هونەرمەندان داوا دەکەن چالاکییەکانی ئۆرکێسترای کەرکوک فراوانتر بێت

لە کۆنسێرتێکی هونەری گەورەدا، دروستبوونی یەکەم گروپێکی ئۆرکێسترای کەرکوک ڕاگەیاندرا و هونەرمەندانیش داوا دەکەن کار و چالاکییەکانی ئۆرکێستراکە فراوانتر بکرێت.

ئێوارەی دوێنێ لەسەنتەری رۆشنبیری کەرکوک، بە بەشداری زیاتر لە ٤٠ ژەنیار و هونەرمەندی شاری کەرکوک، گەورەترین کۆنسێرتی هونەری (چەمبەر ئۆکسترای کەرکوک) لەژێر ناونیشانی "ئاوێنەیەک بۆ ڕوخسارە جیاوازەکان" بەڕیوەچوو.

بە ئامادەبوونی سەدان هونەرمەند، رۆشنبیر، نوێنەری سەندیکا، ناوەندە ڕۆشنبیری و هونەرییەکان، نوێنەری لایەنە سیاسیەکان، کەسایەتی و هاوڵاتیانی شارەکە، لەکاتی بەڕێوەچوونی یەکێک لە گەورەترین کۆنسێرتەکانی کەرکوک، دروستبوونی یەکەم ئۆرکێسترا بەناوی "چەمبەر ئۆرکێسترای کەرکوک" ڕاگەیاندرا.

هونەرمەندانی شاری کەرکوک خۆشحاڵی خۆیان لەبارەی دروستبوونی ئەو ئۆرکێسترایە دەربڕی، کە بڕیارە خزمەت بە هونەری فۆلکلۆری کوردی لە شارەکە بکات.

'دروست بوونی ئەم ئۆرکێسترایە زۆر گرنگە بۆ کەرکوک'

نەژاد نەجم، کە هونەرمەندێکی شانۆکاری دیاری شاری کەرکوک و باشووری کوردستانە، سەبارەت بە دروستکردنی یەکەم گروپی ئۆرکێسترا لە شاری کەرکوک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند، "ئەمرۆ رۆژی لەدایکبوونی بوونی 'چەمبەر ئۆرکێسترای کەرکوک'ـە و ئەوەش زۆر گرنگە بۆ شاری کەرکوک، چونکە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گروپی ئۆرکێسترای تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام بەداخەوە نازانم بە چ هۆکارێک شاری کەرکوک لە ساڵانی ڕابردوو ئەم گروپە ئۆرکێسترایەی نەبوو".

ئەو هونەرمەندی شانۆکارە وتیشی: "دروستبوونی ئۆرکێسترایەکی تایبەت بە شاری کەرکوک جێگەی خۆشحاڵیە و ئەمرۆ چێژمان بینی لە مۆسیقا، گۆرانی و ئاوازە کوردییەکان، چونکە دەستیان بۆ بابەتی فۆلکلۆری کوردی، مەقامات و ئائایی بردبوو، هیوادارم بەردەوام بن و کاری گەورەتر بکەن".

'چالاکییە هونەرییەکانمان بگوازینەوە بۆ شارەکانی دیکەش'

لیزا، کە کچێکی تەمەن ١٤ ساڵە و وەک بچووکترین ژەنیار لە "چەمبەر ئۆرکێسترای کەرکوک" ئامیری کەمانچە دەژەنێت، سەبارەت بە ئۆرکێستراکە وتی: "من بچووکترین ئەندامی ئۆرکێسترام، ئەمرۆ بە ئامێری کەمانچە بەشداریم لەم کۆنسێرتە کردووە و جاری یەکەمە بەشداری کۆنسێرت بکەم و زۆر هەستێکی خۆشم هەیە، هیوادارم لە ئەنجامدانی کۆنسێرتی دیکە بەردەوام بین و چالاکییە هونەرییەکانمان فراونتر بکەین، نە تەنیا لە شاری کەرکوک، بەڵکو ئەم کۆنسێرتا بگوازینەوە بۆ شارەکانی دیکەش".

'گروپێکی ئەکادیمین'

عەبدوڵا میروەیس، کە بەرپرسی ڕێکخراوێکە لە شاری کەرکوک و سپۆنسەری چالاکییەکەیان کردووە، سەبارەت بە گرنگیدان بە هونەرمەندان و گروپە هونەرییەکانی کەرکوک بەتایبەتیش چەمبەر ئۆرکێسترای کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "ئێمە بە بەردەوامی پشتگیری هونەرمەندانمان کردووە، وە ئەم گروپە 'چەمبەر ئۆرکێسترای کەرکوک' گروپێکی زۆر جوان و ئەکادیمین بۆیە ئێمە لە شاری کەرکوکدا زۆر گرنگیان پێ دەدەین و هاوکاری هونەرمەندان و گەنجان دەبین".

ەپێناو خزمەتکردنی کەرکوک، برەوە بەکارەکانیان بدەن'

هەروەها عەبدوڵا میروەیس بەپێویستی زانی ئەم گروپە لەپێناو خزمەتکردنی شاری کەرکوک، برەو بەکارەکانیان بدەن و وتی: "چەمبەر ئۆرکێسترای کەرکوک پێویستیان بەهاوکاری و پاڵپشتی هەیە تا بتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن، لەبەر ئەوەی 'چەمبەر ئۆرکێسترای کەرکوک' گروپێکی ئەکادیمین بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە پشتیوانی ئەم گروپانە بکەین تا زیاتر برەوە بەکارەکانیان بدەن لە پێناو خزمەتکردنی شاری کەرکوکدا".

ژ.ن