ئاکەپە لە ئێستاوە کار بۆ هەڵبژاردنەکانی خەلات دەکات

دەسەڵاتداری ئاکەپە- مەهەپە تێگەشتووە لەوەی شارەوانی خەلات لە دەستدەدات و دەم پارتی سەرکەوتن بەدەستدێنێت، ئەو کۆچبەرانەی ماوەیەکی زۆرە لە خارپێت نیشتەجێبوون، دەگوازێتەوە بۆ خەلات لە بیناکان جێگیرییان دەکات.

حکومەتی تورک بە گۆڕینی دیمۆگرافیا، بۆ ئەوەی پێش لە سەرکەوتنی دەم پارتی لە شارەوانییەکانی خەلات بگرێت، بە هێنانی کۆچبەر لە ناوچەکانی ترەوە بۆ خەلات دەستیکردوە بە کارە فرت و فێڵەکانی هەڵبژاردن. لەم ساڵانەی کۆتاییدا، ژمارەیەکی زۆر لە بینایی نیشتەجێبوون لە لایەن ئاکەپە و کۆمپانیاکانی نزیک لە دەسەڵاتداری دروستکراوە. بە گواستنەوەی هەزاران بنەماڵەی تورک و کۆچبەر گواستراوەنەتەوە بۆ یەکە نیشتەجێبوونانەی  خەلات، کە ئەمەش بەردەوامی گۆڕینی سیاسەتی دیمۆگرافیایە لەو هەرێمە.

دەستوەردانە لە هەڵبژاردن                                            

وێڕایی ئەوەی پارتی دیموکراسی و ئاشتی (بەدەپە) لە ساڵی ٢٠١٤دا، وە پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە ساڵی ٢٠١٩دا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردەنە خۆجییەکاندا، بەڵام دەسەڵاتداری ئاکەپە- مەهەپە بە دەستوەردان و گوشار لە دەستەیی هەڵبژاردنەکاندا، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی گۆڕیی و ئەنجامەکانی لە سودی بەربژێرەکانی ئاکەپە یەکلاکردەوە.

بۆ ئەوەی دەم پارتی سەرکەوتن بەدەست نەهێنێت

لەبەرئەوەی دەم پارتی بە پێشەنگایەتی گەل بە دڵنیاییەوە لە هەڵبژاردەنە خۆجییەکان سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، دەسەڵاتداری ئاکەپە- مەهەپە بۆ ئاستەنگکردنی ئەم سەرکەوتنانەی دەم پارتی، کۆچبەری تورکی ئاهسکای کە ماوەیەکی زۆرە لە خارپێت جێگرکرابوون، دەگوازرێنەوە بۆ خەلات و لەوێ جێگیردەکرێن. حکومەتی ئاکەپە کە لەمانگی شوباتدا ٧٠٣کۆچبەری لە خەلات جێگیرکردەوە، خواستێتی هەتا هەڵبژاردەنەکانی ٣١ ئازار بە هەزاران کۆچبەر بگوازێتەوە بۆ ئەو هەرێمە.