فیلمی 'نامەکان لە شەنگالەوە' لە خانەسوور نمایشکرا

فیلمی 'نامەکان لە شەنگالەوە' کە باس لە هێرشی کۆمەڵکوژی بۆسەر شەنگال دەکات، لە ئەنجومەنی گەلی خانەسوور نمایش کرا.

فیلمی 'نامەکان لە شەنگالەوە'، کە لە لایەن کۆمپانیای نوژیانەوە بەرهەم هێنراوە و لەلایەن دێرسیم زێرەڤانەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، لە ئەنجومەنی گەلی خانەسوور بە ئامادەبوونی ئەندامانی دامودەزگاکان و ئەنجومەنی گەلی شەنگال نمایش کرا.

ئامادەکارییەکای فیلمەکە لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستیپێکرد. فیلمەکە هەم دراماتیکیە و هەم بەڵگەنامەییە. لە فیلمەکەدا ئێش و ئازارەکانی شەنگال، ئازایەتی شەڕڤانانی ئازادی و ئەو دایکانەی پڕاوپڕن لە هیوای سەرکەوتن، نیشان دەدرێت. فیلمەکە لە شەش بەش پێکدێت و لە هەر بەشێکدا نامەیەک نیشان دەدرێت.

لای خۆیەوە فلوز شەنگالی، ئەندامی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، لەبارەی فیلمەکەوە وتی: سەرەتا دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو ستافە دەکەم کە ڕۆڵیان لە دروستکردنی فیلمەکەدا هەبووە. بەڕاستی ھەموو ئەو ڕۆژانەمان بەبیر ھاتەوە، فیلمەکە زۆر بە باشی دروستکراوە. هەموومان بەو ئازارانەوە ژیاوین، بەڵام دایکان و ژنانی بەوشێوەیە چالاکیشمان ھەبوون. من بۆخۆم بە چاوی خۆم ئەو بوێری و ئازایەتییەم بینیوە. ھەرچەندە فەرمانێکی دژوار بوو، بەڵام بڕوای کۆمەڵگاکەمان بەھێز بوو. بە تایبەتی کاتێک گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بەھانامانەوە ھاتن تێگەیشتین ھەرگیز لەناو ناچین.

وتیشی: بەهۆی ئەوەی بوونە پشتیوانمان سڵاوی خۆمان ئاراستەی سەرجەم گەریلاکانی سەر چیا دەکەین و وەک ژنانی ئێزدی تێکۆشانی ئەوان بە پیرۆز دەبینین، چونکە ئەم تێکۆشانە دەبێتە بەڵگەیەک بۆ مێژوو.

ژ.ن