فەرماندەیی قەسەدە: شەڕی کۆبانێ دەبێتە شەڕی گەورەی سەرکەوتن

فەرماندەیی قەسەدە ڕایگەیاند وێڕایی چاوپێکەوتنەکانیان بۆ دیالۆگ و ڕاوەستاندنی شەڕ هێشتا دەوڵەتی تورک جەخت لەسەر هێرشەکان دەکاتەوە، تانک و ئۆتۆمبیلی زریپۆش لەسەر سنورەکانی ڕۆژئاوا کۆ دەکاتەوە و دەڵێت: "شەڕی کۆبانێ دەبێتە شەڕی سەرکەوتنی گەورە."

ڕاگەیاندراوی قەسەدە

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریایی دیموکراتیک (قەسەدە) پەیوەست بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و دۆخی کۆتایی ناوچەکە ڕاگەیاندراوێکی بلاوکردەوە.

سوپای تورک لەسەر سنورەکانی ڕۆژئاوا تانک و ئۆتۆمبێلی زریپۆش جێگیر دەکات

لە دەستپێکی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "وێڕای هەوڵدانەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی و ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە منبج و هەموو هەرێمەکانمان، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی پابەندی ئەم بڕیارانە نەبوون و هێرشەکانیان لەسەر بەرەی باشووری کۆبانێ لە قەرەقۆزاق و بەنداوی تشترین بەردەوامە. سوپای تورکی داگیرکەر دوێنی ١٨ی کانوونی یەکەم هێرشێکی بەرفراوانی لەسەر هێڵی بەنداوی تشرین دەستپێکردووە. شەڕ و پێکدادانی دژوار تا درەنگانی ئێوارە بەردەوام بوو، وە هێزەکانمان هەموو هێرشەکانیان تێکشکاند. هەروەها چەندین ناوچەی کۆبانێ لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داگیرکەری تورکەوە بۆردوومانکران. لە لایەکی دیکەوە جموجۆڵی سوپای تورکی داگیرکەر لە هەرێمی پرسوس بەردەوامە، لەسەر سنووری باکووری کۆبانێ و ڕۆژئاوای قەرەقۆزاق تانک و ئۆتۆمبێلە سەربازییە زریپۆشەکانیان جێگیر دەکەن."

'کۆبانێ دەبێتە چاڵێک بۆ هێزی داگیرکەران کە دەرچوونیان لەو چاڵە زەحمەت بێت'

فەرماندەیی قەسەدە دەستنیشانیکرد وەک هێزەکانی قەسەدە جەخت لەسەر ڕاوەستاندنی شەڕ و ئالۆزییەکان بە ڕێگەی دیالۆگ دەکەنەوە و گوتی: "بەڵام لە هەمانکاتدا لە بەرانبەر هێرش و هەڕەشەکان بۆ سەر گەل و ناوچەکانمان بێ وەڵام نامێنییەوە. هەروەها پشڕاستی دەکەیینەوە کە هەوڵدانە داگیرکارییەکانی تورک و چەتەکانی هێرشەکانیان بۆسەر کۆبانێ نابێتە سەیرانگا بۆیان و هێزەکانمان هاوپشت بە گەلی کۆبانێمان بە هەموو هێزێکمانەوە بەرەنگار دەبێتەوە. لە سایەیی بەرخۆدانی قارەمانێتی قەسەدە و گەلەکەمان کۆبانێ بۆ هێزەکانی داگیرکەر دەبێتە چاڵێک کە دەرچوونیان لەو چاڵا زۆر زەحمەت دەبێت.

شەڕی کۆبانێ دەبێتە شەڕی سەرکەوتنی گەورە

بەم هۆیەوە پێش هەموو کەسێک گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە هێز و گەلی بەڕێزمان لە کۆبانێ نەک بە تەنها بەرگری دەکەن، هاوکات شەڕی کۆبانێ دەبێتە شەڕی سەرکەوتنی گەورە. ڕوحێت و قارەمانێتییەک کە هێزەکانمان هەفتەیەکە لە دەرووبەری قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین نیشانی دەدەن نیشانەیی هەرە ڕوونی سەرکەووتنی بەرخۆدانی کۆبانێیە. سڵاو دەکەین لە بەشداربوونی چالاکی گەلی کۆبانێ لە نێو ڕێزەکانی بەرخۆداندا. هەروەها داوا لە هەموو گەلی کۆبانێ دەکەین با چەک هەڵگرن و لەگەڵ شەڕڤانانماندا لە بەرەکانی شەڕدا سەنگەری خۆیان بگرن. پێکەوە هەموو گوند و بستەخاکێکی شاری کۆبانێ بکەیەنە قەڵای بەرخۆدان. دەبێت بزانین تاکە ڕێگەی سەرکەوتن، ڕێگەی ژیانی ئازاد و بە شکۆیی بەرخۆدانە. بە گەلی کۆبانێ و هەموو گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریامان دەڵێین بە تەنها نین. لەمڕۆدا لە هەموو جێگەیەک ویژدانی مرۆڤایەتی و جیهان لەگەڵتاندایە. دەبینین کە کاردانەوە نێونەتەوەییەکان پێش هێرشە گەورەکە دەستیپێکردوووە و دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەموو جیهان شایەتحاڵی داستانی قارەمانێتی ئێوە دەبن."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "وەک هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هەڵوێستی ئەرێنی خۆمان دەربارەی بڕیاری کۆبوونەوەی عەقەبە لەسەر ڕاوەستاندنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سووریا پشڕاست کردەوە، هەروەها سوپاسی هەوڵدانی هاوکارانمان لە هاوپەیمانی نێونەتەوەیی  دەکەین کە بۆ کەمکردنەوەیی ئاڵۆزییەکان کار دەکەن. لێ بانگەوازی لە هەموو وڵات و هێزە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ ڕاوەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی  دەبێت هەڵوێستی بە بڕیار و ڕوونتر پیشان بدرێت. بانگەوازی لە وڵاتانی عەرەبی و گەلی عەرەب بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەکەین کە دەبێت بزانن هەڕەشەیی هەرە مەزن لەسەر یەکێتی و ئاسایشی خاکی سووریا، دەوڵەتی تورکە. لەمڕۆدا هەموو کەسێک ئەوە دەبینێت کە داگیرکارییەکانی تورک بە پاساوی پوچ و بێ بنەما هەوڵ دەدات زیاتر خاکی سووریا داگیر بکات. بانگەوازی لە هەموو ئەوە کەسانە دەکەین کە بە یەکێتی و سەرەوەی خاکی سووریاوە سەرقاڵن، با لە بەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییدا هەڵوێستی ڕوون نیشان بدەن."