کەژەکە لەبارەی تیرۆری ئاکارسەل؛ هەرچییەک بکەن ناتوانن ڕێگریی لە شۆڕشی ژنان بکەن

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەژەکە ڕایدەگەیەنێت، کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل دوایین نمونەی سیاسەتی قڕکەری دەوڵەتی فاشیستی تورکە، کە لە کوردستان دژی ژنانی پێشەنگ ئەنجامی دەدات و پێویستە لە ئیدارەی سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسن لە دۆزینەویە تاوانباران.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەژەکە ڕایدەگەیەنێت، کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل دوایین نموونەی سیاسەتی قڕکەری دەوڵەتی فاشیستی تورکە، کە لە کوردستان دژی ژنانی پێشەنگ ئەنجامی دەدات، جەختیش دەکاتەوە لە ئیدارەی سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسن لە دۆزینەویە تاوانباران، دەشڵێت: هەرچییەک بکەن ناتوانن ڕێگریی لە شۆڕشی ژنان بکەن.

ئەمڕۆ کۆمیتەی پەیوەندییەکان و هاوپەیمانییە دیموکراتییەکانی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە پەیامێکی بەبۆنەی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی و سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆژیی لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانیی بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە:”بە تووڕەیییەکی زۆرەوە پێشوازی لە کوژرانی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و تەڤگەری ئازادیی کوردستان دەکەین و بە توندی ئیدانەی دەوڵەتی بکوژی تورک دەکەین، کوشتنی ناگیهان دوایین نموونەی سیاسەتی قڕکەری دەوڵەتی فاشیستی تورکە، کە لە کوردستان دژی ژنانی پێشەنگ ئەنجامی دەدات”.

دەشڵێت:”ناگیهان ئاکارسەل سیمبولێک بوو، کە نزیکەی ٣٠ ساڵە تێکۆشان بۆ فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادی دەکرد، کە ئەمڕۆ لە هەموو گۆشەکانی جیهاندا دەنگ دەداتەوە، بە ناسنامەی خۆی وەک ڕۆژنامەنووس-نووسەر و ژنۆلۆژیستێک لە نێو کۆمەڵگا و ژنانی کورد-دا ناسرابوو”.

کەژەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە تیرۆرکردنی نەگیهان ئاکارسەل ڕووداوێکی هەڕەمەکی نییە و هاتووە: چونکە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی فاشیستی تورک و دوژمنایەتیی خۆی بۆ ژنان پێشەنگی شۆڕشی ژنان لە کوردستان گەیاندووەتە بەرزترین ئاست، بەم پێیەش، پەیوەندییەکی ڕوون هەیە لە نێوان ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس ئەنجامدرا و شەهید ساکینە جانسز کرایە ئامانج، لەگەڵ ئەو کۆمەڵکوژییەی کۆبانێ کە لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ پێشەنگانی کۆنگرەستاریان کردە ئامانج، دواجاریش تیرۆرکردنی هاوڕێمان نەگیهان ئاکارسەل.

دەشڵێت:”دەوڵەتی فاشیستی تورک تێگەشتووە لە ڕۆڵی ڕێکخستنەکانی ژنان لەناو تەڤگەری ئازادیی کوردستاندا، بۆیە بە ئامانجی شکستپێهێنانی تێکۆشانەکەمان و شکاندنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەمان و نەهێشتنی تێکۆشانمان بۆ ئازادیی، بە شێوەیەکی سیستماتیک پێشەنگانی تەڤگەری ئازادیی ژنان دەکاتە ئامانج”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە: شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل دوا ئەڵقەی ئەو زنجیرە تیرۆرانەیە، کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا میتی تورک لە کوردستان ئەنجامی داوە و چوار ئەندامی تەڤگەری ئازادیی و وڵاتپارێز تیرۆرکراون، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانە لە سلێمانی کراون، ئیدارەی سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیارن.

کەژەکە جەختی دەکاتەوە: ئێمە قبوڵ ناکەین کە دەوڵەتی تورکی دوژمنی کورد، پلانە گڵاوەکانی خۆی و کۆمەڵکوژییە دڕندانەکانی بەسەر ئەو ناوچانەدا جێبەجێ بکات، کە لاوانی کورد تێیدا دەژین، چاوەڕی دەکەین ئیدارەی شاری سلێمانی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دەستگیرکردنی بکوژان و دابینکردنی سەلامەتی کوردان لە کوردستان. ئەمەش دەبێتەهۆی ڕاگرتنی هەموو کارە چەپەڵەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک لەسەر سنووری باشووری کوردستان.

دەشڵێت:”بەڵام یەک ڕاستی هەیە کە دەبێت بیزانن؛ هەرچییەک بکەن ناتوانن دوورمانبخەنەوە لە ئازادیی و ڕێگریی لە شۆڕشی ژنان بکەن، کاتێک یەکێکمان لێ کەمدەبێتەوە، هەزارانی دیکە شوێنی دەگرنەوە، ئەم ڕاستییەش ئەمڕۆ زۆرتر لە سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی کوژرانی ژینا ئەمینیی دەبیندرێت”.

کەژەکە داواش لە ژنانی كوردستان و جیهان دەکات، كە لە دژی تیرۆرکردنی ئەندامان و لایەنگرانی تەڤگەری ئازادیی كورد لە لایەن توركیاوە هەڵوێستی تووندیان هەبێت و دەڵێت: لە هەموو کاتێک گرنگترە کە ئێمە وەک ژنانی جیهان بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر و کاریگەرتر لە دژی هێرشەکانی سیستەمی پیاوسالاریی جیهانی بووەستینەوە، داوا لە گروپە سەربەخۆکانی ژنان، بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان، زانایانی فێمینیست و هەموو ئەو ژنانەی کە لە تێکۆشاندان بۆ بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد، دەکەین؛ تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل شەرمەزاربکەن، خاوەندارێتیی لە یاد و یادەوەرییەکانی بکەن و بەرگری لە شۆڕشی ژنان بکەن و لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرشانە هەستنەسەرپێ، کە تەڤگەری ئازادیی ژنانی کوردستان دەکاتە ئامانج.

ف.ق