ئایا کەلوپەلە دیجیتاڵییەکانی رۆژنامەى ئۆزگیور گیوندەم لەلایەن پۆلیسی تورکەوە دزراون؟

دادگای تورک رایگەیاند، ئەو کەلوپەلە دیجیتاڵیانەى رۆژنامەى ئۆزگیور گیوندەم، کە لە کاتی هەڵکوتانە سەر رۆژنامەکەدا لەلایەن پۆلیسەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو، ون بوون و ئیدی ناتوانرێت بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێتەوە.

لیژنەی دادگا لە دۆسیەى رۆژنامەى ئۆزگیور گیوندەم دا رایگەیاند، کەلوپەلە دیجیتاڵییەکانی رۆژنامەکە، کە لە کاتی هەڵکوتانە سەر رۆژنامەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو، ون بوون، دادگاکەش بڕیاریدا، کەلوپەلە دیجیتاڵەکانی رۆژنامەکە نەدرێنەوە بە خاوەنەکەی.

لە لقی ٥ی دادگای ئەسڵیی ناوچەى چاغلایانی ئیستەنبول ٧هەمین دانیشتنی دادگا بۆ دۆسیەى ٢٢ رۆژنامەوان بەڕێوەچوو، کە لە ١٦ی ئابی ٢٠١٦دا پۆلیسی دەوڵەتى تورک هەڵیکوتایە سەر رۆژنامەى ئۆزگیور گیوندەم و دەستگیری کردن. ئەو رۆژنامەنووسانە بەبێ ئەوەى زیندانیکرابن، یان لە زینداندا بن لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دادگایی دەکرێن، بەڵام رۆژنامەنووسەکان ئامادەی دانیشتنەکەى دادگا نەبوون و پارێزەرەکانیان لە دانیشتنەکەى دادگادا ئامادە بوون.

پارێزەرەکان لە دانیشتنەکەدا دەستیان بە پاراستنکرد و داوایانکرد، کەلوپەلە دیجیتاڵەکانی موەکیلەکانیان و رۆژنامەکە بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە و کەموکوڕییەکانی دۆسیەکەش چاک بکرێن.

داواکاری گشتی لە دوای وەرگرتنی مافی قسەکردن، داوایکرد کەم و کوڕییەکانی دۆسیەکە چاک بکرێن.

لیژنەى دادگا لە دوای پشوویەک، رایگەیاند، کەلوپەلە دیجیتاڵییەکان، کە لە کاتی هەڵکوتانە سەر رۆژنامەکە و لەلایەن پۆلیسەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو، ون بوون و بڕیاریدا، ئیدی ئەو کەلوپەلە دیجیتاڵانە بۆ خاوەنەکانیان نەگەڕێندرێنەوە. دادگا بڕیاری ئەوەی دا، کە کەم و کوڕیی دۆسیەکان کەم بکرێنەوە و دانیشتنی داهاتوی دۆسیەکەشی دواخست بۆ ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ .

ئێستا لە دوای ئەو دانیشتننە پرسیاری ئەوە دروست دەبێت، ئایا کەلوپەلە دیجیتاڵەکان، کە پۆلیس دەستی بەسەردا گرتبوون، لەلایەن پۆلیسەوە دزراون؟ چونکە زۆر ئەستەمە کەلوپەلە دیجیتاڵەکان، کە دەستیان بەسەر داگیراوە "ون ببن".

ژ.ت