شێخ مورشید ئەل خەزنەوی: پێویستە کورد بە یەکدەنگی بچێتە دیمەشق

شێخ مورشید ئەل خەزنەوی لە قامیشلۆ لە وۆرک شۆپدا قسەی کرد و گوتی: "پارت و ڕێکخراوەک کوردییەکان، پێویستە لەسەر چەند خاڵێکی یەکێتیی نەتەوەیی ڕێک بکەون و بە یەکدەنگی بچنە دیمەشق".

وۆرک شۆپی یەکێتی کورد

پاش ئەو وۆرک شۆپەی دوێنێ لە قامیشلۆ بۆ یەکڕیزی کوردان ئەنجامدرا، ئەمڕۆش بە هەمان ئامانج دەستەیەک لە چالاکوانانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی دەستپێشخەریی سەربەخۆی گەل وۆرک شۆپێکیان ئەنجامدا.

وۆرک شۆپەکە لە هۆڵی زانای شاری قامیشلۆ بە بەشداری چالاکوانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەندامانی پارتە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران و نووسەران و پیاوانی ئایینی وەک شێخ مورشید ئەل خەزنەوی و کەسێتییە دیارەکان و بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان و نوێنەرانی مەجلیسی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) ئامادەبوون.

لە سەرەتادا بابەتەکانی وەک "گۆڕانکاری لە سوریا، هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەوڵەکان بۆ یەکڕیزیی کورد" تاوتوێکران.

شێخ مورشید ئەل خەزنەوی دەربارەی هەڵوێستی پارتە کوردییەکان گوتی: "هەرگیز لە پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان دوور ناکەوینەوە، چەندین ساڵ قوربانیان داوە و خزمەتی گەلی کوردیان کردووە".

شێخ مورشید ئەل خەزنەوی ئاماژەی بەوە کرد هۆکاری ئەنجامدانی وۆرک شۆپەکە فشارخستنە سەر پارتە سیاسییەکانە تاوەکو یەکڕیزی نەتەوەیی پێک بهێنن، گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە هەموو پارتە سیاسییە کوردییەکان بهێنینە سەر یەک فیکر. ڕەنگە فیکری جیاواز هەبن، بەڵام پێویستە پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان لەسەر چەند خاڵی هاوبەشی نەتەوەیی ڕێک بکەون و بە یەکدەنگی بچنە دیمەشق".

دکتۆر سلێمان ئیلیاس ڕایگەیاند پێویستە ڕەشنووسێکی نەتەوەیی ئامادەبکرێت و هەموو پارتەکان لەخۆبگرێت و تاوەکو بە یەک شاند بچنە دیمەشق.

دکتۆر سلێمان جەختی کردەوە، پێویستە پشتگیری لە هێزەکانی پاراستن بکرێت لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا کوردستان، گوتی: "دەبێت لە ئاستی نێونەتەوەیی دووپاتی بکەینەوە، تا کورد نەگەن بە مافەکانیان، ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەدی نایەت".

وۆرک شۆپەکە دوور لە چاوی میدیاکان بەردەوام بوو.