سمکۆیەک لەسەر رێگا و پەیجۆری سمکۆ سەرهەڵدان
نە سمکۆ سەرهەڵدان یەکەم پاڵەوانی ڕۆژهەڵات بوو و نە سمکۆ سورکێو دوا پاڵەوانێتی. ئەم گەلە بۆ پاراستنی خاکی خۆی هەزاران سمکۆی گەورە کردووە...
نە سمکۆ سەرهەڵدان یەکەم پاڵەوانی ڕۆژهەڵات بوو و نە سمکۆ سورکێو دوا پاڵەوانێتی. ئەم گەلە بۆ پاراستنی خاکی خۆی هەزاران سمکۆی گەورە کردووە...
سمکۆ سورکێو، کە درێژەی بە رێگای شەهید سمکۆ سەرهەڵدان دا و بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان گیانی خۆی بەختکرد.
رەنگە ئەم شیعرەی ئاریۆ بەرزەن گوزارشت لە کەسایەتی و پێشەنگایەتی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان بکات و هەروەها گوزارشتێکیشە لەو کەسانەی کە بە کەسایەتی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان کاریگەر بوونە و بەشداری ریزەکانی ئاپۆیی بوونە. موحسێن عارفزادە یەکێک لەو گەنجانەی بانەیە، کە بە کەسایەتی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان کاریگەر دەبێت و بەشداری ریزەکانی گەریلا دەبێت کە لەم رێگەیەدا ناوی خۆی دەکات بە سمکۆ سورکێو.
هەموو رۆژێ لە شوێن پێکانت لە پێدەشتی بڕوا وئیماندا، چیا ئەڕوێ
بانگەشەی کۆبوونەوەی گریلا ئەچڕێ
رۆژ نییە گەریلا لە دەرسیمی قژەکانتەوە
هەتا بەحری رەشی چاوەکانت
لە رووی بە خەندەی ئەرزرومتەوە
هەتا سەرحەدی ئەندێشەت و زاگڕۆسی بەژنت
لە بۆتانی بوونتەوە
تا ئامەدی ئاشناییت
دوژمن نەهاڕن
لە ئیلامی لاجانگتەوە
تا کرماشانی شانت
لە سیروانی وانەکانتەوە
تا سنەی سادەییت
لە پاوەی پڕ تاسەی پێیەکانتەوە
تا کامیارانی یارمەتیدانت
لە ساڕاڵی دەستەکانتەوە
تا مەریوانی مەچەکت
تەنیا چەکی تۆیە کە دەنگی دێ
فەرماندارم
لە سەقزی سینگی بورکانت
تا موکریانی مژۆڵەکانی سیلەت
تا بانەی پابەندیت
لاوی تازە پێگەیشتووی رۆژهەڵاتە
سەوداسەری پێشەنگیتە
لە ماکۆی مژدە بەخشیتەوە
تا ورمێی ورە بەرزیت
گەنجی ئاواتی تۆیە ترس لە بەژنی دادەماڵێ و بەرگی بڕوای تۆ لەبەر دەکا
فەرماندارم
ئێمە ئەوڕۆ پڕین لە تۆ
دوژمن هەموو رۆژێ پێستی ترس فڕێدەدا لە گرمەی بورکانی نەسرەوتنت
(ئاریۆ بەرزەن)
سمکۆ سەرهەڵدانی ناخی وەرچەرخاند بۆ سمکۆ سورکێو
