تەنها یەک هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە قەرارە لە ١٨ی کانوونی یەکەمدا بەڕێوە بچێت. ئەندامان و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکانی گەلی شەنگاڵ، دوێنێ لە هەرێمی سەردەشتی شەنگاڵ کۆبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانی خۆیان بۆ کاندیدی پادێ، قاسم کەشکۆ ڕاگەیاند.
پێش ڕاگەیاندنەکە، بەڕێوەبەریی شارەوانیی گەلی شەنگاڵ خەلیل حەجی قسەی کرد و وتی:" ئێمە وەک شارەوانییەکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەری هەستمان بە ئەرک و بەرپرسیارێتی کردووە بڵێین قاسم کەشکۆ کاندید دەکەین. وەک چۆن تا ئەمڕۆ بەرگریکاری کۆمەڵگاکەمان بووین، چاوەڕێین کۆمەڵگاکەشمان گرنگی بە ئیرادەی خۆی بدات و داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە هەڵبژاردندا دەنگ بە کاندیدەکەمان قاسم کەشکۆ بدەن بۆ داهاتوویەکی ڕوون و ئازاد".
پاش وتارەکەی خەڵیل حەجی، بە بەناوی ئیدارەی شارەوانییەوە بەیاننامەیەک بڵاوکرایەوە. لە بەیاننامەکەدا کار و تێکۆشانی قاسم کەشکۆ لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٤ تا ئەمڕۆ وەبیر هێنرایەوە و بانگەوازی کرا:"قاسم کەشکۆ چەکی هەڵگرت بۆ تۆڵەسەندنەوەی گەلەکەی شەڕی داعشی کرد، هیوادارین و چاوەڕوانین گەلەکەمان خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی بکات".
هەروەها ئەندامان و بەڕێوەبەرانی بەشداربوو لە ڕاگەیاندنەکەدا، یەک بە یەک پشتیوانی خۆیان بۆ قاسم کەشکۆ کاندیدی پادی دەربڕی. ئەندامی شارەوانی گەلی شەنگاڵ زیاد قەوال داوای لە پێکهاتەی ئێزدی کرد بە هیوایەکی بەرزەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و وتی:"وەک چۆن لەناو گەلەکەمان خزمەت بە گەلەکەمان دەکەین، چاوەڕێی ئەوەش دەکەین گەلەکەمان دڵخۆش بێت و بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە قاسم کەشکۆ بدەن، لە مەیدانی شەڕەوە تا قوتابخانە، ڕەنجی زۆری داوە و خزمەتی کۆمەڵگەی ئێزدی کردووە. کۆمەڵگاکەمان نابێت رەنج و ماندووبوونەکانی قاسم کەشکۆ لەبیر بکات."
یەکێک لە ئەندامانی شارەوانی گەلی شەنگاڵ، هادی شەنگاڵی، ڕایگەیاند، پێویستە هەمووان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی ڕەنجەکانی شەنگاڵ بن ئاو نەبێت و وتی:" ئێمە پێمان وایە سەرکەوتن هی ئێمەیە، تا ئەو شوێنەی دەیبینین، گوێی گەلەکەمان لەکاندیدەکەمانە. هیوادارین رەنج و زەحمەتەکانی بەفیڕۆ نەچێت."