کەژەکە: شەنگال دەبێت لە لایەن شەنگالیەکانەوە بەڕێوە ببرێت

کۆردیناسیۆنی کەژەکە رایگەیاند، هێزەکانی پەدەکە کە کۆمەڵگای ئێزدیان بەجێ هێشت و رایان کرد، لە جیاتی ئەوەی داوای لێبوردن بکەن و پشتیوانی لە خۆسەری شەنگال بکەن، ئەوا لەگەڵ بەغدا رێکەوتنێکیان ئیمزا کردووە کە بە واتای قڕکردنێکی تر دێت.

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە لە بارەی رێکەوتنەکەی نێوان پەدەکە و حکومەتی بەغدا کە لە سەر شەنگال ئیمزایان کردووە، راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە.

کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە لە راگەیێنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد:"پەیمانەکەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکە لەگەڵ حکومەتی عێراق، بە واتای ٧٤هەمین فەرمان دێت و لە رووی جەوهەریشەوە خیانەتێکی نوێیە لە شەنگال دەکرێت. بەم رێکەوتنە کە لە ساڵیادی پلانگێریە نیودەوڵەتیەکەی دژی رێبەرمان عەبدولا ئۆجالان ئیمزا کرا، پەیامێک درا بە گشت گەلەکەمان، ژنان، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕسات و مرۆڤایەتی."

لە راگەیێنراوەکەی کۆردیناسیۆنی کەژەکەدا ئاماژەی بەوە کرا کە، گەلی شەنگال نوێنەری کلتور و ئایین و رەسەنترین مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا ٧٣ فەرمان لە دژیان بەڕێوە چووە، بەڵام خۆیان گەیاندووەتە ئەم سەردەمە.

 کەژەکە تیشکی خستە سەر ئەوەش کە، لە ساڵی ٢٠١٤دا لە بەر چاوی جیهان لە شەنگال قڕکردنێکی گەورە بەسەر گەلەکەماندا هات و بە هەزاران کەس لە ژنان و منداڵان و پیر و گەنج کوژران و بەدیل گیران.

لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەدا هاتووە:"قڕکردنی ژنان لە سەدەی ٢١هەمیندا، بۆ مرۆڤایەتی جێگای شەرمەزایە کە لە لایەن فاشیستترین و تاریکترین هێزی دژ بە ژنان واتە لە لایەن داعشەوە، بە شێوەیەکی زاڵمانە بەڕێوەچوو. ژنانی ئێزدی بەدیل گیران، لە بازاڕەکاندا فرۆشران، دەستدرێژیان کرایە سەر و کوژران. کاتێک ئەم کۆمەڵکوژیە ئەنجامدار، شەنگال لە لایەن هێزەکانی پەدەکەوە بەڕێوە دەبرا. پێشمەرگەکانی پەدەکە دەستیان لە شەنگال کشاندەوە و رایانکرد. ئەوەی ئەو فەرمانەیدا، پەدەکە بوو. لە دژی هێرشەکەی داعش بۆ سەر شەنگال، ئەوانەی بە هانای کۆمەڵگای ئێزدیەوە چوون، هێزەکانمان لە هەپەگە و یەژا-ستار بوون. لەسەر نرخ و شکۆمەندیی ئێزدیەکان، بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە کە لە ئایدۆلۆجیای ئازادیی سەرۆک ئاپۆدا هەیە و بە رێنوێنیی ئازادی و یەکسانی گەریلاکانی پەکەکە و پاژک، کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پاراست و بە رۆحێکی گەورەی فیداییانەوە، شەڕی خۆپاراستنیان کرد و شەنگال و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە دەستی چەتە شێت و هارەکان دەرهێنایەوە.

