نامیلکەیەکی شەهید دیار غەریب بە هەورامیی بڵاودەکرێتەوە

نامیلکەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی لە نووسینی شەهید دیار غەریب ناسراو بە “هەڤاڵ هەڵمەت” بە زاراوەی هەورامیی کەوتە بەردیدی خوێنەران.

نامیلکەکە لەلایەن “دەستەی وەرگێڕان بۆ هەورامی” کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە و بەمزووانە لە سەرجەم کتێبخانەکانی باشووری کوردستان دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

ناوەڕۆکی نامیلکەکە پرۆژەیەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگە و سیستم، کە لەبیر و بۆچوونەكانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە سەرچاوە دەگرێت، كە لەدووتوێی بەرگرینامەكانیدا خستوویەتییەڕوو.

لە ئێستاشدا لە ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا كاری لەسەر دەكرێت و كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە.

شەهید دیار غەریب ناسراو بە هەڤاڵ هەڵمەت، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە بوو، لە ژیانیدا خاوەنی چەند کتێب و نامیلکەیەکە و یەکێک لە بەرهەمەکانیشی نامیلکەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی بوو، ساڵی ٢٠١٩ لە بۆردوومانێکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە بناری قەندیل شەهیدبوو.

ف.ق