ئایا توركیاش گەمارو دەخاتە سەر روسیا یان رێڕەوێكە بۆ دەربازبوونی مۆسكۆ لەگەماروەكان؟

سه‌رباری گه‌مارۆكانی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆسه‌ر روسیا، به‌ڵام به‌شێكی به‌رچاو له‌سه‌رمایه‌دار و ئۆلیگارشه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ سه‌رمایه‌كانیان گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ توركیا و دوور نییه‌ گوشار بخرێته‌ سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ش بۆ ئه‌وه‌ی دژی مۆسكۆ هه‌نگاو بنێت.

لەو كاتەوەی كە روسیا هێرشی كردووەتە سەر ئۆكرانیا، روسیا رووبەڕووی گەماروەی هەرە قورس بووەتەوە لەلایەن رۆژئاواوە. لایكه‌م كەم ئۆلیگارشیەكان، برۆكراتەكان و بەهەزاران سەرمایەداری روسیا، توركیایان وەكو رێڕەوێك بۆ نیشته‌جێبوون، وەبەرهێنان و خستنه‌گه‌ڕی سەرمایەكانیان هەڵبژاردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیته‌رز، رۆژی دووشەممە، ٢٨ی ئادار، مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندووە؛ توركیا پێشوازی لەكەسانی ئۆلیگارشی، تەكنۆكەرات و برۆكرات و هاوڵاتیانی روسیا دەكات و ئەوان دەتوانن بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتیەكان لەتوركیا بازرگانی بكەن.

بەگوێرەی رویته‌رز، هۆكاری پێشوازیكردنی توركیا لەوەبەرهێنەرانی روسیا ئەوەیە كە ئابوری توركیا بەهۆی قەیرانی دراو  و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، تووشی داڕمان بووە؛ بەمشێوەیەش لەئاستێكی هەرە به‌رزدا توركیا پشتی بە گواستنه‌وه‌ی نەوت و گاز و بازرگانی و گه‌شتیاری بەستووە.

بەگوێرەی كارناسان، ژمارەیەك لەكۆمپانیا گەورەكانی توركیا زیاتر لە دە ملیار دۆلاریان لەروسیا هەیە و روسیا بۆ بەردەوام بوونیان لەكارەكانیان و بۆ دابینكردنی مووچەی كارمەندەكانیان بەقەبووڵكردنی مەترسی داڕمان، خستووەتە ژێر زەخت و گۆشارەوە.

هەربەگوێرەی زانیاریەكان، نزیكەی ١٤ هەزار روسی لەدەستپێكردنی شەڕی ئۆكرانیاوە دەربازی توركیا بوون. زۆرێك لەوانە بەهۆی بلۆكەبوونی كارتی متمانەی ئەمریكی و ئاڵۆزیەكان لەكاروباری بانكی، بڕێكی زۆر دراوی كاشیان لەگەڵ خۆیاندا دەربازی توركیا كردووە. راوێژكارانی كڕین و فرۆشتنی مۆڵك و ماڵ دەڵێن، زۆرێك لەروسەكان بۆ كڕینی ماڵ و مۆڵك دراوی كاش و دراوی ئه‌لكترۆنی بەكاردێنن.

شرۆڤەكارەكان دەڵێن؛ رۆژئاوا رەنگە گۆشار بخاتە سەر توركیا بۆ گەمارو خستە سەر روسیا. دەوڵەتە رۆژئاوایەكان دەستیان بەسەر سەرمایە ئۆلیگاریشیەكانی روسدا گرتووە. یەدەگی ئاڵۆگۆڕی روسیایان بلۆكە كردووە و لەسیستەمی بانكی"سوئیفت"خستووەتە دەرەوە. لەبەر ئەوەش رەنگە لەمڕووە توركیاش  ناچار بكەن هاوبەشی گەمارووەكانی سەر روسیا بكات.

هـ . ب