ئامەد شاهۆ: دەوڵەتانی داگیركەر دەیانەوێت هێزی پاراستنی گەلی کورد لەناو ببەن

ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پژاک ڕایدەگەیەنێت، دەوڵەتانی داگیركەر دەیانەوێت هێزی پاراستنی گەلی کورد لەناو ببەن و هیچ پێگەیەكی کوردیان ناوێ، هەروەها شەهید کردنی هەڤال شوکری لە ناوەندی سلێمانی دا پەیامێکە بۆ گەلی کورد.

ئامەد شاهۆ، ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان(پژاک) لە میانی بەشدارییكردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتیی کەناڵی ئاریەن تی ڤیدا ڕایگەیاند: دەوڵەتانی جیهانیی و هەرێمیی بە بیانووی تێرۆریزمەوە، دەیانەوێ کورد پەرتەوازە و پاکتاو بکەن، دەبوایە لەم دۆخەدا لەبەر کرداری هەندێک لایەن لە جیاتی باس لە خیانەت و بە کرێگیراوییمان بکردایە، پێویست بوو باسی سوپای یەکگرتووی کوردمان بکردایە.

سەبارەت بە چەسپاندنی ديموکراسی لە ئێراندا وتی: لە جێگایەک کە دەوڵەت و دەسەڵات، بە هێز بێ لەوێ بەسەربازگەكردن لە پێشە و ئەمە لە ئێراندا بنكەیەکی مێژوویی هەیە، بەڵام ئێران موزایکی گەلانە و دەتوانێ خاوەن سیستمی دیموکراتیک بێ، بۆ ئەوەش پێویستی بە دامەزراندنی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک هەیە.

ئامەد شاهۆ، دەربارەی سیاسەتەکان لە سەر هەرێمی باشووری کوردستان دەڵێت: لەم قۆناغەدا بەغدا و هەولێر ناوەندی پیلانگێڕیی لە دژی گەلی کوردە و دەبێ هەر کەس ئەمە بە باشی بزانێ، دەوڵەتانی داگیرکەر بە ناوی شەڕ لەگەڵ تێرۆر، دەیانەوێ هێزی پاراستنی گەلی کورد لەناو ببەن و هیچ پێگەیەکی کوردانیان ناوێ و وەکوو دیارە کە چۆن هەرێمی باشووری کوردستان بووەتە ناوەندی میت و ئیتلاعاتی ئێران، شەهید کردنی هەڤاڵ شوکری لە ناوەندی سلێمانی دا پەیامێکە بۆ گەلی کورد، کە دەبێ یەکبگرین بۆ ئەوەی داگیرکەران نەتوانن لە ناومان دا بژین.

هەروەها لەبارەی یەکگرتوویی هێز و لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: ئێمە پرۆژەی خۆمان سێ ساڵ لەمەوبەر ڕاگەیاند و داوای یەکڕیزیی مان لە هەموو هێزە کوردییەکان لەسەر ١٠ بنەما کردبوو، چونکە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆمان پێشبینی کردبوو، بۆ هێزە کوردییەکان زۆر ناخۆشە کە وەکوو موجاهدین یان بەسەر بێ و قسەی وایان لەسەر بکرێ، ئێمە دەبوو ئێستا لەسەر ئەرتەشی یەکگرتوو قسە بکەین نەک لەسەر خیانەت، نێچیر و بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێ هەموو هێزە شۆڕشگێڕەکانی پارچەکانی کوردستان لە ناو ببەن، بۆیە بە ڕاشکاوانە دەڵێن ئێمە بەشێکین لە شۆڕشی ڕژێمی داگیرکەریی ئێران.

ئەو ئەندامەی مەجلیسی پژاک وتیشی: گەلی کورد لە ناوچەکە دا ئاڵا هەڵگری دیموکراسیین و قەت لە دژی گەلان نەبوون. دەبێ گەلی ئێمە و گەلانی ئێران ڕاستیی ئێمە لە زمانی ئێمەوە ببیستن، نە لە زمانی دوژمنەوە، مێژووی ئێمە داگیرکەران نووسیوویانە بۆیە نابێ  باوەڕیان پێ بکەین، هێزی کوردان هەیە، بەڵام بە یەکگرتوویی دەتوانین لە دژی هەر جۆرە داگیرکەرییەک ببین بە وەڵامدەر، بۆیە داوامان لە هەموو گەلان ئیران ئەوەیە، کە یەکگرتوویی و پێکەوە ژیان بکەن بە پیشەی خۆیان و لە دژی زمانی هێرشی دەوڵەت، زمانی بەرخۆدان و پێکەوە ژیانی گەلان پێش بخەن.

ف.ق