فیلمی "کاتێک شەتڵەکان گەشە دەکەن" لە کۆڵۆمبیا خەڵاتکرا

فیلمی "کاتێک شەتڵەکان گەشە دەکەن" لە دەیەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمەکانی مافی مرۆڤی کۆڵۆمبیا، خەڵاتی باشترین فیلمی درێژی نێونەتەوەیی وەرگرت.

ڤیستیڤاڵەکە لە ١٩ ی ئاب کۆتایی هات، فیلمەکان لە ١٠ شاری کۆڵۆمبیا نمایشکران و فیلمی ٣٠ وڵاتی لەخۆگرت. لە ڤیستیڤاڵەکەدا، ٨٠ فیلمی ناوخۆی و بیانی، درێژ و کورت لەنێو هەڵبژاردنێکی فەرمیدا جێگەیان گرت. بەرنامەی سەرەکی ڤیستیڤاڵەکە لە چوارچێوەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئاواکردنی بیرۆکەی ئاشتییدا خۆی دەبینییەوە.

فیلمی "کاتێک شەتڵەکان گەشە دەکەن" لە دەرهێنانی کۆمیونی فیلمی ڕۆژئاوا، پاش خەڵاتەکانی ئۆرۆگوای و ژاپۆن لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا، سێیەمین خەڵاتی باشترین فیلمی وەرگرت.

خەڵاتەکەی کۆڵۆمبیا پێشکەش کرا بە گەلانی ئازادیخواز و یەکسان و تێکۆشانی ئەو گەلانە.

فیلمی "کاتێک شەتڵەکان گەشە دەکەن" لە مانگی ئابدا، لە ڤیستیڤاڵی فیلمی " Perîferîas" لە پورتوگال، هەروەها لە ڤیستیڤاڵی " Vasteras" و "Nordîc" لە سوید، لەنێو هەڵبژاردنی فەرمیدا، نمایش دەکرێت.