رێخراوی مافی مرۆڤی ئێران: ژمارەی کوژراوەکانی راپەرینی ئێران و رۆژهەڵات گەیشتە ١٣٣ کەس

خۆپیشاندانی سەرتاسەریی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ١٦ رۆژە بەردەوامە و خوێندكارانی زانكۆ و هاوڵاتییان دەستیان بە خۆپیشاندانەكان كردەوە. ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش ئامارێكی نوێی لە بارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەکانەوە بڵاوكردەوە.

ئەمڕۆ لە شەقامی لالەزاری شاری تاران، خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشمی دژ بە خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەستپێكرد.

هاوكات خوێندكارانی زانكۆی تاران لە بەشی تەكنیكی و خوێندكارانی زانكۆی بابۆلسەر لە مازەندەران گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

خۆپیشاندەران لە شاری ئەسفەهان ڕوویان لە شەقامەكان كرد و شەقامی ناوچەی پیشەسازی شاهپور-یان داخست.

لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش لە شاری سنە خوێندكارانی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی كوردستان و لە شاری كرماشانیش خوێندكارانی زانكۆی ڕازی بە دروشمی “ژن، ژیان ئازادی” درێژەیان بە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەكانی ڕۆژانی ڕابردوو دا.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش بڵاویكردەوە، كۆی گشتی کوژراوەژاب گەیشتووتە ١٣٣ كەس.

ڕێكخراوەكە دەڵێت، كوشتنی خۆپیشاندەران، بەتایبەتی ئەو كۆمەڵكوژیەیی لە زاهیدان ڕوویدا، نموونەی تەواوی تاوانێكی دژ بە مرۆڤایەتییە و پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەدواداچوون بۆ ئەم تاوانە نوێیانەی ئێران بكات.

ف.ق