. ئەركە لەسەر شانی گەلی كورد و هەموو ئازادیخوازان كە هاوشانی ئازادیخوازانی گەلانی هەرێمەكە، لەهەموو گۆڕەپانەكان و شوێنەكاندا رێگە لەو تاوانەی دەوڵەتی توركی فاشیستە بگرن. هۆشیاری و هەستانەوەی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئەوروپا، تێكۆشانی گەلی كورد لەبەرامبەر شەڕ و تاوانی شەڕی دەوڵەتی تورك زیاتر لەهەركاتێك بەهێزتر دەكات. سەركەوتن و ئازادی، ماڵی گەلی تێكۆشەرە.
كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان"كۆدار"
٢٢ی تەشرینی یەكەمی ٢٠٢٢
هـ . ب