لە وان سیمپۆزیۆمی زمانی کوردی دەستی پێ کرد

بە پێشەنگایەتی لقی وانی ئەیتەم سەن، یەکەمین سیمپۆزیۆمی زمانی کوردی دەستی پێ کرد.

سیمپۆزیۆمی زمانی کوردی

بە پێشەنگایەتی لقی وانی سەندیکای کرێکارانی پەروەردە و زانست (ئەیتەم سەن) و بە هاوکاری وەقفی میزۆپۆتامیا و کۆمیسیۆنی زمانی نووسینگەی پارێزەرانی وان لەسەر "سیاسەت، پلانسازی، پەروەردە و ستاتۆی یاسایی" یەکەمین سیمپۆزیۆمی زمانی کوردی دەستی پێ کرد و ٢ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. بەشێکی زۆر لە ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان و هاوسەرۆکانی شارەوانی وان نەزلیهان شەدال و عەبدوڵا زەیدان و هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەکان و چەندین کەسی تر بەشداربوون.

پاش وتەی دەسپێک، دانیشتنێک بە ناونیشانی سیاسەت و زمانی بەڕێوەچوو، مەزڵوم کانیوا وەک بەڕێوەبەری دانیشتن، لێکۆڵەر د. نادرە گونتاش و زمانناس سامی تان و ئەکادیمیسیان د. میکایل بولبول وەک قسەکەر بەشداربوون.

سەرەتا بەڕێوەبەری لقی وانی ئەیتەم سەن، لوقمان بابات تیشکی خستەسەر دۆزی کۆبانێ و بڕیارەکەی شەرمەزارکرد، ڕایگەیاند ساڵانێکە گەلی کورد لەپێناو زمانەکەی تێدەکۆشێت و بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و پەروەردە درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

هەروەها لە لیژنەی ئامادەکار ساڵەح هێزل ڕایگەیاند هەوڵدەدەن بە دیدگای بەرفراوان ئەم بەرنامەیە دەوڵەمەند بکەن، دووپاتی کردەوە پێویستە هەموو کاتێک زمانی کوردی ڕۆژەڤی سەرەکیمان بێت چونکە زمانی ئایندەی گەلەکەمانە.

نووسەر ئیبراهیم سونگور ڕایگەیاند ئەو جڤاکەی بە زمانی خۆی نەدوێت، ناتوانێت سەربەخۆیی بەدەست بخات، دەبێت جڤاک خاوەنداری لە زمانەکەی بکات، زمانی دایک ببێتە زمانی سیاسەت.

پاشان دانیشتنی یەکەم دەستی پێ کرد، سەرەتا زمانناس سامی تان دەربارەی "خەباتی ژیاندنەوەی زمانی و ڕەوشی زمانی کوردی قسەی کرد" و ڕایگەیاند نەمانی زمانێک گرێدراوە بە سیاسەتی قڕکردنی زمانەوانییەوە و گوتی: "چارەنووسی زمانەکەمان لەدەستی خۆماندایە".

میکایل بولبول لەسەر "خەباتی بەستانداردکردنی کوردی کورمانجی" قسەی کرد و ڕایگەیاند ڕەوشی وڵاتەکەمان گرێدراوە بە ڕەوشی زمانەکەمانەوە.

دواتر لێکۆڵەر نادرە گونتاش ئاڵداتماز بە کورمانجکی دەربارەی "خەبات بۆ بەستانداردکردنی کورمانجکی" قسەی کرد و ڕایگەیاند قوتابخانە و ناوەندەکانی پەروەردەکردن بۆ ستانداردکردنی زمان پێویستن، ئاماژەی بەوە کرد زازاکی لەم دەرفەتانە بێبەشە، هاوکات تیشکی خستەسەر گرنگی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان لە پرۆسەی بەستانداردکردنی زماندا، دووبارە ئاماژەی بەوە کرد زازاکی ئەم دەرفەتەشی لەبەردەست نییە.

سیمپۆزیۆمەکە ٢ ڕۆژ بە گفتوگۆ و دانیشتنی جیاواز بەردەوام دەبێت.