'دەسەڵاتداران زیندان لە دژی رۆژنامەوانان وەک چەک بەکاردەهێنن'

ئازادی راگەیاندنی ژنان (Woman Press Freedom) رایگەیاند، ٩٢ رۆژنامەوانی ژن لە زینداندان و ئەوەی خستەڕوو، "دەسەڵاتداران وەک چەکێک زیندان لە دژی رۆژنامەوانان بەکاردەهێنن".

ئازادی راگەیاندنی ژنان (Woman Press Freedom) سەربە هاوپەیمانی ژنانی رۆژنامەنووس بە بۆنەی ٣ی ئایار رۆژی ئازادی راگەیاندن سەبارەت بە دۆخی ژنانی رۆژنامەنووس راپۆرتی خۆی ئاشکرا کرد. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە دەسەڵآتداران وەک چەکێک زیندان لە دژی رۆژنامەوانان بەکاردەهێنن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە زیندانەکان وەک جۆرێک لە سانسۆر بەکاردەهێندرێن و ئەوەش خراوەتەڕوو، "لە سەر ئاستی جیهان دەسەڵاتداران بۆ بێدەنگکردنی رۆژنامەوانان کەرستەی فێڵبازانە دەدۆزنەوە. ئێمە لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەوانیدا دەبینین کە لەمساڵدا گرتنی رۆژنامەنووسان رووی لەهەڵکشان کردووە و ئەوەش مەترسیدارە. رۆژنامەوانان لە زیندانەکاندا رادەگیرێن، بێدەنگ دەکرێن، سەرەتاییترین بنەماکانی ئازادی کاری رۆژنامەوانی لەناو دەبرێن".

لە راپۆرتەکەدا سەرنج بۆ سەر مەترسییەکانی سەر رۆژنامەوانان لە سەرتاسەری جیهان راکێشراوە و بەم جۆرە هاتووە، "ئێمە چاوەڕێی کە دەستبەجێ کەشێکی ئازاد و بێترس بۆ کاری رۆژنامەوانی بڕەخسێندرێت. لەگەڵ بەردەوامبوونی دەسبەسەرکردنی رۆژنامەوانان هەڕەشە لەسەر مافی رادەربڕین و دیموکراسیش قووڵدەبێتەوە. نابێت گرتنی رۆژنامەوانن کە راستی و لێپێجینەوەمان بە بیر دەهێننەوە، لەبیر بکەین و پشتگوێی. ئامارەکان دەریدەخەن کە گرتنی رۆژنامەوانان تەنیا لەو وڵاتانە نییە کە لە دەرەوەی سیستمی دیموکراسی دەجوڵێنەوە، لە سەرتاسەری جیهان بووەتە هەڵمەتێکی گشتی".

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٩٢ رۆژنامەوانی ژن لە زیندانن، کە ٥٧ کەسیان لەم ساڵدا رووبەڕووی گرتن و زیندانی کردن بوونەوە. هەروەها ئەوەشخراوەتەڕوو، کە بە پێی زانیارییەکان ئەو ژنانە تەنیا لە رێگەی گرتن و زیندانیکردنەوە مافەکانیان پێشێل ناکرێت، بەڵکوو لە هەمان کاتدا لەگەڵ راپێچکردنیان بۆ زیندان رووبەڕووی گێچەڵ، مامەڵەی جیاکارانە، رەگەزپەرستی دەبنەوە. ئەوەش تەنیا بە بێدەنگکردنی ژنان سنووردار نابێت، لە هەمان کاتدا پەیامێکە بۆ ژنان، ئەوان لە کاری رۆژنامەوانی دووردەخاتەوە. ئامارەکانی بەردەستمان نیشانی دەدات کە دۆخی کردنە ئامانجی ژنانی رۆژنامەوان و ئاستەنگەکانی بەردەمیان لە چ ئاستێکدایە".

هـ . ب