فابیۆ مارسێل: بۆئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستە ئازاد ببێت

پارێزەری ئیتالی فابیۆ مارسێل کە ئەندامی شاندەکەی ئەورووپا بوو بۆ خواستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا، گوتی: "بۆئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، دەبێت پێش هەموو شت گۆشەگیری لاببرێت و ئازاد بێت."

فابیۆ مارسێل

لە ١ـی تەممووز شاندێکی ٣٩ کەس لە چوارچێوەی کەمپینی 'دەمەوێت لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دیدار بکەم' هاتنە تورکیا و بە خواستی دیداری ڕێبەر ئاپۆ داواکارییان پێشکەشی نوسینگەی یاسایی سەدە کرد. دوای زنجیرەیەک چاوپێکەوتن و دیدار لەگەڵ لایەن و پارتەکاندا، شاندەکە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشییان خوێندەوە و تێیدا ڕایانگەیاند: "بۆئەوەی پرۆسەی دیموکراتیک بە وزەیەکی بەهێزەوە سەرکەوێت، دەبێت بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی سیاسی دیکە بەبێ مەرج ئازاد بکرێن." هەروەها ڕێبەر ئاپۆ بە پەیامێک خۆشحاڵی و سوپاسی خۆی بۆ هاتنی شاندەکە دەربڕی و ڕایگەیاند، 'هیودارم لە ژینگەیەکی دیموکراتیکییدا چاومان بەیەک بکەوێتەوە.'

لە شاندەکە کە لە پەرلەمانتار، نووسەر، ڕۆژنامەوان و پارێزەر پێکهاتبوون، پارێزەری ئیتالی فابیۆ مارسێل بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد. مارسێل ئاماژەی بەوەدا ماوەی ٣٣ سەرقاڵی پرسی کوردە و دەستنیشانی کرد خاوەنداری گەل زۆر گرنگە بۆ ئاشتییەکی یەکسان.

'لەمێژە سەرقاڵی پرسی کوردم'

مارسیل دەستنیشانی کرد لەکاتی دروستبوونی پارتی دیموکراستی (دەپ)ەوە سەرقاڵی پرسی کوردم و گوتی، کاتێک لەیلا زانا، ئۆرهان دۆغان، ئەحمەد تورک و هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی دەبەپە پارێزبەندییان هەڵگیرا و لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت دادگای کران هاتووەتە تورکیا.

مارسێل ئاماژەی بە پیلانگێری نێونەتەوەیی سەر ڕێبەر ئاپۆ کرد و ئاماژەی بەوەدا لەوسەردەمەدا کۆمەڵێک هۆکاری وای لە ئیتالیا کرد لەڕێگەی دادگای ڕۆماوە لە پێدانی مافی پەنابەری بە ڕێبەر ئاپۆ پەشیمان بێتەوە و گوتی: "بێگومان ئەم دۆخە لە ڕووی یاساییەوە و بەگوێرەی پێوانەی دیموکراستی جێگەی قبوڵ کردن نییە."

'بیرۆکەی کۆنفیدارڵیزمی دیموکراتیکی ئۆجالان زۆر سەنگینە'

مارسێل ئاماژەی بەوەدا ڕێبەر ئاپۆ بیرۆکەی زۆر سەنگینی ئافراندووە، لە نێو بیرۆکەکانییدا لە ئابووری تا بگات بە ئازادی ژن و لایەنگری ئیکۆلۆژیا زۆر سەنگینە و ئەمەش پڕبەپێستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و گوتی: "بیرۆکەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بەڕێز ئۆجالان ڕێگەی ڕزگاری ڕۆژهەڵاتی ناوینە لە قەیران و جەنگەکانی. سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و چەندین وڵاتی دیکە مۆدێلێکە قابیلی جێبەجێ کردنە."

'پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا جێگیربکرێت'

مارسێل دەستنیشانی کرد 'بانگەوازی ئاشتی و دیموکراتیک'ـی ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازییەکە پەرە بە بەڕێچوونی پرۆسەکە دەدات و گوتی: "لەکاتێیدا باس لە چەکدانان دەکرێت، ئەوا دەتوانرێت پەرە بە پرۆسەکە بدرێت و بەهێزترەوە بەڕێوەببرێت.

مارسێل جەختی لە پێویستیی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کردەوە و گوتی: "بۆئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستە ئازاد ببێت. هەروەها مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد لە دەستووردا جێگیربکرێت. هەموو ئەمانەش هەنگاوگەلێکن پێویستە حکومەت جێبەجێییا بکات."

'کۆمەڵایەتیبوونی بابەتەکە زۆر گرنگە'

لە کۆتاییدا ئەندامی شاندەکەی ئەرووپا و پارێزەر فابیۆ مارسێل جەختی لە گرنگی بەشداری و خاوەنداری گەل لە پرۆسەکە کردەوە بۆ ڕەخساندنی ئاشتییەکی یەکسان و ئەمەی گوت: "کۆمەڵایەتیبوونی بابەتەکە زۆر گرنگە. ئەوانەی شەڕییان دەوێت بۆ پاراستنی بەرژوەندییەکانی خۆیانە، گەل شەڕی ناوێت. چارەسەرکردنی پرسی کورد بەمانای دیموکراتیزبوونی هەموو کەسێک دێت. هەر پرۆسەیەک بەشداری گەلی تێیدابێت، ئەوا دەتوانێت بە دیموکراتیزبوون ئەنجامگیربێت. ئەم بابەتە بۆ هەموو وڵاتێک یەک شتە. ئەوەی لێردا گرنگە کۆمەڵایەتیبوونی پرۆسەکەیە."