مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان

ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بڵاوکراونەتەوە، داخستنی سەرجەم بازار و دوکانەکان نیشان دەدەن. پژاک، کۆدار و کەژار پێشتر لە بەیاننامەیەکدا لە دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی داوای یەکگرتنی گەلی کورد و مانگرتنی سەرتاسەری کردبوو.

دیمەنی ڤیدیۆیی مانگرتنی سەرتاسەری دوکانداران و بازاڕەکان لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، نەغەدە، بوکان، مەهاباد، پیرانشار، ڕەبەت، سەردەشت، سانێ، کامیاران، دیۆلان، سەقز، دیواندەرە، مەریوان، کرماشان، شاهو، پاوە، شاباد، گیلان غەرب، جوانرۆ، سیلاس باوەجانی ، ڕەوانسەر، ئیلام، ئاودانان و دێزفول لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکراونەتەوە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، پژاک و كۆدار و كەژار داوایان لە گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان كرد، بۆ شەرمەزاركردنی سیاسەتەكانی رژێمی ئێران و هێرشی مووشەكی بۆ سەر بنكەكانی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشووری كوردستان، دەست بە مانگرتن بکەن.

کۆمەڵە، لقی کوردستانی حیزبی کۆمۆنۆستی ئێران و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانێش داوای مانگرتنی گشتیان کرد.

شایەنی باسە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکی ڕژێمی ئێراندا لە ڕێکەوتی ٢٨ی ئەیلولدا لەسەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان ١٢ کەس شەهید بوون و ٤٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ف.ق