دێرسیم داغ بۆ گەنجان: هەڵمەتێکى نوێی تێکۆشانمان دەستپێکردووە و ئێوەش دەستبەکار بن

دێرسیم داغ پەرلەمانتاری هەدەپەى ئامەد رایگەیاند، بە ناوی ئەنجوومەنى گەنجانەوە دەستیان بە هەڵمەتێکى نوێی تێکۆشان بۆ ئازادی، پەروەردەی خۆڕایی زمانی دایک، دونیایەکى ئیکۆلۆژیک، ژیانێکى دیموکراتیک و یەکسان کردووە.

هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر کوردان بەبێ پسانەوە بەردەوامیی هەیە. هێرشەکان بە تایبەتى لە دژی گەنجانی کورد ئەنجام دەدەرێن و ئەوەش دەبێتە زیان گەیاندن بە کولتور، ئابووری، کۆمەڵگە و سیاسەت. دێرسیم داغ پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لەبارەى هەڵمەتى نوێی تێکۆشانیان لە دژی ئەو ھێرشانە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

داغ رایگەیاند، کردەوە فاشیستییەکان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست و ئەو ئیرادەیەى لەلایەن گەلانەوە دەستنیشانکراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە نابینرێت و قبوڵ ناکرێت. بە تایبەتی هێرشەکان بۆ سەر گۆڕستانەکان ئاستی ئەو دوژمنایەتییە بەرامبەر بە کوردان دەخاتەڕوو.

راشیگەیاند، گەنجان پێشەنگی بەرخودانن لە دژی دیکتاتۆریی فاشیست. لەم بارودۆخەى ئێستادا فاشیزم بەسەر کوردستان و تورکیادا سەپێنراوە و بیگومان هەموو گەنجانیش بە پێداگری و بڕیاردارییەوە تێدەکۆشن و بەرخودان و بەرەنگاری دەکەن.

بە وردی و بە بەردەوامی و بە پلان هێرش دەکەن

داغ ئەوەشی راگەیاند، "کاتێک بە وردی و بە بەرنامە هێرش دەکرێتە سەر گەلان ئەوا گەنجان هەموو وزەی خۆیان بە باشی دەخەنەکار و بەو شێوەیە بەرەنگاری دەکەن. دەسەڵات و ئامڕازەکانى رێگایەکیان بۆ گەنجان نەهێشتوەتەوە، کە خۆیان بجوڵێنن. تەنها داواى سەردانەواندن لە گەنجان دەکەن. دەسەڵات لە رووی رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە گەنجانی گەمارۆداوە، چونکە لە دینامیزم و هێزی تێکۆشانی گەنجان دەترسێت. کاتێک مرۆڤ سەرنجی سیستم دەدات، ئەو سیستمە بە دوو شێوەى ئاشکرا و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هێرشێکى بەرنامە بۆ دانراو و ورد لە دژی گەنجان ئەنجام دەدات".

تێکۆشان بە بەهێزکردنی رێکخستن دەبێت

دێرسیم داغ پەرلەمانتاری هەدەپەى ئامەد ئاماژەى بەوەکرد، کە سیستم بێکاری، هەژاری، تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن، ماددەى هۆشبەر و لەشفرۆشی بەسەر گەنجاندا دەسەپێنێت. وتی "ئێمە دەزانین ملیۆنەها گەنج و منداڵ لە مافی خوێندن بە زمانی دایکیان بێبەشکراون و مافی خوێندن و پەروەردەیان زەوتکراوە، هەژمارە بانکییەکانیان دەستی بەسەردا گیراوە و هەوڵ دەدەن بە هەژارکردن و برسیکردن ناچار و ملکەچیان بکەن و رایان بهێنن. لە لایەکەوە گوشاری ئابووری و لەلایەکی ترەوە گوشاری کولتوری و سیاسی لە گەنجان دەکەن و لەلایەنی سیستمەوە تەریک و دابڕاو دەکرێن. بە تایبەتی ژنانی گەنج بە شێوەیەکى ورد و بەرنامە بۆ دانراو کراونەتە ئامانجی گوشار، دەستبۆبردن، دەستدرێژی و توندوتیژی. ئەوە دۆخێک نییە کە ئێمە قبوڵی بکەین، بۆیە ئێمە بە بەهێزکردنی رێکخستنەکانمان لە دژی ئەوە دەوەستینەوە و تێدەکۆشین".

دەبێت گەنجانی لە ریزی پێشی پێشەوە بن

داغ ئەوەی خستەڕوو، بێدەنگیی گەنجان بە مانای خیانەتە لە سروشت، داهاتوو، دیموکراسی، ئاشتی، دادپەروەری و گەنجێتى. وتیشی "دەبێت ئەوانەى سەرەتا دەست بە جموجوڵ بکەن، ئەوانەى سەرەتا دەنگ هەڵبڕن، بەردی یەکەم لە زوڵم بگرن و راپەڕن دەبێت ئێمەى گەنج بین و هەر بەو شێوەیش دەبێت. دەبێت گەنجان لە ریزی پێشی پێشەوە بن. ئێمەی گەنجانی رێکخستنکراو لە دژی سیاسەتە چەپەڵەکان دەوەستینەوە. تێکۆشانەکەمان خاوەن نەریتێکى دێرین و بنەڕەتی و خاوەن بەرخودانێکە. بەشی ئێمەش بەرخودان و سەرکەوتنە".

هەڵمەتى نوێی تێکۆشان

دێرسیم داغ رایگەیاند، ئەنجوومەنى گەنجانی هەدەپە لە ژی فاشیزم دەستی بە هەڵمەتێکى نوێی تێکۆشان کردووە و راشیگەیاند "لە دژی سیستمی فاشیست، بۆ ئازادی، داهاتوو، کەسایەتیمان، مێژوو، کولتور، ئەکادیمی، زمان، شەقام، ئیکلۆلۆژی و دادپەروەری ئێمە داوا لە گەنجان دەکەین، کە دەست بە جموجوڵ بکەن و بەشداری هەڵمەتەکە بکەن. بە تێکۆشانێکى هاوبەش لەسەر بنەمای دینامیزم و هێزی گەنجان دەبێت ئەو دیکتاتۆرییە فاشیستە لەبەر یەک هەڵبوەشێت و کۆتایی بە تاریکی بهێنرێت. لە دژی ئەو فاشیزمەى کە رۆژ بە رۆژ گەورە دەبێت و هەناسەى گەنجان دەپسێنێت، بە ناوی ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەپە لە دژی خواردنی بەری رەنج، لە دژی سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن، قەیوم، یاسای سزادان، دادۆشین و چەوسانەوە، کۆمەڵکوژکردنی ژنان، ئێمە لە ئاستەکانى ژیاندا دەست بە جموجوڵ دەکەین. بۆ پەروەردەی خۆڕایی زمانی دایک، بۆ دونیایەکى ئیکۆلۆژیک، بۆ یەکسانیی زایەندیی کۆمەڵگە، بۆ ژیانێکى دیموکراتیک و یەکسان، ئێمە بە گەنجان دەڵێین 'دەست بە جموجوڵ بکەن'. سەرەتا بانگەوازەکەمان بۆ گەنجانی ناو ریزەکانى رێکخستنە و داواش لە هەموو گەنجان دەکەین لە دژی فاشیزم بە شێوەیەکى هاوبەش تێبکۆشن. ئێمە دەست بە جموجوڵ دەکەین و پێکەوە فاشیزم هەڵدەوەشێنین".

ژ.ت