بەڵێ لاوی تازە پێگەیشتووی بانەی پابەند موحسێن عارف زادە؛ بوو بە سەودا سەری پێشەنگتی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان. موحسێن بە هەستی نیشتمان پەروەرییەک کە هەر لە منداڵییەوە لە دڵیدا روا، بە دیتنی شەڕی حەماسی قەندیل، ناخی پڕ بوو لە سمکۆ، عەگید، ساریا و بەرفینەکان. ترس بەرامبەر بە دوژمن لە دڵی رەویەوە و بوێری و ورەی شەهید سمکۆ لە ناخیدا جێی خۆش کرد و ئەم بوێرییەی پێدا کە لە دژی رژێمی داگیرکەری ئێران راوەستێت و رێگەیەک کە شەهید سمکۆ و هاوڕێیانی بڕیویانە ببڕێت و پێ لەسەر شوێن پێی شەهید سمکۆ دانێت؛ لەم سۆنگەیەوە سمکۆ سەرهەڵدانی ناخی وەرچەرخاند بۆ سمکۆ سورکێو. هاوڕێ سمکۆ لە رێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی (٢٨ی ئابی ٢٠١٤) بە پێڵاوی مێیکاپەوە پێی لەسەر شوێن پێیەکانی شەهید سمکۆ داناو هەنگا و بە هەنگاوە وەدوای ئەو شوێن پێیانە کەوت. هەر لە سەرەتای ناسینی ژیانی پەکەکەدا هاوڕێیەتییەک کە بە هاوڕێتەتی شەهید سمکۆوە هەوێن بووبوو سەرنجی راکێشا و وای لێکرد کە بە هەموو ناخییەوە خۆی ئاوێتەی ئەم هاوڕێیەتییە درووستە بکات. فیداکارتییەک کە لە لایەن هاوڕێانییەوە بەدی دەکرد و ئەمەی لە هەموو هاوڕێیانیدا دەدیت کەسایەتێکی راستەقینە و فیداکاریشی لە خۆیدا ئاوا کرد. ئەو دەیزانی کە ئەو ژیانە راست و فیداکارە بە رەنجی رێبەر ئاپۆ و شەهیدانی بەوێنەی شەهید سمکۆ ئاوا بووە؛ بۆ ئەمەش هەوڵی دەدا کە ئەویش لەپێناو ئەم ژیانەو لەو رێگەیەدا رەنج بدات هەتاوەکوو بتوانێت ئەم ژیانە لە هەموو کۆمەڵگای کورددا ئاوا بکات.
ئەو رێگەیەی بڕی کە شەهید سمکۆ رووەو دەرسیم هەنگاوی تێیا نابوو
هاوڕێ سمکۆ ئەو رەنجەی رێبەری ئاپۆی دیت کە بۆ بەدەستهێنانەوەی راستی مرۆڤایەتی کێشاویەتی و ئاکامی ئەو رەنجەشێ دیت بۆ ئەمە زیاتر هەوڵیدا کە ئەویش بە ئایدیۆلۆژییای رێبەری ئاپۆ بۆ ئەم رەنجەی رێبەرەکەی شەڕ بکات و بۆ پاراستنی راستی مرۆڤایەتی کە رێبەر ئاپۆ بۆ کۆمەڵگای گەڕاندەوە شەڕ و تێکۆشان بکات. کاتێک کە دیتی ئەم رەنجەی رێبەر ئاپۆ لە ژێر مەترسی چەتەکانی داعیش دایە رووی لە مەخموور و کەرکووک کرد و بۆ پاراستنی ئەم رەنجە راستەوخۆ لە دژی چەتەکانی داعیش شەڕی کرد. لە دوای ئەوەی کە دیتی ئەو و هاوڕێیانی بەیەکەوە و بە هیمەتی گەل ئەو مەترسییەیان لەناو برد و لە پارێزراوبوونی رەنجی رێبەرەکەی دڵنیا بوو دیسانەوە رووی لە چیا سەرکێشەکانی کوردستان کرد و ئەم جارەش دیسانەوە پێی لەسەر شوێن پێیەکانی شەهید سمکۆ دانا و ئەو رێگەیەی بڕی کە شەهید سمکۆ رووەو دەرسیم هەنگاوی تێیا نابوو.
