"تورکیا بە بەرچاوی هەموو دونیا دژی کورد چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە"

ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی رایگەیاند: " بانگ لەگەلەکەمان دەکەین بە یەکێتی و هاوهەڵوێستی ڕووبەڕووی داگیرکەران ببینەوە".

سوپای تورکی داگیرکەر کە ناتوانێت بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان تێکبشکێنێت، بەردەوام بۆمبی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی بەکاردێنێت لە ١٩ی مانگدا داگیرکەران ١٦ جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراویان لە دژی تونێلەکانی جەنگ بەکارهێنا.

لەلای خۆیانەوەی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی ڕای گشتی ناوەندە نێودەوڵەتیەکانی وەکو ڕێکخراو و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کرد و تیدا هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیان ئیدانە و شەرمەزار کرد و داوایان لە تەواوی ڕێکخراوەکانی دژە چەکی کۆکوژەکان کرد کە لەپێناو بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی بێنەدەنگ بۆئەوەی نەبنە هاوبەشی دەوڵەتی تورک لەو تاوانانە دژی مرۆڤایەتییە و نەبنە هاوکاری دەوڵەتی فاشیستی تورک.

 کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بەیاننامەکەی بەناوی ئەنجوومەنی کەرکوکەوە خوێندەوە و ووتی: "گەلی کورد لە هەموو گەلانی تری دونیا زۆرتر ڕوبەڕوی چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو و کۆمکوژی کراوەتەوە، مێژووش سەلماندوویەتی کە ئەم گەلە تەنانەت بەو چەکەش لەناو ناچێت، هەڵەبجە و زیلان و دێرسیم گەواهیدەری ئەو ڕاستییەی سەلماند، ئەم دواییانە سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هەرێمی ئاڤاشین و مەتینا و چیای جودی بە بەرچاوی هەموو دونیا و بە ڕۆژی ڕوناک لە بەرانبەر تونێل و سەنگەرەکانی گەریلاکانی ئازادی مرۆڤایەتی و ڕزگاری کوردستان، چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، وە تادێت دەستبردنی ئەو سوپا داگیرکەرە بۆ ئەو چەکە زیاتر و زیاتر دەبێت".

 هەروەها کۆمەڵ سەرمەد ووتیشی: "هەڵبەت ئەمەش لەدوای ئەوە هات، کە ئەم دەوڵەتە لە شەڕی تەقلیدی لە بەرانبەر  یەکینەکانی گەریلا توشی شکستی جۆراوجۆر بۆتەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ هێشتنەوەی ئەردوغان و ڕەگەزپەرستی ئەو شەڕە دەکات، خۆشیان دەزانن لە بەرانبەر کوردی ئازاد بە گشتی و گەریلای ئازادی سەرکەوتونابن، دیارە کە ئێمە وەکو کورد بۆهەمیشە ئاشتیخواز بووین و لایەنی شەڕ نەبووین، شەڕ بەسەر ئێمەدا سەپێنراو، ئەگەرچی دەوڵەتی تورک جاش و خاین و سیخوڕی هەیە، لەشکری گەورە و جبەخانەی بەهێزی شەڕی هەیە، ئەوە هەرگیز بەواتای ئەوە نایەت کە ئێمە گەلێکی تەسلیم بووین، گەڵی كورد لەگەڵ بەرخودانو ژیانی شەڕكردندا توانای خۆپاراستنی هەیەو لە مێژووشدا چەندین دوژمنی دڕندە تر لە دوژمنی ئێستا هەوڵی لە ناوبردنی گەلی كوردی داوە و نەی توانییوە".

 لە کۆتایدا هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی ووتی: "داوا لە تەواوی مرۆڤایەتی بەویژدان و بەڕەوشت دەکەین، داوا لە تەواوی ڕێکخراوە دژە چەکە کۆکوژەکان دەکەین لەپێناو بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی بێنەدەنگ بۆئەوەی نەبنە هاوبەشی دەوڵەتی تورک لەو تاوانانە، ئەگەر ناتوانن شەڕ بوەستێنن، کارێک بکەن شەڕ بە هاوسەنگی بەڕێوەبچێت و نەبنە هاوکاری دەوڵەتی فاشیستی تورک، ئەو چەکانەی خۆتان دروستتان کرد و خۆتان داوتانە بە تورکیا و خۆتان قەدەغەتانکرد، ئێستاش مەهێڵن لە دژی کوڕ و کچی کورد بەکاربهێنرێت، بانگ لەگەلەکەشمان دەکەین بەیەکێتی و هاوهەڵوێستی ڕووبەڕووی داگیرکەران ببینەوە".

 هـ . ب