باراکی نێردەی ئەمریکا لە سوریا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟

تۆماس باراک و تیمەکەی خواست و هەستیارییەکانی تورکیا لەبەرچاو دەگرن، کەچی دۆخی گەلانی ناوچەکە لەبەرچاو ناگرن.

هەواڵەکان باس لەوەدەکەن تۆماس باراک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، بڕیارە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کۆببێتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق تاوتوێ بکات. دەوڵەتی ترەمپ هەوڵدەدات بە جۆرێک کۆنترۆڵی سوریا بەدەست بگرێت. دەوترێت ئەحمەد شەرع لەم بابەتەدا لاری نییە. کۆبوونەوەی شەرع لەگەڵ ترەمپ جگە لەمە هیچ مانایەکی دیکە هەڵناگرێت. دەرئەنجامی ئەم پڕۆسەیە دەبێتە بەشداربوونی  سوریا لە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی.

پەیوەست بە ئەحمەد شەرعەوە دەسەڵاتی سیاسی لە پێش ئایین و ئایدۆلۆژییەوەیە. زۆر باش دەزانێت بەبێ پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. ئەگەرچی ڕاوێژکار و لایەنگری سەرەکیشی ئەردۆغانە.

لە ڕووی بیرکردنەوەوە ئەردۆغان هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ تەحریر شام  نییە. تورکیا تاکە وڵاتە کە لەم ڕووەوە لەگەڵ تەحریرشام هیچ ناکۆکی نییە. لە ئێستادا شەرع هەوڵ دەدات حکومەتێکی ناوەندیتر لە ڕژێمی بەعس دروست بکات. جیاوازییەکەی لەگەڵ ئەسەد لەوەدایە کە ئەمان زیاتر ئایین تێکەڵی دەسەڵات دەکەن.

هەروەها هیچ ناکۆکیەکی ئایینی و دینی لە نێوان ئەردۆغان وهەتەشەدا نییە. سوریایەکی دیموکراتیک نە خواست و نەداخوازی ئەردۆغانە. چەندە هەتەشە دەوڵەتێکی دەسەڵاتدارتر دامەزرێنێت بۆ ئەردۆغان ئاسانترە کە لەگەڵی لە هاوکاریدا بێت.

ئەردۆغان دەیەوێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ترەمپ، قەسەدە بخاتە پەراوێزەوە. بە پێداگرییەوە دەڵێت: "دەبێت هێزەکانی قەسەدە لەناو سوپادا تێکەڵ بکرێن و بەوشێوەیە هەڵبوەشێنرێنەوە". ئێستا لە سوریا هیچ ئاسایش بوونی نییە، بەڵام ئاسایشی هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەری و گەلەکەی بۆ ئەوان گرنگە. هەروها داواکاری یەکەمی تورکیاش هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی قەسەدەیە و ڕێگریکردنە لە بەدەستهێنانی پێگەیەکی سیاسیی بۆ گەلی کورد.

ئەمەریکا، سوریا و تورکیا پێکەوە کاردەکەن بۆ ڕادەستکردنی کەمپ و زیندانەکانی داعش بە حکومەتی دیمەشق. باس لەوە دەکرێت لەو بارەوە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا کراوە. لە لایەک لەتورکیا دروشمی " خوشک و برایەتی کورد و تورک" دەڵێنەوە، لە لایەکی دیکەش درێژە دەدەن بە نەهێشتنی کورد. باراک زۆر باش دەزانێت کە تورکیا چی دەوێت. هەتەشە بە هەموو شتێک وەڵامی ئەرێنی دەداتەوە، بەڵام لە پراکتیکدا بە ڕێگای خۆیدا دەڕوات. ئەوانەی دەچنە ناوهێزە سەربازی و ئەمنییەکان، بە گوێرەی ڕۆانگە و خواستی خۆیان مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکەن. ئامانجیان وەرگرتنی ئایدیۆلۆژییە. ئەمریکا و هێزەکانی ئەوروپا بێ ئاگا نین لەم بابەتە.