خاکە پیرۆزەکەی شەنگال بە هەوڵی سەدان گەریلا پارێزرا

وەکو ئەوەی لە کەسایەتی هاوڕێ و فەرماندە گەورەکەمان شەهید عەگید جڤیاندا بینرا، خاکی پیرۆزی شەنگال بە هەوڵی سەدان گەریلا پارێزرا. گەلی ئێزدیمان لەم چوارچێوەیەدا توانی بگەڕێتەوە بۆ سەر خاکەکەی خۆی. کۆمەڵگای ئێزدی کە لە مێژوودا ٧٣ جار فەرمانیان لە دژ دراوە، بۆ جاری یەکەم سوپا و ئەنجومەنی خۆیان بونیادنا. بۆ جاری یەکەم بەڕێوەبەریی خۆسەری شەنگال بونیادنرا.

دوای ٧٣هەمین فەرمان، شەنگالیەکان بۆ جاری یەکەم ئەنجومەن و رێکخستنی خۆیان بونیادنا کە بەو رێگەیە دەتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری شەنگال بونیاد نرا. ژنانی ئێزید بوون بە هێزی پێشەنگ و بەشداریان لە سەر لە نوێ بونیادنانەوەی شەنگال و ئازادکردن و خۆڕاگریدا کرد. یەبەشە، یەژەشە، ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری شەنگال، ئەنجومەنی ژنانی شەنگال و گەلی شەنگال گەیشتنە ئەو ئاستەی کە بتوانن خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن و کاروباریان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوە ببەن. بە پێی دەرفەتەکانیان، شەنگالیان سەر لە نوێ بونیاد نایەوە، تۆی ژیانی ئازاد و یەکسانیان چاند و ئەو هیوایەیان گەورە کرد.

بەڵام ئەو هێزانەی نایانەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردی ئازاد، کەسایەتی ئازاد و ژنانی ئازاد بوونیان هەبێت، لە ٩ی تشرینی یەکەمدا بە یەکەوە پەیمانێکی ناخێری مێژوویان ئیمزا کرد. پەیمانەکەی پەدەکە کە لەگەڵ حکومەتی عێراق ئیمزای کردووە، بە واتای ٧٤هەمین فەرمان دێت و لە رووی جەوهەریشەوە خیانەتێکی نوێیە لە شەنگال دەکرێت. بەم رێکەوتنە کە لە ساڵیادی پلانگێریە نێودەوڵەتیەکەی دژی رێبەرمان عەبدولا ئۆجالان ئیمزا کرا، پەیامێک درا بە گشت گەلەکەمان، ژنان، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی. ئێمە جارێتی تر رایدەگەیێنین کە هیچ رێکەوتن و پەیمانێک کە کۆیلایەتی بەسەر گەلی ئێزدیمان، ژنان و گشت گەلەکەماندا دەسەپێنێت، قبوڵ ناکەین.

ئەو هێزانەی لە ساڵی ٢٠١٤دا گەلی ئێزدییان بەجێهێشت، رێکەوتنێکیان ئیمزا کردووە کە بە واتای قڕکردنێکی نوێ دێت

هێزەکانی پەدەکە کە ساڵی ٢٠١٤ کۆمەڵگای ئێزدیان بەجێهێشت، لە جیاتی ئەوەی داوای لێبوردن بکەن و پشتیوانی لە خۆسەری شەنگال بکەن، ئەوا لە گەڵ حکومەتی عێراق رێکەوتنێکیان ئیمزا کردووە کە بە واتای قڕکردنێکی تر دیت. بە هەزاران ژنی ئێزید تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بوونەتەوە. لە بارودۆخێکی وەهادا، ئەم پەیمانەی ئیمزا کراوە، ئاستی پەیوەندیەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک و دەوڵەت عێراق دەخاتەروو. پەدەکە لە دژی گەلی کورد و ژنان، پێشوازی لە هەموو پەیوەندیەکی دوژمنانە و بێپێوانە دەکات. ئەوەی راستە ئەوەیە کە ئیرادەی شەنگال لە دەستی خودی شەنگالیەکاندا بێت. هەڵوێستێکی ویژدانانە و یەکسان دەبێت بەم شیوەیە بێت. ئەو هێزانەی لە شەنگال بیانین، ئەوانەن کە رێکەوتنەکەیان ئیمزا کردووە. دەبێت شەنگال خۆسەر بێت و دەبێت خۆی، خۆی بپارێزێت و بەڕێوە ببات.

