هەم میراتی کولتوری دەپارێزێت، هەم راهێنەری ئاواز و مۆسیقاشە

حامودێ عەلۆ کە ئامێر و کەلوپەلی کولتوری کوردی لەماڵەکەیدا کۆدەکاتەوە، لەلایەکەوە هەم خاوەنداری لە میراتی کولتوری گەلی کورد دەکات، لەلایەکی دیکەشەوەوە منداڵان فێری ژەنین و گۆرانی دەکات.

حامودێ عەلۆ لە گوندی کورزەلێی ناوچەی شێراوای ءەفرین لەدایکبووە، بەهۆی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکەوە ئێستا لە شەهبا دەژی. ماوەی چەندین ساڵ ئامێر و کەلوپەلی کۆن و مێژوویی کولتوری کوردی کۆدەکاتەوە. ئەگەرچی بەهۆی داگیرکەرییەوە ناچاربوو، رەنجی چەندین ساڵەی خۆی بەجێ بهێڵێت، بەڵام لە شەهبا دووبارە دەستی بە کۆکردنەوەی ئەو ئامێر و کەلوپەلانە کردووەتەوە.

حامودێ عەلۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات باسی لەوەکرد، کە ئەو لە باوکیەوە فێری خاوەنداری لە کولتوری کوردی بووە و وتی، "باوکم جوتیار بوو. دڵسۆزی خاکەکەی بوو، لەگەڵ خاکەکەیدا ئاوێتە ببوو. مرۆڤێک بوو کە دڵسۆزی کولتورەکەی بوو. بەردەوام ئامێر و کەلوپەلی کولتوری کۆدەکردەوە و دەیپاراستن بۆ ئەوەی ئەو هێمایانە لەبیرنەکرێن و بۆ منداڵەکانی باس دەکرد کە ئەوانە بە کەڵکی چی دێت و بە چ واتایەکن".

هەموو ئەو میراتە لە عەفرین بەجێما

حامودێ عەلۆ ئەوەی خستەڕوو، کە ماڵەکەی لە عفرین پڕ بوو لە هێماکانی کولتوری کورد و وتی، "میراتێکی گەورەی کولتوریمان هەبوو، هەموو لەوێ بەجێما.  چەتەکان دەستیان بە سەر ماڵ و گوندەکەماندا گرت. کاتمان نەبوو کە میراتە کولتوریەکەمان رزگار بکەین. ئەو میراتە کولتوریەی لە گەورەکانمانەوە بۆمان مابووەوە لەلایەن چەتەکانەوە تاڵان کرا، سکێندرا و سوتێندرا. ئامانجیان لەناوبردنی کولتوری ئێمەبوو، بەڵام ئەمرۆ لە شەهبا دیواری ماڵەکەم بە ئامێر وکەلوپەلە کولتوریەکان رازاندووەتەوە".

منداڵان پەروەردە دەکات

حامودێ عەلۆ کە لە ناو هەلومەرجی دژواردا درێژە بە پارێزگاری لە کولتوری کوردی دەدات، لە منداڵیەوە دەستی بە گۆرانی و ژەنینی ئامێری ساز کرد و ماوەی ٣٨ ساڵە لەو بوارەدا بەردەوامە و لە ساڵی ١٩٩٠یشەوە فێری ژەنینی ئۆرگ بووە و لە زۆر ئاهەنگدا گۆرانی وتووە.

ئێستاس لە شەهبا منداڵان فێری ژەنینی ساز و وتنی گۆرانی دەکات و ئەندامی تەڤ- چاندە. لەوبارەوە حامودێ عەلۆ باس لەوەدەکات کە دەیەوێت منداڵان لە سەر ریشەی خۆیان گەورە بن، ئەو منداڵانەی کولتوری خۆیان نەناسن ناتوانن خۆیان بناسن. "هەربۆیەش ئەو شتانەی لە گەورەکانمانەوە فێر بووم، بۆ نەوەی تازەی دەگوازمەوە. لەم هەلومەرجەدا فێری ساز و گۆرانی وتنیان دەکەن و پەیوەندی منداڵان و هونەر بەهێز دەکەم".

هـ . ب