'شەڕی دەروونی لەگەڵ دەستگیرکراوانی بادیناندا دەکرێت'

پارێزەرێکى دۆسیەى دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، دەستگیرکراوانی بادینان لە دوای مانگرتنەکەیان لە زیندان، شەڕی دەروونییان لەگەڵ دەکرێت و لە چەندین مافیش لەناو زینداندا بێ بەشکراوان، دەشڵێت:”ڕێگریی لە ئێمە دەکرێت چاومان پێیان بکەوێت”.

بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دۆسیەى دەستگیرکراوانی بادینان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:”دەسگیرکراوانی بادینان لە دوای مانگرتنەکەیان لە زیندان، شەڕی دەروونییان لەگەڵ دەکرێت و لە چەندین مافیش لەناو زینداندا بێ بەشکراون”.

وتیشى:”دەستگیرکراوانى بادینان بێبەشکراون لە چەندین ماف، لەوانەش خوێندن و هەندێ ڕێکارى دیکە، ئاوی پێویستیان بۆ خواردنەوە نییە، شوێنەکەیان نەگونجاوە، بەجۆرێک لە هۆڵێکدا تەنها جێگای هەشت کەس دەبێتەوە، بەڵام زیاتر لە ٢٠ کەسی تێدایە، بۆیە ڕووبەڕووى چەندین نەخۆشی پێست بوونەتەوە”.

هەروەها ئەوەشی وت:”بەوهۆیەوە داوایان کردووە بگوازرێنەوە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی، چونکە لە چاکسازی گەورانی هەولێر هەست بە بێتاقەتیى و بێزاریی دەکەن”.

ئەو پارێزەرە ڕاشیگەیاند، “لە چاکسازیی گەورانی هەولێر ڕێگریمان لێ دەکرێت چاومان بە دەستگیرکراوان بکەوێت، لەکاتی سەردانیکردنی لیژنەکانی مافی مرۆڤیش بۆ لای دەستگیرکراوان، بەهەمان شێوە ڕێگرییان  لێدەکرێت و ڕێگەنادەن چاویان بە گیراوانی بادینان بکەوێت”.

لەبارەی ئازادکردنی مەرجداری زیندانیانی بادینانیشەوە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانییانی بادینان وتی:”لە ئایندەیەکی نزیکدا هەواڵی خۆش لەسەر ئازادکردنی مەرجداری زیندانییانی بادینان دەبیستن”.

بەشدار حەسەن ئەوەشى خستەڕوو، کە زیندانییانی بادینان “بێ تاوانن و بەهۆکاری سیاسیی تاوەکو ئێستا لە زیندانن، چونکە ئەم ئازادیخواز و چالاکوانانە بەهۆی ڕەخنە گرتنەوە لە حکومەت دەستگیرکراوان”.

ف.ق