ئاماری نوێی کوژراوەکانی ئێران: هەزار و ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە

بەرپرسێکی ئێرانی لە بەشداری تەلەفیزیۆنی دەوڵەتدا ئاماری کوژراوانی شەڕی ئسرائیل-ئێرانی خستەڕوو و ڕایگەیاند، دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل ژمارەی کوژراوەکان لە وڵاتدا بۆ هەزار و٦٠ کەس بەرزبووەتەوە.

سەعید ئۆحدی، بەرپرسی ناوەندی کاروباری شەهیدان وکەمئەندامان ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی، ڕایگەیاند: "تا ئەم کاتە هەزار و ٦٠ کەسمان لە سەرانسەری وڵاتدا بە خاک سپاردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پێشوو، لە شەڕەکەدا کە لە ١٣ی حوزەیران بە هێرشی ئیسرائیل دەستیپێکرد و لە ٢٤ی حوزەیران بە ئاگربەست کۆتایی هات، ڕاگەیەندرا لانیکەم ٩٣٥ کەس کوژراون.

لە ماوەی شەڕی ١٢ڕۆژە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران و هاوکات نزیکەی ١٠ زانای ئەتۆمی ئێران کوژران.

مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی دووشەممە ٧ی تەمموز، بانگەشەی ئەوەیکرد کە ئیسرائیل هەوڵی تیرۆرکردنی داوە بەڵام شکستیان هێنا.