ئێمە وەکو ژنانی کورد جەخت دەکەینەوە کە ئەو رێکەوتنە قێزەوەنەی نێوان پەدەکە و حکومەتی عێراق هیچ کات قبوڵ ناکەین و بە هەموو هێزمانەوە لە دژی ئەمە تێدەکۆشین.

ئێمە دەزانین ژنانی ئێزدی کە لە شەنگال تێدەکۆشن، وەکو نازێ ناییف کاڤل، نووژیان و بێریڤان شەنگال بۆ پاراستنی خاکەکەیان، تا دواهەناسەیان لە خۆڕاگریدا دەبن. هەڵوێستی نازێ ناییف کاڤالی خۆڕاگر و چاونەترس دەبێت بە هەڵوێستی هەموو ژنان و دایکانی شەنگال.

لە چوارچێوەی هەنگاوەکەماندا دەبێت خاوەنداری لە شەنگال بکەین

پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک و حکومەتی عێراق ئەم رێکەوتنەیان ئامادە کردووە. ژنان و گەلی شەنگال ئەم رێکەوتنە قبوڵ ناکەن. لەم چوارچێوەیەدا بە تایبەتی چالاکیەکانی ژنان و دایکانی شەنگال و چالاکیی گەلەکەمان لە ئەوروپا و هەڵوێستەکەیان بەرز دەنرخێنین.

گەلی شەنگالمان دەبێت یەکێتی و هەڵوێستی خۆڕاگری خۆی، بەهێز بکات

ژنان ئەوەیان لەبیر نەچووەتەوە کە ژنانی ئێزدی چۆن لە بازاری کۆیلەکان دەفرۆشران، دەستدرێژیان دەکرایە سەر و دەکوژران. گەلەکەمان هیچ کات ئەم کۆمەڵکوژیە لەبیر ناکات.

بۆیە هەنگاوەکانی ئازادی کە کەجەکە و ئێمەش وەکو کەژەکە رامانگەیاندووە، گرنگیەکی مێژوویان هەیە. ئێمە بە هەنگاوەکانمان بۆ ئازادی، ئازادی رێبەرایەتی و گەل و ژنان بەدی دێنین. ئیمە لە دژی گۆشەگیری، داگیرکەری و فاشیزم، خۆڕاگری بەرفراوان دەکەین.  

لەسەر بنەمای هەنگاوی ' ئیمە لە دژی قڕکردنی ژنان، مرۆڤی ئازاد و کۆمەڵگا دەپارێزین' کە کەژەکە رایگەیاندووە، هەنگاوەکانی ئازادی ژنان کە لە هەموو گۆڕەپانەکان گەش بووەتەوە، مێژوویین. لە دژی قڕکردنی ژنان و سیاسەتی شەڕی تایبەت، لە خۆڕاگریداین و بۆ ئازادی رێبەرمان، خەبات بۆ پاراستنی کوردستانی ئازاد و مرۆڤایەتی ئازاد دەکەین.  

لە چوارچێوەی هەنگاوەکەمان بە ناوی 'لە دژی قڕکردنی ژنان، مرۆڤی ئازاد و کۆمەڵگا دەپارێزین' بە تایبەت بانگەوازی ئاڕاستەی ژنانی باشوری کوردستان و گشت بزوتنەوەکانی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەکەین کە خاوەنداری لە شەنگال بکەن و چالاکیەکانیان بەرفراوانتر بکەن.

ژنان و گەلی شەنگال بە تەنیا نین. دەبێت گەلی شەنگال، شەنگال بپارێزێت."

ز.ش