ئەو رێگەیە وەبیرهێنانەوەی قارەمانی ئەفسانەیی گەلی رۆژهەڵات؛ سمکۆ سەرهەڵدانە
لە دوای سێ ساڵ چاوەڕوانی ئیتر کاتی پێکهاتنی خولیاکەی هاتبوو و بە عەشقێکی گەورەوە بەرامبەر بەو خولیایەی و بە گرێدراوبوون بەو رێگەیەی کە شەهید سمکۆ بڕیبووی چووە دەرسیم. ئەو دەیزانی کە وەکوو ناوی ئەو رێگەیەش وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ قارەمانی ئەفسانەیی گەلی رۆژهەڵات شەهید سمکۆ. هەروەها بۆ تۆڵەسەندنەوە و درێژەدان بە رێگەی ئەو شەهیدانەی کە لە ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٧) لە دەرسیم بەشداری کاروانی شەهیدان بوون، رووی لە دەرسیم کرد. هاوڕێ سمکۆ بە راستییەک کە لە رێکخستن گرتبووی خوازیاری ئەوە بوو کە گەلی ئەو ناوچەیە لەبن داگیرکاری و قڕکردنی نەیارانی کورد دەرهێنێت. هەڤاڵ سمکۆ دەیویست کە بە چوون بۆ دەرسیم گۆشەگیرییەک کە لەسەر رێبەر ئاپۆیە کۆتایی پێبێنێت و بە چالاکییان بارێک لەسەر شانی رێکخستن هەڵگرێت و هەنگاو بە هەنگاو خۆی و گەلی کورد لە ئازادی نزیک بکاتەوە. بە زانابوونی رۆڵێک کە هەیەتی ئەرک و بەرپرسیارتی رێکخستنی پێکهێنا.
نە هاوڕێ سمکۆ سەرهەڵدان قارەمانی یەکەم و نە هاوڕێ سمکۆ سورکێو دوایین قارەمانە
هەڤاڵ سمکۆ خۆی ئاوێتەی ئامانجی رێکخستن کرد و بە زانابوونی ئەو قڕکردنەی کە نەیاران و نۆکەرانی نەیارانی کورد دەیانهەوێت بەسەر گەلی کورددا بیسەپێنن خۆی پەیوەستی ئامانجی بزوتنەوەی ئازادی کرد. ئەویش لەسەر بنەمای دەستکەوتەکانی رێبەر ئاپۆ و شەهیدان بۆ پاراستنی ئەم دەسکەوتانە لە گیان و دڵ مایەی دانا و هەموو ژیانی بۆ ئەمە تەرخان کرد. هەڤاڵ سمکۆ بە درێژایی ٣ ساڵ بە دڵ و گیان و بە ئامانجێکی مەزنەوە لە دەرسیم کار و خەباتی رێکخستنی راپەڕاند. هاوڕێ سمکۆ لە رێکەوتی ٢٦ی پوشپەڕی ١٣٩٩ (١٦ی تەمووزی ٢٠١٩) لە هەرێمی چاڵدرانی سەر بە سەرحەد دەکەوێتە نێو پسووی ئەرتەشی داگیرکەری تورکیا و هەتا فیشەکی دوایی بە شێوەیەکی قارەمانانە شەڕ دەکات و پەیوەستی کاروانی نەمرانی گەلی کورد دەبێت. نە هاوڕێ سمکۆ سەرهەڵدان قارەمانی یەکەمی گەلی رۆژهەڵاتە و نە هاوڕێ سمکۆ سورکێو دوایین قارەمانە؛ ئەو گەلە بۆ پاراستنی خاکی نیشتمان بە سەدان سمکۆ پێدەگەیێنێت و بە سەدان سمکۆ بۆ تۆڵەسەندنەوە لە داگیرکاران بەشداری ریزەکانی ئازادی گەلی کورد دەبن. لە بانە هەتا دەرسیم بەسەدان سمکۆ پێگەیشتوون و پێدەگەن کە خوێنی سمکۆکان لەسەر عەرز نەمێنێت و لەدژی نەیاران و هاوکارانیان تێکۆشان بەڕێوە ببەن و چەکی شەهید سمکۆ هەڵگرن.
ژ.ت