خەڵکی کۆبانێ بۆ ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد رێپێوانیان ئەنجامدا

دانیشتوانی ناوچەی شێرانی کۆبانێ لەدژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێپێوانیان ئەنجامدا و رایانگەیاند کە تاوەکو ئازادی جەستەیی ئۆجالان بەدی نەیەت لە گۆڕەپانەکان دەبن و لەدژی داگیرکەری دەوەستنەوە.

بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، لە ناوچەی شێرانی کۆبانێ بەسەدان کەس کۆبونەوە.

چالاکی بە دروشمی 'بە رۆحی گەلی شۆڕشگێری، شۆڕشمان سەردەکەوێت و رێبەر ئاپۆ ئازاد بکەن' بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار و ژنانی گەنج ئەنجامدرا.

دوای رێپێوانەکە، میتینگ ئەنجامدرا و لەسەر ناوی ژنانی گەنج فاتیمە عوسمان قسەی کرد.

فاتیمە عوسمان سەرەتا ئاماژەی بە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد و رایگەیاند کە دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات، پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتی لەناوببات، بەڵام ناتوانێت.

هەروەها باسی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چەکی کیمیایی لە بەرامبەر گەریلا کرد و وتی، رایا گشتی جیهان لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و هێرشی کیمیایی کوێر، ڵاڵ و کەڕە.

فاتیمە عوسمان دەشڵێت، دەوڵەتی تورک گۆشەگیری ئیمڕالی قورستر کردووە و هەم لەدژی ئەم هێرشانە و هەم لەدژی بێدەنگی رای گشتی، تێکۆشانیان بەهێزتر دەکەن و ئازادی جەستەیی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد مسۆگەرتر دەکەن.

ف.ق