هونەرمەندێکی دیکەی رۆژهەڵات بەهۆی بەشداری لە مەراسیمی نەورۆز دەستگیرکرا
هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ دەستگیرکردنی رێکخەران و بەشداربووانی مەراسیمی نەورۆزی ئەمساڵ بەردەوامە و لەو چوارچێوەدا لە گێڵان غەرب هونەرمەند بەردین جەعفەری دەستگیرکرا.
هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ دەستگیرکردنی رێکخەران و بەشداربووانی مەراسیمی نەورۆزی ئەمساڵ بەردەوامە و لەو چوارچێوەدا لە گێڵان غەرب هونەرمەند بەردین جەعفەری دەستگیرکرا.
نەورۆزی ئەمساڵ سەرباری رێگری و گوشارەکانی هێزە ئەمنیەکان، بە دەیان هەزار کەس لە گیڵان غەربی سەر بە کرماشان مەراسیمی نەورۆزیان بەڕێوەبرد، لەو مەراسیمەدا هونەرمەند بەردین جەعفەری بە چەند گۆرانی و سرودی نیشتمانپەروەرانە بەشداری کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکانی کرماشان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هەمزە جەعفەری ناسراو بە بەردین و دەستگیریان کردووە.
بەردین جەعفەری پێشتریش چەند گۆرانیەکی تایبەت بە رۆژی جیهانی ژنان، رۆژی جیهانی زمانی زگماکی بڵاوکردبووەوە و لەکاتی بەرخودانی سەردەم لە عەفرینش بە گۆرانیەک پشتیوانی بۆ بەرخودان لەو شارە دەربڕیبوو.
لە دوای بەڕێوەچوونی مەراسیمەکانی نەورۆز لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان دەیان کەس لە رێکخەران و بەشداربوانی ئەو مەراسیمانە دەستگیرکراون، لە دوایین هەڵمەتی رەشبگیریشدا لە شاری سنۆ ١٤ کەس لەوانە هونەرمەندی گۆرانیبێژ هادی لاوە دەستگیرکرابوون.
هەر بەهۆی بەشداری لەو مەراسیمەوە تائێستا سەدان کەس لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون.
هـ . ب