تەڤگەری ئازادی هێرشەكانی ئێران ریسوا و شەرمەزار دەكات

تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان سەبارەت بە بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان رایگەیاند: "ڕژێمی ئێران بۆ داپۆشینی شكستەكانی لەبەرامبەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی گەلانی ئەو وڵاتە خوازیارە بەو هێرشانە ڕای گشتی چەواشە بكات".

تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا، هێرشی مووشەكی و بۆمببارانی جمهوری ئیسلامی بۆسەر بارەگا و شوێنە مەدەنییەكانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆیە و زڕگوێز و شارباژێڕ و گەڵاڵە و شێراوەی پردێ بەتوندی ئیدانە و شەرمەزار دەكات و دەڵێت؛ ڕژێمی ئێران بۆ داپۆشینی شكستەكانی لەبەرامبەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی گەلانی ئێران كە بە مەرگی تراژیدیای كچی كورد ژینا ئەمینی گڕی گرتووە و بە پێشەنگیەتی ژنان و گەنجانی ئازادیخواز ڕێبەرایەتی دەكرێت شكستێكی مێژووی خواردووە هەر بۆیە خوازیارە بەو هێرشانەی بۆ دەرەوەی سنوور ڕای گشتی چەواشە بكات و ڕەوایەتی بدات بە سەركوتی زیاتری گەلی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵات و تەواوی گەلانی ئێران.
دەقی راگەیەندراوەكەی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان:
بۆ ڕای گشتی
هێرشی مووشەكی و بۆمببارانی جمهوری ئیسلامی بۆسەر بارەگا و شوێنە مەدەنییەكانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆیە و زڕگوێز و شارباژێڕ و گەڵاڵە و شێراوەی پردێ بەتوندی ئیدانە و شەرمەزار دەكەین -
وەك ئاشكرایە ڕژێمی ئێران بۆ داپۆشینی شكستەكانی لەبەرامبەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی گەلانی ئێران كە بە مەرگی تراژیدیای كچی كورد ژینا ئەمینی گڕی گرتووە و بە پێشەنگیەتی ژنان و گەنجانی ئازادیخواز ڕێبەرایەتی دەكرێت شكستێكی مێژووی خواردووە هەر بۆیە خوازیارە بەو هێرشانەی بۆ دەرەوەی سنوور ڕای گشتی چەواشە بكات و ڕەوایەتی بدات بە سەركوتی زیاتری گەلی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵات و تەواوی گەلانی ئێران، وەك ئاشكرایە داگیركەرانی كوردستان لە هەموو لایەكەوە هێرش دەكەنە سەر گەلی كورد دەوڵەتی توركی فاشیست لە ڕۆژئاوا تا مەخموور و شەنگال و بادینان و شارباژێڕ ڕۆژ نییە كۆمەڵكوژی ئەنجام نەدات ئەوەتا دەوڵەتی ئێران و توركیا پێكەوە لە هاوكاریدان بۆ لەناوبردنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد و پێشگرتن لە بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان، دەبێت لەبەرامبەردا گەلەكەمان هێزی خۆی زیاتر بە ڕێكخستن و بە گەڕ بخات بۆ خۆپاراستن لە هێرشی داگیركەران و هێزە خائین و هاوكارەكانیان، تەنیا یەكێتی و یەكگرتوویی سەركەوتن مسۆگەر دەكات كات كاتی یەكگرتن و هاوكاریكردن و یەك هەڵوێستیە لەبەرامبەر داگیركەرانی كوردستان - پێویستە هەر هێز و لانێكی سیاسی و هەر تاكێكی كورد بە ئەركی وڵاتپارێزی و ئەخلاقیانەی خۆی ڕابێت لەبەرامبەر هێرشی داگیركەران بۆسەر خاك و سەرەوەری و ژیانی هاووڵاتییان ـ لە لایەكی تر پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتی عێراق و سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و بەغدا خاوەن هەڵوێستی بەرپرسیارانە و جددی بن بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشە دوژمنكارانەیە لەلایەن ئێران و توركیا بۆ سەر باشووری كوردستان،
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و شەهیدانی هێرش و بۆمببارانی داگیركەران ـ
بژی بەرخۆدانی گەلانی ئازادیخواز ـ
 
تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
٢٩/٩/٢٠٢٢