دوێنێ لەسەر رێگەی گەڕەکی شەهیدان لە ناوماڵاندا ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو بە هێزەکانی ئاسایسی ئێزدخاندا تەقیەوە. لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا ٣ ئەندامی ئاسایش برینداربوون. ئاسایشی ئێزدخان ئەمڕۆ لەبارەی تەقینەوەکەوە راگەیەندراوی بڵاوکردەوە.
بە نوێنەرایەتی ئاسایش ئەندام بەڕێوەبەری ئاسایشی ئێزدخان حەجی خەڵەف راگەیەندراوەکەی خوێندەوە و رایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی باس لەوەدەکەن هێرشەکە بە فڕۆکەی ئەنجامدراوە راست نییە. رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ نزیکەی کاتژمێر ٨ روویدا. بەر لەوە هەندێک کەس ئاسایشیان ئاگادار کردبووەوە کە ئۆتۆمبێلێکی نەناسراو لەگەڕەکی شەهیدان وەستێنراوە. لەبەر ئەوەی پۆلیس و سوپای عێراق لەو بوارەدا ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن، ئێمە چووینە شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلەکە. ئێمە بە دوو ئۆتۆمبێل چووینە لای ئەو ئۆتۆمبێلە. کاتێک هەڤاڵانمان پشکنینیان بۆ ئۆتۆمبێلەکە دەکرد،ئۆتۆمبێلەکە بە هەڤاڵانماندا تەقیەوە. لە ئەنجامدا سێ هەڤاڵمان برینداربوون کە برینی دووانیان سەختە.
لە کاتی پسکنینی ئۆتۆمبێلەکەدا ئێمە گەلمان لە دەوروبەری ئۆتۆمبێلەکە دوورخستەوە. بۆ لێکۆڵینەوە لیژنەیەکمان راسپاردووە و دواتر ئەنجامەکەی رادەگەیەنین".
خەڵەف لە کۆتایی قسەکانیدا سەرنجی راکێشا بۆ سەر پەیمانی ٩ی تشرینی یەکەم و باسی لەوەکرد، کە بەو هێرشانە دەخوازرێت گەل نەگەڕێنەوە بۆ شەنگال و رێگری لە گەڕانەوە بۆ شەنگال بکرێت".
هـ . ب