 ئەو دەستوورە کاتیەی کە داڕێژراوە بە تەواوی نادیموکراتیکە، بەڵام تەنانەت هیچ کاردانەوەی جددی لێنەکەوتەوە. باراک و تیمەکەی بە لەبەرچاوگرتنی داواکارییەکانی تورکیا، دۆخی گەلانی ناوچەکە لەبەرچاو نەگرن. ئایا شۆڕشی سوریا تەنها لە ئەنجامی هەتەشە بەدەست هاتووە؟ سوپای قەسەدە زیاتر لە ٢٠هەزار شەهید و برینداری داوە. لەگەڵ هاوپەیمانان داعشیان تێکشکاند. ئەگەر داعش شکستی نەهێنابا و هێزەکانی قەسەدە نەبووایە، ئایا ئەمڕۆ هەتەشە دەیتوانی لە دیمەشق بێت؟ ئەم ڕاستیانە وەک ئەوەی بوونیان نەبێت مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

پێویستە باراک و تیمەکەی لە هەتەشە بپرسن بۆچی گەلانی ناوچە خۆبەڕێوەبەرییەکان لەبەر چاو ناگیردرێن؟  لە ١٠ی ئادار ڕێککەوتنێک لەگەڵ هەتەشە واژۆ کرا، بەڵام ئەوان هیچ کەسێکیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی سوریا پێکدەهێنن، لە حکومەتدا بەشدار نەکردووە. لە وەزارەتەکاندا هیچ شوێنێکیان پێ نەدراوە. لە کاتێکدا ئەم گەلانە مافی خۆیانە بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکەن. بە پێچەوانەوە ڕژێمی بەعس گۆڕا بۆ ڕژێمێکی تاکڕەو. بۆیە هەم دیموکراسیکردنی حکومەت و هەم بەهێزکردنی بە  بەشداریکردنی گەلان لە بەڕیوەبەریدا پێویستە. پرسەکە تەنها تێکەڵکردنی هێزەکانی قەسەدە لە گەڵ سوپای سووریا نییە.

بەگشتی هەتەشە بە ڕێگەی دیموکراسی کێشەکان چارەسەر ناکات. کاتێک کێشەیان لەگەڵ عەلەوییەکان هەبوو، هێزیان بەکار هێنا و ئەم کردەوەیە بووە هۆی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان. ژن و کچانی عەلەوی دەڕفێنرێن و وەک غەنیمەتی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

هەروەها مامەڵەیان لە گەڵ دروزییەکانیش جیاوازی نییە. ئەگەر هێز و دەرفەتیان هەبێت، بەیعەت بەسەر هەموو پێکهاتەکاندا دەسەپێنن؛ و ئەوانەی ڕەتی بکەنەوە کۆمەڵکوژیان دەکەن. ئەمانە گومان نین، بەڵکو ڕاستییەکن کە بەساڵانە بە کردەوە دەرکەوتوون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشێکی خۆکوژی لە دژی کەنیسەیەک لە دیمەشق ئەنجامدرا؛ کۆمەڵکوژیی ڕوویدا. ئەمە چ عەقڵیەت و ڕوانگەیەکە؟ چۆن مرۆڤەکان شایستەی مردن بن تەنها لەبەر ئەوەی خاوەن ئاینێکی جیاوازن ؟ ئایا دەیانەوێت بە کوشتن، ئایین و بیروباوەڕەکانی تر لەسەر ڕووی زەوی بسڕنەوە؟

ئەم خاکانە خاکێکی کۆنن؛ نەتەوە و بیروباوەڕی جیاواز بە هەزاران ساڵە لێرە پێکەوە ژیاون. ئێستا دەبێت لەناوببرێن و لە زێدی خۆیان دەربکرێن؟ ئەوان دەیانەوێت مەسیحییەکان وباوەڕدارانی ئایینەکانی دیکە لەو ناوچانەدا پاک بکەنەوە. ئەوان دەیانەوێت گەلانی ناوچەکە هەست بە نائارامی بکەن و ناچار بن کۆچ بکەن.